کەژەکە و پاژک: با لە دەوری شۆڕشی ڕۆژئاوا یەکگرتوو بین

کەژەکە و پاژک لە دژی هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەنەدراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "لەشکرکێشی بۆ سەر ڕۆژئاوا لەشکرکێشی بۆ سەر شەرەف و ئازادی و ئایندەمانە، با لە دەوری شۆڕشی ڕۆژئاوا یەکگرتوو بین.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە و پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان-پاژک لە بارەی لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "خواستی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکەدا ئاشکرایە. ئەم هەموو هێرشە سەختە بۆ سەر منبج و دەسپێکردنی پیلانی داگیرکردنی ڕۆژئاوا، ڕێکەوت نییە. پیلانی داگیرکردنی منبج، پیلانی داگیرکردنی ڕۆژئاوایە. پیلانی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی ژنان و گەلانە کە بە قوربانیدانی مەزن بەدەستهاتوون".

 

ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە و پاژک بەمشێوەیەیە:

“لە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک و چەتەکانی داعش بە دەمامکی سوپای نەتەوەیی سووریا دژی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەت تەل ڕەفعەت و شەهبا و منبج و عەین عیسا و کۆبانێ، ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل و شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە شەهید و بریندار دەبن. لە کەسێتی ئەو سێ ژنەی لە بەڕێوەبەرایەتی بزووتنەوەی ژنانی زنوبیا کە بەم دواییە لە منبج شەهیدبوون و شەهیدانمان لە نەخۆشخانەی منبج، شەهیدانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە بەبیر دەهێنینەوە و دووپاتی دەکەینەوە لەسەر بناغەی دڵسۆزی بۆ یادەوەرییەکانیان تێکۆشانمان مەزن دەکەین. ئەم هەموو هێرش و شەهیدبوونانە ڕوودەدەن، ئەرکی شکاندنی ئەم هێرشانەی کە دوژمنایەتیی یەکێتی ژیانی ئازادیی گەلانی کورد و عەرەب و ژنانە، پەیوەستبوونی زیاتر بە شۆڕشەوە دەسەپێنێت. وەڵامدانەوە بە ڕۆحی سەفەربەری دژی ئەم هێرشە نامرۆڤانە و دڕندانە، ئەرکی مرۆڤایەتییە.

 

شۆڕشی گەل و ژنانی ڕۆژئاوا کە ١٣ ساڵی خۆی جێهێشتووە، بە پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ژێر هەڕەشەی جدیدایە. لە ئەنجامی پێشڕەوییەکانی هەتەشە بەرەو دیمەشق، ڕەوشێکی نوێ بۆ هەرێمەکە سەریهەڵدا. دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە هاوپەیمانی هەموو جۆرە ڕێکخراوە چەتەکان و بەتایبەت داعشە، ئەم ڕەوشەی قۆستەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا بردە ئاستێکی نوێ.

 

ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا گەلانی کورد و عەرەب و ئەرمەنی و چەرکەز و تورکمان لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خۆیان لەنێو هەلومەرجی یەکسان و ئازاددا دەژین. ئەو ئاستە ژیانەی لە ڕۆژئاوا پێشکەوتووە، لە پێشەنگایەتی ژناندا بە قوربانیدانی مەزن ئافرێندراوە. ئەم شۆڕشەی بە هەزاران شەهید و بریندار پێشکەوتووە، هاوکات شۆڕشی ژنانە. بۆیە ڕۆژئاوا نەوەک هەر بۆ ژنانی هەرێمەکە بۆ هەموو ژنانی جیهان سەرچاوەی ئیلهامە.

 

دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ڕۆژی یەکەمی شۆڕشی ڕۆژئاواوە هەرگیز ئەم سیستەم و ئیرادەی ژیانی ئازادەی لەسەر خاکی ڕۆژئاوا پێشکەوت، قبووڵ نەکردووە. لە ساڵی ٢٠١٤ لەڕێگەی داعشەوە هێرشی کردە سەر دەسکەوتەکانی ژنان و گەلان و بە داگیرکردنی خاکە ئازادەکان ویستی کۆنسێپتی قڕکردن بە ئەنجام بگەیەنێت. داگیرکردنی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی درێژەپێدەری ئەم ئامانجە، لەم هێرشە داگیرکارییانەدا هەزاران کەس شەهیدبوون، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی هەموو هێرشێک بوونەوە و بەمەش ویستیان دیمۆگرافیای هەرێمەکە بگۆڕن.

 

تاکە پیلانی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە قڕکردنی کوردانە

ئەم سیاسەتی داگیرکاریی و هەژموونخوازییەی دەوڵەتی تورک لەلای هەمووان زانراوە. دەوڵەتی تورک بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پیلانانە، کە بەحیساب گفتوگۆی ئاشتیی و چارەسەر دەهێنێتە پێشەوە، ئۆپەراسیۆنی ئایدۆلۆژی لەسەر کۆمەڵگە جێبەجی دەکات و هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان فریودەدات.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە جارێکی تر ئەم تاکتیکی شەڕی تایبەتە بەکاردەهێنێتەوە، لە ماوەیەکی کورتدا ئەم تاکتیکی شەڕی تایبەتە بە هێرشە داگیرکاریی و قڕکارییەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا بوو. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە جارێکی دیکە ئاشکرای کرد کە تاکە پیلانی ئەو قڕکردنی کوردە.

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەمڕۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەقۆزێتەوە و دەیەوێت پیلانی قڕکردنی نیوە ناچڵی خۆی جێبەجێ بکات. دەوڵەتی فاشیستی تورک چەند ڕۆژێکە لەگەڵ پاشماوەکانی داعش هێرش دەکاتە سەر منبج و لەو هێرشانەدا خەڵکی سڤیل کۆمەڵکوژ دەکات و ژن و منداڵیش دەکوژێت. لەم هێرشانەدا دیمەنی کوشتنی زیندانییەکان، بە زیندووی سووتاندن، سەر بڕین، کەسانێک کە لە نەخۆشخانە گولـلەباران دەکرێن، لە چاپەمەنیدا دەبینرێت. بەتایبەت سەربڕینی ژنان لە بەرچاوی خەڵک، ئەوە نیشان دەدات کە دەیانەوێت لە سەدەی ٢١ـدا شەپۆلێکی نوێی قڕکردنی ژنان دەست پێ بکەن.

 

پیلانی داگیرکردنی منبج، پیلانی داگیرکردنی ڕۆژئاوا

خواستی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکەدا ئاشکرایە. ئەم هەموو هێرشە سەختە بۆ سەر منبج و دەسپێکردنی پیلانی داگیرکردنی ڕۆژئاوا، ڕێکەوت نییە. پیلانی داگیرکردنی منبج، پیلانی داگیرکردنی ڕۆژئاوایە. پیلانی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی ژنان و گەلانە کە بە قوربانیدانی مەزن بەدەستهاتوون. زانراوە ئەگەر دەوڵەتی فاشیستی تورک پیلانی داگیرکردنی منبج بباتەسەر، سەرەتا ڕوو لە کۆبانێ دەکات. هێرشەکانی سەر کۆبانێ لە ئێستاوە بە سەختییەکی دیاریکراو بەردەوامن. پێویستە هەمووان بزانن کە کۆبانێ واتا شۆڕشی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژنان.

 

تا ئێستاش هەزاران چەتەی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیندانی کراون. بەم هێرشانە ڕەوشی ئەو زیندانانەی کە ئەم چەتە بکوژانەی تێدا ڕاگیراوە لە مەترسیدا دەبێت و هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعشیش لە هەموو لایەکەوە زیاتر دەبێت. ئەم ڕەوشە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش پەیوەندیدار دەکات، کە دەڵێن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپرسیاربن لە ئەگەری ئەم ڕەوشە کارەساتبارە. ئەم هێزانە دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.

بانگەواز لە تەواوی گەلەکەمان دەکەین بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە پشتگیری بکەن

 

لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر تەلڕەفعەت و شەهبا سەدان هەزار کەس کۆچیان کرد بۆ هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هەلومەرجی زستان و هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و سەختییەکانی کۆچکردن بە سەختترین شێوە ئەزموون دەکرێن. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و گەلی ڕۆژئاوامان بە دەرفەتی سنووردارەوە هاوکاری کۆچبەران دەکەن. هێرشەکانی ئەم دواییە ئەم سەختییەی زیاتر کردووە و دەرفەتەکانی کەمکردووەتەوە. هێرشی فاشیستیش لەم ڕووەوە ئاستەنگی دروست دەکات. لەم ڕووەوە داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە پشتگیری بکەن.

 

با ئەوە بزانرێت کە ئێمە وەک ژن و گەلی کورد لە بەرزترین ئاستدا لە دژی هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. بانگەوازیی سەفەربەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا تەنها بۆ ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان و تاراوگەیە. وەک ژنان و گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، پێویستە بە “ڕۆحی کۆبانێ” هەموو ڕۆژێک بکەینە ڕۆژی بەرخۆدان. لەمەودوا نابێت کەس بەرامبەر ئەم پرۆسەیە بێدەنگ بێت و هەموو کەسێک لە تەمەنی ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ هەموو تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا سەفەربەر بکات. پێویستە هەمووان، دۆست و دوژمن، بزانن کە هەموو جەنگاوەرێکی پاژک بەشێوەیەکی فیداکارانە دژی ئەم هێرشی داگیرکاریی و قڕکردنانە دەوەستێتەوە. هەموو ژنێکی کورد لە هەر شوێنێک بێت دەنگی دەخاتە پاڵ دەنگی ڕۆژئاوا.

 

بێدەنگی بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکان، هاوبەشییە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی

بێدەنگی لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی و گۆڕانی دیمۆگرافی و داگیرکاری لە ڕۆژئاوا واتای هاوبەشییە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی. لەسەر ئەم بناغەیە پێش هەموو شتێک بانگەواز لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین بە ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان هەستن. پێویستە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان بواری ئاسمانی خۆیان بە ڕووی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا دابخەن و سزای بدەن. ئەردۆغانی فاشیست وەک تاوانبارێکی جەنگ دادگایی بکرێت.

 

ئێمە وەک ژن و گەلی کورد بە قۆناغی مان و نەماندا تێدەپەڕین. پێویستە بە ڕۆحی بەرخۆدانی نەتەوەیی وەڵامی ئەم قۆناغە بدەینەوە. ژن و کورد چیتر خۆیان مێژووی خۆیان دەنووسنەوە. ئەم مێژووە دەبێتە مێژووی ئەو کوردە ئازادەی کە تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە دەکات. بۆ ئەمەش پێویستە هەموو گەلەکەمان و بەتایبەت ژنان بە ڕۆحێکی بەرخۆدانی مەزنەوە هەڵوێست وەربگرن و خاوەنداریی لە ڕۆژئاوا بکەن. نابێت لەبیرمان بچێت؛ ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە! خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا خاوەندارێتییە لە شکۆ و ئازادیی و داهاتوومان.

 

بانگەواز لە هەموو بزووتنەوەکانی ژنانی جیهان و دۆستە ئەنتەرناسیۆنالسیتەکانمان دەکەین: “شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادیی بۆ هەموو ژنانی جیهان بووەتە هیوا، نەوەک هەر بۆ ژنانی هەرێمەکە، بەڵکو بووەتە ڕێبەری هەموو ژنانی جیهان. لەم هێرشانەدا کە دەوڵەتی فاشیستی تورک لەڕێگەی چەتە پاشماوەکانی داعشەوە، بەشێوەیەکی دڕندانە ژنان دەکوژێت، ڕێبازێکی ئەنقەست و ئامانجدارە. دەیانەوێت دیسانەوە دەسکەوتەکانی ژنان لە جیهانی تاریکی خۆیاندا بەبارمتە بگرن. بەڵام ئێمەی ژنان هەرگیز ڕێگە بەمە نادەین. بۆیە بۆ هەموو ژنانی تێکۆشەری ئازادیی دەڵێین:

 

ئێمە ڕێگە نادەین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوشێوەی قڕکردنی ژنانی ئێزدی، قڕکردنێکی دیکە لەسەر ژنان جێبەجێ بکرێت!

خاوەنداری لە شۆڕشی ژنان و سیستەمی ژنانی ئازادیی ژنانی کورد و عەرەب و سووریانی و ئەرمەنی و تورکمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین!

لە دەوری شۆڕشی ڕۆژئاوا یەکدەگرین!

ڕۆژئاوا شۆڕشی هەموومانە، خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوامان دەکەین!”.