شەڕو کارەساتەکانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی نیو ملیۆن یەمەنی

 لە کاتێکدا ئەو شەڕەی کە ساڵانێکە لە یەمەن ڕوودەدات، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، لافاو و گۆڕانی کەشوهەواش ئازاری خەڵکی ئەو وڵاتەی زیاتر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢ی تشرینی یەکەم، سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNFPA" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ٦٩هەزار و ٩٣٥ خێزان کە نوێنەرایەتی نزیکەی ٤٨٩ هەزار و ٥٤٥ کەس دەکەن، بەهۆی شەڕ و قەیرانەکانی سەرهەڵدانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە ماوەی مانگی یەک تا ئەیلوولی ٢٠٢٤ ئاوارەبوون.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ٩٣.٨٪ی ئەوانەی لەم ماوەیەدا بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی قەیرانی کەشوهەوا و کارەساتەکانەوە لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون، بەو پێیەی لافاوەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی ٦٥ هەزار و ٦٢١ خێزان کە لە ٤٥٩ هەزار و ٣٤٧ کەس پێکهاتبوون، هاوکات شەڕ هۆکاری ئاوارەبوونەکە بووە لە تەنها ٦.٢٪ی حاڵەتەکان، واتە چوار هەزارو٣١٤ خێزان کە ٣٠ هەزارو ١٩٨ کەس بوون.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری میکانیزمی وەڵامدانەوەی خێرا "RRM" بە سەرۆکایەتی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە جێبەجێکارەکان، بەو پێیەی توانی فریاگوزاری بەپەلە بۆ ٦٠ هەزارو ٤٩٣ خێزان کە ٤٢٣ هەزارو ٤٥١ کەسن لەو ماوەیەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، دابین بکات ، و ئەمەش ٨٦.٥٪ی کۆی تۆمارکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بۆ دەستڕاگەیشتن پێکدەهێنێت بۆ یارمەتیدانی ٢٠ پارێزگاری کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە شەڕەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، ٢٢٪ی ئەو خێزانانەی کە ژنان سەرۆکایەتیان دەکەن، ١٠٪ی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، و ٢١٪ی کەسانی تەمەن گەورەن.

 

ئەو یارمەتییانەی بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشکراون بریتی بوون لە پاڵپشتی نەختینەیی فرە مەبەست "MPCA"، هاوکاری خۆراکی گشتی یەکجارەکی، هەروەها دابینکردنی شوێنی حەوانەوەی بەپەلە، لە کاتێکدا قەیرانەکان بەردەوامن و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس هەیە و دۆخی ئێستا پێویستی بە بەپەلە هەیە و وەڵامدانەوەی هەماهەنگ بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی هاوکاری بۆ قەیران و ڕزگارکردنی ژیانی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.