ئامینە شەنیاشار، داوای ئازادکردنی کوڕە دەستبەسەرکراوەکەی دەکات

لە بەردەم وەزارەتی دادی تورکیا ئامینە شەنیاشار ناڕەزایەتی دەربڕی، هەروەها  داوای ئازادکردنی کوڕە دەستبەسەرکراوەکەی کرد.

ئەنقەرە

 

ماوەی ٥٢ ڕۆژە کوڕەکەی ئامینە شەنیاشار دەستبەسەرە، هەر بۆیە ئەمڕۆ ئامینە لە بەردەم وەزارەتی داد لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، درێژە بە ناڕەزایەتی خۆیدا و داوای دادپەروەری کرد.

 

ئامینە شەنیاشار لە پەرلەمان لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی بە کورسییەکی گەڕۆکەوە هاتنە وەزارەتی داد و تابلۆیەکی هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو 'دادپەروەری'، داوای ئازادکردنی فادل شەنیاشاری کوڕی کرد.

 

ئامینە شەنیاشار، لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ وە دەستی بە ناڕەزایەتی خۆی کردووە، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی و دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی عادل و جەلال شەنیاشار، لە ١٤ی  حوزەیرانی ٢٠١٨ لەلایەن پاسەوان و کەسوکاری پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان ئیبراهیم خەلیل یەڵدزەوە کوژران، لەکاتێکدا کوڕەکەی فەرید شەنیاشار ڕزگاری بوو لە کۆمەڵکوژییەکەو تەنها بریندار بوو بەڵام دواتر ئەویش دەستبەسەر کرا.

 

ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٣، ئامینە شەنیاشار و جێگری پارتی چەپی سەوز لە شاری ڕەحا، ناڕەزایەتی خۆیان بۆ داوای دادپەروەری بۆ ئەو بنەماڵەیە دەربڕی، لە شاری ڕەحا بەرەو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و بۆ وەزارەتی داد بەڕێکەوتن، بەڵام ڕێگری لە بنەماڵەی شەنیاشار کرا، ڕێگەی پێنەدرا بچنە ناو بینای وەزارەتەکە.

 

ئامینە شەنیاشار پێشتر ڕایگەیاندبوو دادگاییکردنی کوڕەکەی لە ١٨ی تەمووز بەڕێوەدەچێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر کوڕەکەی ئازاد نەکرێت، ناڕەزایەتییەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەنقەرە.