حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە برۆکسل کۆبوونەوە
بە پێی هەواڵێکی وەرگیراو لە ئاژانسی هەواڵی "ANF" ، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا، نوێنەرانی حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و داهاتووی گەلی کورد.
ناوەندی هەواڵ
لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا، نوێنەرانی حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەسەر داوای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و داهاتووی گەلی کورد.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە لێدوانێکی گرنگدا جەختی کردەوە لەسەر پێویستی یەکڕیزی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان و وتی: پێویستە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان وەلا بنێین و چاو لە چارەنووسی گەلەکەمان بکەین.
ئاماژەی بەوەشدا کە ناوچەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا دێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کوردان لەڕێگەی یەکڕیزییەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، لە سووریای داهاتوودا دەبێت کورد قسەی هەبێت.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەنجامی کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە کوردان بە شێوەیەکی یەکگرتوو خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەر گۆڕانکارییەکی داهاتوو، بەتایبەت لەو حاڵەتەی کە شاندێک بە ناوی کوردەوە بچێتە شام.
کۆبوونەوەکە بە گرنگی تەواوی لایەنەکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا و دیاریکردنی ڕۆڵی کورد لە داهاتووی سووریا کۆتایی هات.
کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و دوای کۆبوونەوەکە ئەنجامنامەیەک بڵاوکرایەوە:
لە بڕگەی یەکەمدا پاراستنی سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک ناوچەیەکی فرە نەتەوەیی، دیموکراتیک و عەلمانی کە تیایدا هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان بەشداری دەکەن.
لە بڕگەی دوەمدا ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، بە تایبەت گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ناوچەکان، و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاکە ناوچەیە کە ئازادی و دیموکراسی تیادا بەرقەرارە، بەرامبەر بە ناوچەکانی تری سوریا کە ژێر کۆنترۆڵی هێزە توندڕەوەکانن.
لە بڕگەی سێیەمدا، بەیاننامەکە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنێت و بڕیار دراوە ئەم پەروەندەیە بخرێتە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان.
لە بڕگەی چوارەمدا، باس لە قۆناغێکی نوێی سیاسی لە سوریا دەکرێت کە تیایدا ڕژێمی بەعس شکستی هێناوە و ئیدارەیەکی نوێ لە دیمەشق دادەمەزرێت. لەم بەستێنەدا، ئەنجامەکان جەخت دەکاتەوە کە کورد وەک نەتەوەیەکی کۆنی ئەو خاکە دەبێت لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێدا بەشداربن. هەروەها داوا لە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان دەکات شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق دانوستان بکەن.
بڕگەی پێنجەم پەیامێکی نیشتمانی و یەکگرتووانەی هەیە، کە تیایدا جەخت دەکرێتەوە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاراستنی کوردستانە، بانگەوازێکی گشتگیر ئاراستەی هەموو هێز و لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستان دەکرێت بۆ پشتیوانیکردن لەم ئیدارەیە و وەستاندنی هێرشەکان.
بەگشتی دەرەنجامی کۆبوونەوەکە هەوڵدەدات پارادایمێکی نوێ بۆ مانەوە، بەرگری و داهاتووی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دابڕێژێت کە تیایدا یاسا نێودەوڵەتییەکان، دانوستانی سیاسی و یەکڕیزی نیشتمانی گرنگترین ستراتیژین.