زیان لێکەوتووان لە کەرتی غەززە ١١٨ هەزار كەسی تێپەڕاند

لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٢٢٤ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨١ هەزار ٧٧٧ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە، لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٦ هەزار و ٢٢٤ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨١ هەزار و ٧٧٧ كەس.

 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢٣٧ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرت غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.