ژنانی ئێزدی: تا کۆتایی بەدوای دۆزی خۆماندا دەڕۆین

ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، یادی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییەیان کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە ناوەندی شاری موسڵ بە زیندووی سووتێندران و ڕایانگەیاند، تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان دەکەن.

موسڵ

 

دوێنێ بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و بە بەشداری دەیان ژنی عێراقی، یادی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە زیندووی سووتێندران لە موسڵ، بەرز ڕاگیرا.

 

"بۆچی بکوژی ئێزدییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت"

نەیم خەلەف ئەندامی تاژێ ڕایگەیاند، لە کاتی فەرمانەکەدا ١٩ ژنی ئێزیدی لە ناوەندی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە سووتێندراون، وتیشی: ئەوەی تیایدا ژیاوین کارێکی قورس بوو، بەڵام هیچ کام لە لایەنە بەرپرسەکان لە خەمی ئەو کارەسات و ژیانەدا نین کە ئێمە تیایدا دەژین، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک بێدەنگ نابین، تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ کەیس و مافەکانمان دەکەین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ ئەو ئێزدییە بە ناوی زیرۆ قیتۆ بۆچی لەسێدارەدرا، بەڵام هیچ لەسەر داعش ناکرێ کە ١٩ ژنی ئێزدییان سووتاند، بۆچی ئەو کەسانەی کوشتن، فرۆشتن، دەستدرێژی و سووتاندن دەکەن دادگایی نەکراون و لە سێدارە نەدراون، بەڵام ئێزیدییەکان کە دژی داعش شەڕ دەکەن لە سێدارە دەدرێن.

 

"هێشتا زۆرێک لە ژنانی ئێزدی دەفرۆشرێن"

ولات کانۆ، ئەندامی تاژێ ڕایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزاندا ١٩ ژنی ئێزدی بە زیندووی لەلایەن چەتەکانەوە سووتێندراون، چونکە موسڵمان نەبوون و بەڕۆژوو نەبوون و نوێژیان نەکردووە، تا ئێستاش زۆرێک لە ژنانی ئێزدی لەلایەن چەتەکانەوە بە دیل گیراون و دەفرۆشرێن، وەک ژنانی ئێزدی هەرگیز شتی وا قبوڵ ناکەین و تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ مافی خۆمان دەکەین.

 

"ئێمە هەرگیز ئەو تاوانانەت لەبیر ناکەین"

پاکیزە جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان وتی: ئێمەی ژنان و دایکانی شەنگال بۆ یادی ١٩ ژنی ئێزدی لە شاری موسڵ کۆبووینەوە، هەموو شەهیدانمان لە کەسایەتی ١٩ ژنی ئێزدیدا لەبیرە کە بە زیندووی سووتێندران، هەرگیز ئەو ژنانە لەبیر ناکەین کە لەلایەن داعشەوە کوژراون و سووکایەتییان پێکراوە و فرۆشراون.