هیومان ڕایتس وۆچ: هەمواری یاسای باری کەسی ڕێککەوتننامەی سیداو پێشێل دەکات

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەربارەی هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراقیی، ئاماژەی بەوەکرد، بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانەوە، عێراق پێشێلی چەندین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دەکات، لەناویاندا جاڕنامەی مافەکانی منداڵان و سیداو.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشکەشکردنی ڕەشنووسێک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ جیا لە شەقامی عێراقیی و هەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و جیهانیشی بەدوادا هاتووە، لەو بارەیەوە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ "هیومان ڕایتس وۆچ"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەو بڕگانە کردووە کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان، هەروەها پەرلەمانی عێراق بە پەسەندکردنی ئەو هەموارە چەندین جاڕنامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.

 

مافی منداڵ دەکەوێتە مەترسییەوە

ڕێکخراوەکە، بە ناونیشانی "پەرلەمانی عێراق هەوڵدەدات هاوسەرگیری منداڵان بە یاسایی بکات، تێپەڕاندنی یاساکە مافەکانی ژنان و منداڵان دەخاتە مەترسییەوە" باسی لە دواین هەوڵەکان کردووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و جەختی کردووەتەوە، بە تێپەڕاندنی ئەو هەموارە، عێراق پێشێلی دوو گرنگترین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دەکات کە خۆی پەسەندی کردوون، ئەوانیش جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی منداڵان و ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان- سیداو-ن.

 

ڕوونکراوەتەوە، هەمواری پێشکەشکراو هاوسەرگیری دەباتە دەرەوەی دادگاکان و ڕەوایەتی دەدات بە هاوسەرگیریپێکردنی منداڵانی کچی تەمەن ٩ ساڵ، دایک لە دایەنیکردنی منداڵەکەی پاش جیابوونەوە بێبەش دەکات، سەرباری ئەوەی لە گشت مافێکی نەفەقە و مارەیی و میراتیشدا ژنان وەلا دەنرێن.

 

بێ بوونی ئەم پڕۆژە یاسایە ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان کەمبووەتەوە

هیومان ڕایتس وۆچ باسی لە ڕاپۆرتێک کرد کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤دا بڵاوی کردووەتەوە وتی: پرسی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا (تۆمارنەکراو) خۆی لە ئێستادا گرفتێکی سەرەکییە لە عێراق و بەهۆیەوە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان بەرزبووەتەوە، یونیسێف ڕایگەیاندووە، ٢٨٪ی منداڵانی کچ لە عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، هاوکات بەپێی ئاماری نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردن لە عێراق٢٢٪ی هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکان منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٤ ساڵن.

 

جەختدەکاتەوە لەوەی تۆمارنەکردنی هاوسەرگیری لە دادگا، ژنان بێبەش دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە گشت مافەکانیان و ناتوانن لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتیش سوودمەندبن، مافیان نابێت لە نەخۆشخانەکاندا منداڵیان ببێت، بەوەش ژیانی چەندین ژنی گەنج و کۆرپەکانیان دەکەوێتە مەترسییەکی جدییەوە، هەروەها ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا دێنە دونیا لە مافی پێدانی ناسنامە و خوێندنیش بێبەش دەبن.

 

لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوەکراوە بەهۆی دیاری کردنی مەزهەب لە پرسی هاوسەگیری و جیابوونەوەدا و دانانی یاسایەک لەسەر بنەما مەزهەبییەکان، کە ئەو بڕگەیە پێچەوانەی دەستووری عێراقییە، هەموارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی زۆرکەس بەتایبەت ژنان لە مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانیان بێبەش بکرێن.