هیلال سەڤەن شاهیدی چرکەساتێکی مێژوویی بوو لە دۆزی کورددا

هیلال سەڤەن، ڕۆژنامەنووس کە لە لەندەنەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمە مێژووییەکەدا گەشتی بۆ سلێمانی کردووە، لە کاتی مەراسیمی لەناوبردنی چەک، جەختی لەوە کردەوە کە پەکەکە هەنگاوی دڵسۆزانەیان ناوە.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ئامەد-لە بەرامبەر بانگەوازەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژانی ٢٧ی شوبات و ٩ی تەمووز، گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە پێکهاتووە لە ژن و پیاوی شەڕڤانانی پەکەکە، لە میانی مەراسیمێکدا کە لە ١١ی تەمموز لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چەکەکانیان دانا.

 

ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان و تورکیا و سەرتاسەری جیهان هاوبەشی ئەو ساتە مێژووییەیان کرد کە گروپی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی چەکەکانیان دانا، بە چاوی خۆیان شایەتحاڵی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە بوون کە پەکەکە لە ئەستۆیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نزیکەی ٥٠ ساڵە.

 

"هەست بە بەختەوەری دەکەم کە شایەتحاڵی ئەم ساتانە بووم"

هیلال سەڤەن کە وەک ڕۆژنامەنووسێک بەدواداچوونی مەراسیمەکەی کردووە، لە لەندەنەوە بۆ سلێمانی گەشتێکی کردووە وتی: ئەم ساتانە ساتێک بوون کە پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بتوانن شایەتحاڵی بن، هەست بە بەختێکی زۆر دەکەم کە شایەتحاڵی ئەم ساتە بووم، لە هەمان کاتدا هەست و سۆزێکی زۆرم ئەزموون کردووە، کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەم خاڵە.

 

سەختی قسەکردن... هەست و فرمێسکی سەرکوتکەر

هیلال سەڤەن ئاماژەی بەوەدا کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشداربووانی گەشت و ئاهەنگەکەدا کردووە و وەڵامی هاوشێوەی وەرگرتووە و وتی: زۆرێک بە سەختی قسەکردنیان هەبووە، هەندێکیان جووڵاون و هەندێکی دیکەش گریاون، بۆچی ئەم ڕێگایە سەرساممان دەکات؟ چونکە ساڵانێکی زۆرە تورکیا بەدەست پرسێکەوە دەناڵێنێت کە دژی کورد دروستیکردووە، پرسێک هەیە کە بە 'دۆسیەی کورد' ناسراوە، ساڵانێکی زۆرە کورد لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەلێکە کە بوونی خۆی ڕەتدەکرێتەوە و دان بە پێگەی خۆیدا نانێت و بەردەوام دەکوژرێت و دەگیرێت و دەربەدەر دەکرێت و لە خەباتدایە بۆ مانەوە .

 

"ئێمە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە ساتەوەختە مێژووییەکاندا دەژین"

هیلال سەڤەن، ڕۆژنامەنووس ڕوونیکردەوە کە پەکەکە خەباتی کردووە بۆ داننان بە مافەکانی گەلی کوردستان، سەرەڕای هەنگاونان بەرەو چارەسەر لە هەندێک کاتدا، بەڵام ئەو هەنگاوانە بەرهەمیان نەبووە.

 

ئەو بەناو "پرۆسەی چارەسەر"ی بەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ی گرتەوە و بە کۆمەڵکوژی کۆتایی هات، دووپاتی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە خوێناوی کۆتاییان بە پرۆسەکە هێنا، دوای ١٠ ساڵ ڕێگایەکی نوێ بە دوای بانگەوازەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، دواتر بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پارتی و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی درا، کە سەرنجێکی زۆری لێکەوتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە قۆناغێکی مێژوویی بە هەموو لایەن و قۆناغەکانیدا تێدەپەڕین، نەک هەر ساتەکانی سلێمانی مێژوویی بوون، بەڵکو هەموو ئەو شتانەی تێیدا تێدەپەڕین، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، نوێنەرایەتی ساتەوەختە مێژووییەکان دەکەن.

 

"لە شۆفێرەوە تا ڕۆژنامەنووس، هەموو کەسێک چیرۆکێکی هەیە کە شایەنی گێڕانەوەیە"

لەسەر بانگهێشتی  دەم پارتی، گەشتێک لە ئامەدەوە بۆ سلێمانی بە نزیکەی ٣٥ ڕۆژنامەنووسەوە ڕۆژی ١٠ی تەمووز بەڕێکەوت، هیلال سەڤەن باسی ئەوەی کرد کە بینیویەتی: کەش و هەوای ناو پاسەکە جیاواز بوو، لە شۆفێرەوە تا ڕۆژنامەنووسەکان، هەر کەسێک چیرۆکێکی ژیانی هەبوو کە ڕوونی دەکردەوە بۆچی لەناو ئەو پاسەدا بوون، ئەم چیرۆکانە نوێنەرایەتی نموونەی ڕاستەقینەی خەباتی گەلی کورد دەکەن، بۆ نموونە شۆفێرەکەمان کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا گوندەکەی سووتاوە، ئەفسەری ڕۆژنامەوانی پارتی "دێم" لە ئەستەنبوڵ، هەریەکەیان چیرۆکێکی هاوشێوەیان هەبووە.

 

هیلال سەڤەن تێبینییەکانی خۆی گواستەوە و وتی: پێم خۆشە کەمێک باسی پرۆسەکەش بکەم، وەک ڕۆژنامەنووسێک گرنگیدان بەو لایەنانە دەبینم، کاتێک لە ئامەدەوە بەڕێکەوتین، بەناو دهۆکدا تێپەڕین، پاشان بە هەولێر و دواجار گەیشتینە سلێمانی، ژمارەیەک بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاویان پێمان کەوت و لە ڕێگاکەشدا یاوەریمان بوون، ڕەنگە ئێمە بەرەو یەکێک لە ئارامترین ناوچەکان بۆ کورد لە جیهاندا دەڕۆیشتین، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای وڵات لە کاتی سوتاندنی چەکەکاندا دەمارگیر بوون، بەڵام دوای مەراسیمەکە دەیانوت: چاوەڕوانی ئەمەمان نەدەکرد، چونکە هەموو شتێک بە وردی بیری لێکرایەوە، ڕێکخستنەکە نایاب بوو، هەموو وردەکارییەکیش حیساب کرابوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچەی چاوەڕوانییەوە گواستمانەوە بۆ شوێنی مەراسیمەکە و کاتژمێر و نیوێک چاوەڕێمان کرد، ئێمەی ڕۆژنامەنووسەکان ڕێگەمان پێنەدرا مۆبایلەکانمان یان کەرەستەی تەکنیکی بهێنینە ناو شوێنی مەراسیمەکە، بەڵام ڕۆژنامەنووسانی حکومەت مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بوو، ئەمەش وایکرد هەندێک ساتی گرنگ لەدەست بدەین، دەقێک بڵاوکرایەوە، بە تورکی لەلایەن بەسێ هۆزاتەوە خوێندرایەوە، بە کوردیش لەلایەن نەدیم سێڤنەوە خوێندرایەوە، هەرچەندە ئەوە بوو کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە هیچ دروشمێک یان بانگەشەیەکی گەورە نابێت، دایکانی ئاشتی نەیانتوانی هەستەکانیان لەخۆبگرن و دروشمەکانیان لەڕادەبەدەر سۆزداری بوو و هەم کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەردوو شەڕڤانان هەبوو، چ لە ڕەگەزی نێر و چ لە ڕەگەزی مێ و ئامادەبووان.

 

سەرەڕای ئەو کاتژمێرانەی بەسەر کۆتایی هاتنی مەراسیمەکەدا تێپەڕیوە، دووپاتیکردەوە کە شایەتحاڵان هێشتا بەزەحمەت قسە لەسەر ئەو ڕووداوە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە بینیویەتی سیاسەتمەدارانی کوردی وەک گوڵتان کیشانک و لەیلا زانا بە سۆزەوە دەگرین.

 

"لە ئێستا بەدواوە چی ڕوودەدات؟"

هیلال سەڤەن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوەی ڕوویدا تەنها خەم نەبوو، تێکەڵەیەک بوو لە هەست و سۆزی تێکەڵاو، زۆربەمان لە کۆتایی سیەکان یان سەرەتای چلەکانداین، نزیکە لە تەمەنی دامەزراندنی پارت، کەواتە ئەم ڕووداوە ساتێکی بەرچاو بوو بۆ زۆرێک لە ئێمە، مێژوو لەو ساتەدا نووسرا، دواتر چی ڕوودەدات؟ چی هەنگاوێک دەنێت؟ چۆن وەڵامی دەداتەوە؟ هەموومان بە چاوەڕوانییەوە چاوەڕێین، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە هەموو ئەو هەنگاوانەی لایەنی کوردی گرتوویانە بەر دڵسۆزانە بوون، باوەڕم وایە کە هیوایەکی گەورە لە ئەنجامدا سەری هەڵداوە، ئەم ڕووداوە مێژووییە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو ژیانێک کە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی بێت بۆ هەموو گەلانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی تری خوشکان.

 

وتیشی: نەماندەزانی لە کۆتایی گەشتەکەدا چی چاوەڕێمان دەکات یان وردەکارییەکانی بەرنامەکە چی دەبێت، کاتێک ٣٠ شەڕڤان چەکەکانیان فڕێدایە ناو ئاگرەکەوە لەبەردەم سەدان کەسدا، ئەوە هەستێکی بەهێزی بۆ هەمووان وروژاند، ئێمە لە دۆخێکی گرژی و نادڵنیاییدا دەژیاین، بەڵام کاتێک گەیشتینە شوێنەکە، بینیمان هەموو شتێک بە وردی ئامادەکرابوو.