هەیفا مەجید: با کارو چالاکییەکانیانی ڕێکخراوەکان تەنها لە هۆڵە داخراوەکان نەبێت
لە کاتێکدا توندوتیژی دژ بە ژنان هێشتا جێگای نیگەرانییە، ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەوڵ دەدەن بە هۆشیارکردنەوە و پشتیوانیکردنی زیانبەرکەوتووان، بەڵام چالاکوانان پێیانوایە پێویستی بە هەنگاوی زیاتر هەیە بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ توندوتیژی دژ بە ژنان هێشتا یەکێکە لە کێشە گرنگە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای هەبوونی یاساو دامەزراوەی پشتیوانی، زۆرێک لە ژنان لەبەر ترسی کۆمەڵگە یان کێشەی خێزانی، دیاردەکانی توندوتیژی ئاشکرا ناکەن، زۆربەی دیاردەکانی توندوتیژیی پەیوەندییان بە لاوازیی هۆشیاری یاسایی، فشارە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک نەریتی کۆنەوە هەیە، بۆ ئەمەش پێویستە کار لەسەر بەرزکردنەوەی هۆشیاری و پاراستنی مافی ژنان زیاتر بکرێت.
لە هەمانکاتدا سەرەڕای ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان لە پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی هۆشیاری، ڕەخنەش لەسەر کاری هەندێک ڕێکخراوەیی هەیە، هەندێک چالاکوان پێیانوایە چالاکییەکان زۆرجار سنووردارن و ناگەنە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ناوچە دوورەکان، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستی بە هاوکاریی حکومەت، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و میدیا هەیە، بۆ ئەوەی ئاستی توندوتیژی دژ بە ژنان کەم بکرێتەوە و پاراستنی مافەکانیان باشتر بێت، پاشان ڕێکخراوەکانی هۆسیارکردنەوە بچنە ناو هاوڵاتیان و ژنان، هۆسیارکردنەوەکانیان تەنها لە چوارچێوەی چالاکوانان و پڕۆفیسۆرەکان و پارێزەراندا نەمێنێتەوە، لە ڕێگەی چالاکی مەیدانییەوە بگەنە تەواوی ژنان و پیاوانی نا هۆشیار لە مافەکانی ژنان.
" بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە دەرەوەی شارەکاندا کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد دەنێت"
هەیفا مەجید، نوێنەری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری ژنان و سەرۆکی ڕێکخراوی شۆخ بۆ گەشە پێدانی تواناکانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەرەوپێشبردنی توانای ژناندا، ژنان گۆڕانکارییان لە کارەکانیاندا کردووە، ژنان سەرەتا لە بواری کشتوکاڵی و چەند کارێکی سەرەتایدا کاریان کردووە، بەڵام لە ئێستادا ژنان کارو خەباتیان لە چوارچێوەی بەڕێوەبردندا درێژە پێدەدەن وتی: لە ساڵانی پێشوودا ژنان لە کاری کشتوکاڵی و چەندین کاری بەرهەمهێناندا کاریان کردووە، بەڵام لە ئێستادا ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبەرایەتی و کار بەڕێکردندا خەبات دەکەن، بەشێکی زۆر لە ژنان لە کاری فرۆشتن و بازاڕگەریدا دەستی باڵایان هەیە، سەرپێخستنی ژنان بۆ خەبات و تێکۆشان پەیوندی بە هەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنانەوە هەیە، لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی ژنان لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ ژنانی ناوچەکە، هەروەها ژنانی هاندەدا بۆ ئابووری سەربەخۆ تا بتوانن ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان نەبنەوە.
ئاماژەی بەوەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا ڕۆڵ و کاریگەری باشیان گێڕاوە وتی: بونیادنانی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پێکەوەییە بۆ ژنان، لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی، سوتاندن و کوشتنەکانی ژناندا، ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مافەکانی ژنان ڕووی لە زیادبوون کرد، بونیادنانی هەر ڕێکخراوێک لەسەر پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیایەک کاردەکات، ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاو پیاوان دەکەن، تا ئاشنای ماف و ئازادی ژنانیان بکەن، پێویستە هەر پیاو پەروەردەی لەسەر مافەکانی ژنان بکرێت، بۆ ئەم بابەتە پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناو هاوڵاتیاند کار بۆ هۆشیارکردنەوە بکەن، وۆرکشۆپ و سیمینارەکان تەنها لە نێوان چالاکوان و پارێزەراندا نەمێنێتەوە، لە هۆڵە داخراوەکاندا قەتیس نەمێننەوە، بێنە کوچەو کۆڵانەکان و ژنان و پیاوان هۆشیار بکەنەوە، ژنانێک بەسەر بکرێتەوە کە توانای هاتنە ناو سیمینار و وۆرکشۆپەکانی نییە، پاشان لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە پارێزگاری لەو چالاکوانانەی دەچنە ناو هاوڵاتیانەوە بکرێت، چونکە بەشێک لە هاوڵاتیان قبوڵیەتی ئەو هۆشیارکردنەوەیە بە پەلەیە ناگرن و بەرپەچ و ئاڵۆزی دروست دەکەن، چونکە لە ناو هاوڵاتیان هەڵەتێگەیشتن بەرامبەر ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە، ئەوە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی پشێوی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان هەوڵ بۆ پاڵپشتیکردن و پاراستنی چالاکوانان بدەن کار ئاسانی بۆ کارەکانمان دەکەن.
" چالاکییەکانی ژنانی ڕێکخراوەکان لە هۆڵە داخراوەکاندا نەمێنێتەوە"
هەیفا مەجید جەتی لەوەکردەوە، هاتنە دەرەوەی چالاکوانان لە ناو هۆڵە داخراوەکاندا کۆمەڵگە هۆشیار دەکاتەوە وتی: پێویستە چالاکوانان کۆڕ و سیمینارەکانیان بۆ ژنان و پیاوانی دەرەوەی هۆڵەکان بێت، سەردانی شارو شارۆچکەکان و گوندەکان بکەن، بەشێک لە خێزانەکان ناتوانن بەشداری پانێڵ و سیمیناراتەکانی هۆشیاربونەوە بکەن، هەروەها لە ڕێگەی لایەنە ئەمنییەکانەوە لە لایەن ڕێکخراوەکەمانەوە چەندین گوند و ناوچەی دوورەدەستەکان بەسەر دەکەینەوە، ززۆرێک لە گوند نشینان هەوڵی هۆشیار بونەوەیان دەدەین، ئەگەر ڕێکخراوەکان بەردەوامبن لە هۆشیارکردنەوەیان و سەردانی ناوچە جیاوازەکان بکەن، تا بتوانن پەیوەندیەکان دروست بکرێت و لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگە لە مافەکانی ژنان هۆشیار بکاتەوە، ڕێکخراوەکان پێویستە بەرپرسیاری هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرن، پێوسیتە لە کاتی هۆشیار کردنەوەدا چالاکوانان سەرجەم خوێندنگەکان بەسەر بکەنەوە، سیمینار بۆ نەوەی داهاتوو بڵێن، تا کۆمەڵگەیەکی هۆشیار بونیاد بنرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا هەیفا مەجید وتیشی: ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستاندا تابێت زیاتر دەبێت، پێویستە ژنانی ڕێکخراوەکان بەردەوام هەوڵ بۆ هۆشیار کردنەوە بدەن، کار و چالاکییەکانیان تەنها لە هۆڵە داخراوەکان و بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وێنەیەک نەبێت، پێوسیتە بە هاوکاری ئاسایشی وڵات بەسەر گوندو شارۆچکەو شارەکاندا هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، تا کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت، کۆمەڵگەیەک دوور لە توندوتیژی و کوشتنەکان و کەیسەکانی سووتاندن بێت.