هێڵی سێیەم، خەباتی کۆمەڵایەتی و پارادایمی چارەسەریی
بێریڤان زیلان
قۆناغێکی نوێ لەسەر بنەمای بوژاندنەوەی هاوپەیمانیی کوردی - تورکی دەستی پێکردووە کە مێژوو هۆکارێک بووە بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی ستراتیژی، ئەوەش هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندراوی ٢٧ی شوبات، گرنگیی ئەم قۆناغە تەنها بۆ تورکیا نییە، بەڵکو توانای ئەوەشی هەیە کاریگەری لەسەر سەرجەم پەرەسەندنەکانی ئێستای ناوچەکە هەبێت.
لەبەرامبەر ئەو سیاسەتانەی "دابەشکردن، حوکمڕانی و دابەشبوون" کە ئینگلیزەکان بەرامبەر ناوچەکە پەیڕەویان کردووە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەڕێگەی ڕوانگەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیەوە، ڕێگایەکی نوێی دەربازبوون لە قەیرانەکە خستەڕوو، سەبارەت بە تورکیا، پێشنیارەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە ناوچەکە شاهیدییە، هاوتەریب لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی پەیوەست بە "پەیمانی نیشتمانی" خستەڕوو.
دوای ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان لە بەرامبەر ئەو شەڕە بەردەوامەی ماوەیەکی زۆرە هەیە، ڕایگەیاند کە بۆ ساڵانێک بەدوای لایەنێکی دانوستانکاردا گەڕاوە، لە دوایین پێشنیازیدا مەرجەکانی چارەسەری گەیاندە ئەوپەڕی سنوورەکانی خۆیان، و لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی باشترین شێوەی دیالەکتیکی دانوستان و تێکۆشانەوە، پرۆسەکەی گەیاندە ئەو شوینەی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووە.
بەم شێوەیە، ویستی کۆتایی بە پێکدادانی کوردی - تورکی بهێنێت، هەروەها ڕێگەیەکی نوێ لە بەرامبەر ئەو شەڕە توندەی کە لە ناوچەکەدا بەردەوامە بکاتەوە، کۆتاییش لەگەڵ پەسەندکردنی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی گەورەی تورکیاوە کە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی ناونرا "یاسای چوارچێوە"، بۆ یەکەمجار پرسی کورد لە "سەکۆی لەسێدارەدانەوە بۆ سەر مێزی چارەسەر" گواسترایەوە، لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە، دەوڵەت و شۆڕش و سۆسیالیزم لەسەر یەک مێز کۆکرانەوە.
یاسای چوارچێوە لە ناوەندە کوردییەکاندا وەک پێشەکییەک بۆ "یاسا ڕیشەیییەکەی" کە لە داهاتوودا دێت پێناسە کرا، لە پێناو خستنەبواری جێبەجێکردنی یاساکەدا، پەکەکە هەر لە سەرەتاوە و لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەکانیەوە جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ڕێبەر ئۆجالان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.
سەرەڕای ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان لە ڕای گشتیدا وەک هەماهەنگکاری "دەستەی چەکدانان و ستراتیژ" پێنناسە کرا، بەڵام تا ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی ورد لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە سەبارەت بەم بابەتە دەرنەچووە.
لە کاتێکدا کە پرۆسەکە بەم ڕادەیە لە هەستیاری و گرنگیدایە، نەگەڕاندنەوەی ڕای ڕێبەر ئۆجالان بە شێوەیەکی کەسی بۆ ناو ڕای گشتی، ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی ڕێکوپێک لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانی، ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەن و بازنە جیاوازەکاندا، ئەمانە هەموویان ئەو شتانەن کە نیگەرانی لە ناوەندە کوردییەکاندا دروست دەکەن.
هێرشەکان دژ بە ڕێبەر ئۆجالان لەسەر بنەمای ناوەڕۆکی ئەو چاوپێکەوتنانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە ئیمراڵی ئەنجام دراون، بەردەوام بوون.
مەرجی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست، بریتییە لە مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و دابینکردنی ئەو دۆخەی کە ڕێگەی پێبدات بە ئازادی بژیت و کار بکات، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەقامگیر پێش بکەوێت و ڕەهەندێکی داینامیکی بەدەستبێنێت، پێویستە ڕێبەر ئۆجالان خۆی ڕوو لە ڕای گشتی بکات و لە گفتوگۆی بەردەوامدا بمێنێتەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بەڵام هێشتا دەوڵەت دەیەوێت لە دۆخێکی نایاساییەدا بهێڵێتەوە.
ڕوونەدانی پێشکەوتنێک لەم ئاراستەیەدا، خستنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە وەک ئەوەی داوا دەکرێت جێگەی گومان دەبێت، سەڕای ئەوەی پرسی "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئۆجالان لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە لە سەرەتای پرۆسەکەوە خستراوەتەڕوو، بەڵام تەنانەت لەم پرسەشدا هیچ هەنگاوێک سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەهاتووەتە ئەنجامدان، ناکرێت باسی هیچ پێشکەوتنێکی ئەرێنی بکرێت هەتاوەکو ئەم ڕێبازە چاک نەکرێت.
لەناو ئەو پرسانەی کە لە چوارچێوەی یاسای چوارچێوەدا باس دەکرێن، پرسی پرۆسەی گەڕانەوەی هێزەکانی گەریلا بۆ تورکیا هەیە، پەکەکە چەندین جار جەختیکردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ڕێبەر ئۆجالان تێوەگلاوی پرۆسەکە بێت، گەڕانەوەکە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو بێت نەک بە تاکەکەسی، ئەو کۆمەڵانەی کە دەچنە دەرەوە ئاراستەی مەیدانەکانی تێکۆشانی سیاسی بكرێن، ئەوەش لەپێناوی مسۆگەرکردنی ڕوودانی پرۆسەکانی گەڕانەوە لەسەر بنەمایەکی تەندروست.
لەناو ئەم پرسانەشدا، پەنا بۆ شێوازە جیاوازەکانی فێڵکردن دەبرێت، ڕاگەیاندنی سەرەکی بەردەوامە لە خستنەڕووی ئەو گفتوگۆیانەی کە گوایە یاساکە تەنها داواکارییە تاکەکەسییەکان دەگرێتەوە و هەمووان ناگرێتەوە، گەڕاوەکان لە کامپەکاندا کۆدەکەنەوە، گفتوگۆیەک هەیە سەبارەت بە سەپاندنی قەدەغەی چالاکی سیاسی بەسەر ئەوانەی کە دەچنە دەرەوە.
بەو هاوکێشەیە، یاسای چوارچێوە لە ئێستادا تەنها لەسەر بنەمای چەکدانان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لەبەر ئەم هۆکارە، بەکارهێنانی وتاری "تیرۆر" لە یاساکەدا، نەبوونی هیچ هەڵسەنگاندنێک کە پەیوەندی بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە هەبێت، نەبوونی هیچ رێوشوێنێک سەبارەت بە نانی هەنگاوی دیموکراتی، و نەخستنەڕووی دۆخی ڕێبەر ئۆجالان بە شێوەیەکی ڕوون و بەرجەستە، ئەمانە هەموویان ئەو ڕێگایانەن کە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت.
دیارە کە کەموکوڕییە ماوەکان لە ڕێگەی تێکۆشانی ڕێکخراوی گەلی کوردستان و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتییەوە تێدەپەڕێنرێن.
بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بەردەوام ئەو پێشنیازەی پاراستووە کە باڵی چەپ - سۆسیالیستی دەوڵەتی دوو پایەیی بێت، لە ڕێگەی تێکۆشانەکەیەوە کار بۆ گۆڕینی دەوڵەت و بەخشینی تایبەتمەندی دیموکراتی پێی بکات، ڕێگاکەش بۆ ئەوە بەناو تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی بەهێزدا تێدەپەڕێت، گەیشتن بە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و یەکخستنیان لەناو ڕێڕەوێکی تێکۆشانی هاوبەشدا، ئەوەش پاڵنەر دەبێت بۆ نانی هەنگاوی دیموکراتی.
پەرەسەندنە هەرێمییەکان و هۆکارەکانی خێراکردنی پەسەندکردنی یاساکە
هۆکاری بنەڕەتی لەپشت پەسەندکردنی یاساکە بەو خێراییە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، پەرەسەندنە هەرێمییەکانە، هێشتا هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر سەرجەم دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەردەوامن، و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە دەرکردنی لێدوان سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی ئەو هێرشانە.
بەو پێیەی دەوەردان دژ بە ئێران هێشتا تەواو نەبووە، بۆیە ڕێکخستنەوەی ناوچەکە نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی کۆتایی، لەبەر ئەمە، هەریەکە بەپێی تواناکانی خۆی، کار بۆ کارا کردن و جێبەجێکردنی پلانە هەرێمییەکانی دەکات.
لایەنە دیارەکانی ئەم پلانانە خۆیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا, ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەبیننەوە کە ئێران دژ بە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوی "وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوە" ئەنجامیان دەدات، ئەو گفتوگۆیانەی کە پەیوەندیدارن بە کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکان لە عێراق لە ژێر چەترێکی کۆکراوەدا، ڕێککەوتنی مەککە کە لەلایەن تورکیا و پاکستان و سعودییەوە واژو کراوە، پاڵ بە هەوڵەکانەوە دەنێت بۆ دروستکردنەوەی "ڕێڕەوی داود" لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمدا کە پێشتر بە سەرکردایەتی ئیسرائیل واژۆ کرابوون.
جەوهەری ئاژاوەگێڕییەکە لەو حیساباتە ڕاگەیاندراو و نهێنییانەی نێوان ئیسرائیل و تورکیا و ئێراندایە کە لە چوارچێوەی هەوڵی ئەم زلهێزانە بۆ بوون بە دەسەڵاتی باڵادەست لە ناوچەکەدا دێنە ئاراوە.
ئەوەش ناسراوە کە سەرجەم هێزە ئیمپریالیستییەکان پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن، ڕۆڵەکان بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە دیاری دەکەن، هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی کۆبوونەوەکانی تورکیا لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان، بریتییە لە حەزی ئەو بۆ دەرچوون لە شەڕە ناوچەکە بە کەمترین قوربانیی.
ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، تێکۆشانە لەسەر دەسەڵات، جارێکی تریش، ژنان و منداڵان و گەلان ئەوانەن کە دەبنە زیانبەرکەوتووی ئەم شەڕە، هەروەها دیارە کە شەڕ و ئاژاوە لە ماوەیەکی کورتدا کۆتاییان نایەت، ئەم شەڕەی کە لە دەورەی ئێراندا چڕ دەبێتەوە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا درێژ ببێتەوە بۆ ناوچەکانی تر، لە کاتێکدا کە دەستوور و ئەندامکارییەکانی شەڕ و هێرش و چەکداری لە ناوچەکەدا چڕ دەبنەوە، خۆبەخاوەندارێتی و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و گواستنەوەی لە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکدارییەوە بۆ ستراتیژیی تێکۆشانی دیموکراتی گۆڕانکارییەکی مەزن پێکدەهێنێت، ئەم ستراتیژییە تەنها ڕێڕەوێکی تێکۆشان بۆ خودی پارتەکە دیاری ناکات.
لە چوارچێوەی پرۆژەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیدا، هەوڵێک دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لەگەڵ چوار دەوڵەتەکەی ناوچەکە، ڕێبەر ئۆجالان خۆی سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەکات کە لەگەڵ تورکیا دەخرێتە گەشەپێدانەوە، بەڵام هەندێک سەختی دەردەکەون سەبارەت بە دەوڵەتانی تر.
بەهۆی ئەو شەڕە بەردەوامەی هەیە، ئێران بە یەکێک لە دیارترین مەیدانی سەختییەکان دادەنرێت، نە سیستەمی شیعەی توندڕەو و نە ئیمپریالیستی ئەمریکی ناتوانن ببنە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەلانی ئێران، هەتاوەکو ئێران لە ناوەوە نەگۆڕدرێت بۆ دیموکراتی، ناتوانێت گۆڕانکارییەکی جدی بەدەستبێنێت.
لەو ڕووەوە، ئەگەر ئێران چارەسەرێک پەرەپێبدات کە پشتی بەو گەلانەی دەبەستێت کە دەوڵەمەندن بە فرەچەشنییەکانیان و فرەیی باوەڕەکانیان، دەکرێت بتوانێت بە دەستکەوتەکانەوە لە شەڕەکە دەربچێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانی سیستەم کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، هیچ ڕزگارییەک بۆ گەلانی ئێران پێناگەیەنن، هەڵسەنگاندنەکانی گەل لە سەردەمی شەڕدا و هەڵوێستەکانیان بەرامبەر ڕەزا پەهلەوی، کە وەک جێگرەوەیەک بانگەشەی بۆ کرا، ئەوەی بە ڕوونی نیشاندا.
سەرەڕای ئەوەی ئێران لە سەنتەری هەموو ئەم هێرشانەدایە، کەچی هێشتا هێرشەکانی خۆی ئاراستەی گەلەکەی دەکات، بە شێوەیەک کە خەڵک لە ڕادەیەکی بەرفراواندا دەستبەسەر دەکرێن، دەستبەسەرکراوەکان لەسێدارە دەدرێن، هێرشە سەربازییەکان دژ بە پارتە کوردییەکان بەردەوامن، هاوڵاتییانی مەدەنی دەکوژرێن، لە کاتێکدا ژنان وەک ئەوەی بێ هەناسە بمێننەوە جێدەهێڵدرێن.
لەژێر سێبەری ئەم هەموو هێرشەدا، مانەوەی پرسی چەکداماڵینی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەسەر مێزی کار بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن تورکیاوە، لە بەرژەوەندیی گەلاندا نییە، لە ژینگەیەکدا کە خەڵک تێیدا دەکوژرێن، هیچ ویژدان و تێگەیشتنێکی مرۆڤایەتی ناتوانێت چەکداماڵین قبوڵ بکات.
ئەگەر ڕژێمی ئێرانیش کۆتایی بە فشارە ناوخۆییەکانی خۆی بۆ سەر خەڵک بهێنێت و بچێتە نێو پڕۆژەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی لەگەڵ کورد، ئەوا دەکرێ ستراتیژییەکانی خەبات و تێکۆشان گفتوگۆ بکرێن، بەڵام لەم قۆناغەدا وەک بەرپرسانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)یش ڕایانگەیاندووە، ئەو جۆرە پێشنیازانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە.
سووریا و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی
لێدوانی فەرمی دەرچوون کە تیایاندا ڕادەگەیەنرێت ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی قەسەدە لە سووریا تەواو بووە، بەڵام هێشتا هەندێک پرس هەن کە جێگەی قەیرانن.
سەرەڕای ئەنجامدانی هەندێک گفتوگۆ لە چوارچێوەی ئەنتیگراسیۆنی یەپەژە شدا، بەڵام هێشتا مەسەلەگەلێک هەن کە یەکلایی نەکراونەتەوە، دەوترێت کە خوێندن بە زمانی دایک تەنها بۆ سێ کاتژمێر سنووردار دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کورد هەندێک دەستکەوتیان لە چوارچێوەی ئەنتیگراسیۆنەکەدا بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی سووریا سەیر ناكرێن، هەروەها ڕەفتارە ستەمکارەکان بەرامبەر بە باوەڕە جیاوازەکان و ژنان هێشتا وەک خۆیان بەردەوامن، هێرشەکان لەم ئاراستەیەدا بێ پچڕان بەردەوامن.
ئەو ڕەفتارانەی کە دەوڵەتێک خۆی هێشتا نەگۆڕاوە بۆ دیموکراتی دەیانسەپێنێت بەسەر کورددا، لە پێش هەموویانەوە خوێندن بە زمانی دایک و دەستکەوتەکانی ژنان، زیاتر لەوەی ئەنتیگراسیۆن ببن نوێنەرایەتیی توانەوە دەکەن، ئەم نزیکبوونەوانەش نیگەرانییەکی قووڵ لای گەل دروست دەکەن.
ڕۆژاڤا یەکێکە لە توخمە دامەزرێنەرەکانی سووریای دیموکراتی، خاوەنی ئەزموون و شارەزایی گرنگە لە بواری ئامادەکردنی دەستورێک بۆ سوەریای دیموکراتی، دەتوانێت ڕۆڵی لەو بوارەدا بگێڕێت، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکان، بنەماکە خەباتە.
عێراق و کوردستان
هەروەها گفتوگۆی چڕوپڕ سەبارەت بە عێراق و کوردستان هەیە، لە عێراق مانگی تشرینی یەکەم ئامانج بۆ یەکخستنی سەرجەم هێزە چەکدارەکانە بۆ ناو سوپا، هەروەها یەکخستنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال - یەکینەکانی بەرخۆدانی ژنان (یەبەشە-یەبەژە)، وەک هێزی ڕەوای بەرگریکردن لە گەلی ئێزدی، لەنێو ئەو پرسانەیە کە بۆ گفتوگۆکردنە.
ڕاستی گەلێک هەیە کە درێژەی بە چەندین ساڵە لە فرمان و کۆمەڵکوژییەکان داهێناوە، ئەو ئەنجومەنەی کە ئەم گەلە بە ئیرادەی خۆی پێکیهێناوە، لەپاڵ هێزە سەربازییەکانیانەوە، شەرعیترین هێزن لە ناوچەکەدا، چارەسەری بنەڕەتی خۆی لە دانیپێدانان بە ئیرادەی ئەنجومەنی گەلی شنگالدا دەبینێتەوە کە نوێنەرایەتیی دیموکراتی خۆجێیی دەکات لە ناوچەکەدا، لەگەڵ بەفەرمی ناساندنی هێزەکانی بەرگریی خۆجێیی.
هەڵوێستگەلێک لەلای دەوڵەتی تورکیاوە هەن کە ڕێگری لەم کارە دەکەن سەبارەت بە شنگال، بەڵام لایەنی بنەڕەتی کە پەیوەندیدارە بەم دۆسییەیەوە دەوڵەتی عێراقییە، کە پێویستە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت.
لەپاڵ ئەوەشدا، دۆخی دانیشتووانی مەخموور، کە دەکەوێتە ناو سنوورەکانی عێراقەوە، چۆتە ناو بازنەی گفتوگۆوە لەگەڵ ئەم پرۆسەیەشدا، پرسی گەڕانەوەی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو بۆ باکووری کوردستان لە سەرەتای پرۆسەکەوە بە بەردەوامی کراوەتە بابەتی گفتوگۆ.
ئەوەش ناسراوە کە ئەو زەوییانەی کە بەجێیان هێشتوون تاڵان کراون، گوندەکانیان وێران کراون، هەڕەشەکانی پاسەوانی گوندەکان بەردەوامن، ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گرتراوە، ناکرێت باسی گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە بکرێت هەتاوەکو ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن.
کوردستان و قەیرانی سیاسی
لە کوردستاندا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، هێشتا نەیانتوانیوە حکومەتێک پێکهێنن، سیستەمی سیاسی لێرەشدا گەیشتووەتە بنبەست بەهۆی سووربوون لەسەر سیستەمی بنەماڵەیی، لەگەڵ پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کۆمەڵگە لەم ناوچەیەدا.
پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزی دیموکراتی لەبناوچەکەدا چارەسەری بنەڕەتییە بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییە ئاراستەکان، سەرەڕای بوونی هەوڵ لەلایەن هێزە دیموکراتییەکانەوە لەم ئاراستەیەدا، بەڵام ناکرێت بووترێت کە ئەنجامی پێویست تا ئێستا بەدیهاتوون.
هەروەها ڕێژەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنی ژنان لە کوردستاندا بەرزبوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیانەوە دەبینن، سەرجەم ئەو مەیدانانەی کە ژنان دەتوانن لە ڕێگەیانەوە خۆیان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەرببڕن هەڵدەوەشێنرێنەوە.
لەناو ڕێبازە بنەڕەتییەکانی چارەسەرکردندا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ئاراستەکان، گەشەپێدانی یەکڕیزی نیشتمانی دیموکراتییە، برپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەر پێکهاتەیەک کە لەم ئاراستەیەدا کار دەکات، ژنان دەتوانن ڕۆڵی پێشەنگ لەم بواری بگێڕن.
ژن لە بەرامبەر قەیرانەکانی ناوچەکەدا
ئەو پەرەسەندنەدیارییانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت کاریگەرییان لەسەر ژنان زیاتر دەبێت بەراورد بە کەسانی تر، چونکە ژنان لە شەڕەکاندا ڕووبەڕووی کۆچکردنی زۆرەملێ و برسیەتی و توندوتیژیی دەوڵەت دەبنەوە، و دەوڵەتەکان، لە ڕێگەی پێکهاتە گەندەڵەکانیانەوە، دەبنە ئەکتەری سەرەکی لە پراکتیزەکردنی توندوتیژی دژ بە ژناندا.
تاوانەکانی کوشتنی نارین گۆران، گوڵستان دۆکو، ڕوژین کابایش لە تورکیا بۆ هەمووانی نیشاندا کە چەندە دامەزراوەکانی دەوڵەت و کارمەندەکانی گەندەڵن، ئەوەندە دەبنە هاوبەش لەو تاوانانەی کە پەیوەندیدارن بە کوشتنی ژنانەوە.
ئەو پەرەسەندنەدیارییانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت کاریگەرییان لەسەر ژنان زیاتر دەبێت لە کەسانی تر، ژنان لەژێر باری توندوتیژیی دەوڵەت و توندوتیژیی پیاوسالاریدا پێکەوە، ڕووبەڕووی سیاسەتێکی بەرفراوانی کوشتن دەبنەوە کە بە شێوەیەکی مەترسی ئاراستەیان دەکرێت، هەروەها ئەقڵییەتی سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوە هەیە کە دەستکەوتەکانی ژنان دەکاتە ئامانج، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی پرسی ژناندا، جەختیکردۆتەوە لەسەر پێویستیی بونیادنانی یاسای ژن.
لەبەر ئەم هۆکارە، لە پرۆسەی ئێستادا سوورە لەسەر ئەوەی کە ژنانیش ئامادەی سەر مێزی دانوستانەکان بن، گرنگە کە نوێنەرایەتیی ژنان لەو لیژنانەدا هەبن کە پێکهێنراون، بزووتنەوە ژنانییەکان بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن وەک هێزێکی ڕێکخراو، دەستەکان پێکبهێنرێن بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی پرۆسەکە، چونکە هۆکاری بنەڕەتی کە پرۆسەکە بەرەو سەرکەوتن ببات، بریتییە لە تێکۆشانی ڕێکخراوی ژنان.