"خاوەنداریکردنی سروشتی کوردستان خاوەنداریکردنە لە هەبوونی خۆت"

دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک چ بە بڕینەوەی دارەکانی کوردستان، چ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو وادەکات خاکی کوردستان بێ بەرهەم بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان لە بارەی سووتاندنی سروشتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکی قڕکەر تەنها بە قڕکردنی کلتوور و زمان و چاندەوە نەوەستاوە لەگەڵیدا قڕکردنی سروشتیش بەڕێوە دەبات.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان بەم شێوەیەیە؛

لە ئەنجامی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بە داخەوە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەند کەسێک و برینداربوونی دەیان کەسی تر، گەلێک خەمبارین کە ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بەسەر گەلەکەمان هاتووە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان و گەلانی کوردستان دەکەین و داواکاری لە خوای گەورە دەکەین، بە زووترین کات شیفای بریندارەکان بدات.

 

دەوڵەتی تورکی قڕکەر تەنها بە قڕکردنی کولتوور و زمان و چاندەوە نەوەستاوە، لەگەڵیدا قڕکردنی سروشتیش بەڕێوە دەبات، لە کوردستاندا شتێک نییە بەناوی کارەساتی سروشتی، کارەساتی دەوڵەتی تورکی قڕکەر هەیە، چ بە بڕینەوەی دارەکانی کوردستان چ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو، کە وادەکات خاکی کوردستان بێ بەرهەم بکات، چ بە بۆمب بارانکردنی چیاکانی کوردستان و گوندنشینان، سروشتی ناوچەکە دەشێوێنێت، ئێستاش هەستاوە بە سووتاندنی سروشتی جوانی کوردستان بە سیاسەتێکى بەرنامە بۆ داڕێژراو، کە تەنها بەرامبەر هەبوونی کورد بەڕێوەی نابات، بەڵکو بەرامبەر سروشتی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەی دەبات.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بڕینەوە و بردنی دارەکانی و لە باشووری کوردستان بە دروستکردنی کارگە و باڵەخانە و بۆمب بارانکردنی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو لە زاپ و ئاڤاشین و خواکورک و مەتینا، وا دەکات سروشتی ناوچەکە بشێوێنێ و چەند ڕۆژێکیشە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەریوان و ئیلام و لوڕستان دەسوتێنن، بە دەستی ئەنقەست و دەوڵەت هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە نادات.

 

دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستانیشدا هەستاوە بە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان، ئەم سیاسەتی قڕکردنە بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی ١٤ کەس و برینداربوونی خەڵکی ناوچەکە، هەر تاکێکی کورد دەست لەناو دەست ڕووبەڕووی ئەم قڕکردنە بوونەوە، ئەمەش ڕێگری کرد کارەساتەکە گەورەتر ببێت، بۆیە پێویستە ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان بەرز بنرخێنین و بە گەلەکەمان دەڵێین کە دەوڵەتی تورکی قڕکەر بە هیچ شێوەیەک یارمەتی گەلی کورد نادات، بە پێچەوانەوە هەوڵی زیاتر دەدات بۆ قڕکردنی سروشتی کوردستان، بە تەواوی بووەتە دوژمنی سروشت و دوژمنی ئاژەڵ و دوژمنی کورد، لەبەر ئەوە پێویستە گەلەکەمان بە تەواوی خۆی ڕێکبخات بەرامبەر دەوڵەتی تورکی قڕکەر و لێپرسینەوە لەم دەوڵەت و دەسەڵاتە بکات.

 

شەرمەزاری بۆ دوژمنانی کوردستان و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر سروشتی جوانی کوردستان.