دایکێک کە داوای دادپەروەری دەکات لە ئێران دەستبەسەر کرا

لە شاری لاهیجانی ئێران، نەژەت میرازی، دایکی دوو کەس کە لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستدا، دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی کوڕەکەی، دەستبەسەر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

نەژەت میرازی، دایکی دوو کەس کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداو یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بنەماڵەکانی داوای دادپەروەری، دوێنێ لە لاهیجان دەستبەسەر کرا.

 

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نەژەت میرازی دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەبۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونی عیماد شوش کوڕەکەی کە لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەستداوە، دەستبەسەر کراوە.

 

باس لەوەشکراوە کە کۆمەڵێک بنەماڵە کە داوای دادپەروەری دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی گیلان دەیانەوێت بە بۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونی هیومان سەباغ کە گیانی لەدەستداوە لە لاهیجان کۆببنەوە، بەڵام ئەو مەراسیمەی یادکردنەوە کە پلانی بۆ دانرابوو لەسەر گۆڕەکەی بەڕێوەبچێت، بەهۆی فشاری هێزەکانی هەواڵگری و ئاسایش و دەوڵەتەوە ئەنجام نەدرا.

 

لە ناڕەزایەتییەکان دوو کوڕی لەدەستدا

عەلی شوش، شاعیر، ئەکتەر و مۆسیقاژەنی خەڵکی لاهیجان، لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێران دەستیپێکرد، گیانی لەدەستدا.

 

هەروەها عیماد شوش کوڕێکی دیکەی نەژەت میرازی لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی لاهیجان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.