هەڕەشە لە دژی ژنانی ئەفغانی... هاوسەرگیری بەزۆر وەک ڕوویەکی تری ستەم

ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی پارێزگا جیاوازەکانی ئەفغانستان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەیەک ژن و منداڵای کچ، بەتایبەتی خوێندەوار، هەڕەشە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و فشاری جیاوازیان لەسەر کراوە بۆ ئەوەی ناچاریان بکرێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان بکەن.

بەهاران لەهیب

 

کابول-لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ڕاپۆرتەکان لە پارێزگا جیاوازەکانی ئەفغانستانەوە دەرکەوتوون کە ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوەکە بەدوای هاوسەرگیریی ژنانی خوێندەواردا دەگەڕێن، زۆرجار وەک ژنی دووەم، سێیەم، تەنانەت چوارەمیش هەڵیاندەبژێرن، ژنانی ئەفغانی وتیان: تالیبان خوێندنی منداڵانی کچانی قەدەغە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەمان کاتدا ژنانی خوێندەوار ناچار دەکەن، لە ڕێگەی هەڕەشە و زۆرکردن، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامەکانیان یان کەسوکارەکانیان بکەن

 

بە سەیرکردنی گوندەکان یان ئەوەی لە تۆری کۆمەڵایەتی دەسوڕێتەوە، چەندین هەژمار دەردەکەون کە ژنان ناچار دەکرێن هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان بکەن، یەکێک لە دیارترین حاڵەتەکان حاڵەتی عابیدە، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی پارێزگای غورە، کە لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بۆ ئەوەی لە هاوسەرگیرییەکی زۆرەملێ لەگەڵ برای فەرماندەیەکی تاڵیبان ڕزگاری بێت، دواتر بەهۆی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

 

لە حاڵەتە هەرە شۆککەرەکان، گەواهی ئیلاهە دلاوەر زادە، کچی بەرپرسێکی پێشووی حکومی و خوێندکاری قۆناغی دووەمی پزیشکی و یەکێک لەو ژنانەی بەشداری ناڕەزایەتییەکانیان کردووە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣ بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، سەعید خوستی، بەرپرسێکی تاڵیبان، لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا دەستدرێژی دەکاتە سەری و دواتر بە زۆر هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، دوای ئاوارەبوونی بۆ پاکستان، دەسەڵاتدارانی پاکستان گەڕانێیانەوە بۆ تاڵیبان، لەوێش پێنج مانگ لە زینداندا بوو، لەو ماوەیەدا ئەشکەنجە درا، پێش ئەوەی دوای دانی بڕە پارەیەکی زۆر ئازاد بکرێت،دواتر پەنای بۆ وڵاتێکی ئەوروپی برد.

 

لە حاڵەتێکی دیکەدا، بیبی صدیقە، ژنێکی گەنجی خەڵکی بالا مرغاڤ لە پارێزگای بەدغیس، بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامێکی تاڵیبانی تەمەن ٧٠ ساڵ بەناوی خودای نازار کە پێشتر سێ ژنی هەیە، زیاتر لە دوو ساڵە زیندانی کراوە، بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، بژاردەی هاوسەرگیری و زیندانی پێدراوە و زیندانی هەڵبژاردووە لەبری هاوسەرگیری زۆرەملێ.

 

لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٦، جێمان حوسێنزادە و سارا یوسفی تەمەن ١٥ ساڵ لە کۆهستانات سەر بە پارێزگای سار پۆل کوژران، جێمان، بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری بۆکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، نزیکەی ٢٠ ساڵ پێشتر هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانی کردبوو و ڕووی لە ئەفغانستان کردبوو، لەوێ لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا بە "بیبی جێمان گوڵ" ناسرابوو، بە وتەی شایەتحاڵان، موفتی محەممەدوڵا، بەرپرسێکی بەشی حەج و ئەوقافی تاڵیبان لەو پارێزگایە، داوای هاوسەرگیری لەگەڵ سارا کردووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو و دایکی ڕەتیانکردووەتەوە، تەقەی لە هەردووکیان کردووە و کوژراون.

 

پێدەچێت سەدان ژن و منداڵی کچی دیکە بە زۆر لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان هاوسەرگیری بکەن، بەڵام چیرۆکەکانیان نەگەیشتووەتە میدیاکان و ئازارەکانیان کەمتر نییە لە ئازارەکانی ئیلاهە، عابیدە، جێمان، سارا یان سەدیقە.

 

ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دکتۆر غەلالی لە سەرخرود سەر بە پارێزگای نەنگرهار لەناو ماڵەکەی خۆیدا کوژرا، وەک لە زۆر حاڵەتی هاوشێوەدا، تاڵیبان تاوانەکەی بە نهێنی پێناسە کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکدارەکان شەوانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە و ئەشکەنجەیان داوە و دواتر خنکاندوویانە تا کوژراوە، هەروەها باوکی لە کاتی هێرشەکەدا دەستی شکاوە.

 

بەڵام شایەتحاڵە ناوخۆییەکان باسێکی جیاوازیان پێشکەش کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە غەلالی کە لە کلینیکێکی حکومیدا کاردەکات، چەندین جار گلەیی لە هەراسانکردن و پێشنیاری هاوسەرگیری نەشیاوی ئەندامانی تاڵیبان کردووە، کە بەردەوام ڕەتیکردەوە، ئەندامێکی خێزانەکەی ڕایگەیاندووە، فەرماندەیەکی تاڵیبان چەند ڕۆژێک پێش مردنی لە ڕێگەی پەیامی دەنگییەوە پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ کردووە و کاتێک ڕەتیکردووەتەوە شەو هێرشی کردووەتە سەر ماڵەکەی.

 

وەک لە حاڵەتەکانی تری کوشتنی ژنان، تاڵیبان باوکی غەلالی ناچار کردووە دان بەوەدا بنێت کە تاوانەکە لە تۆڵەسەندنەوەی کەسییەوە سەرچاوەی گرتووە، شایەتحاڵەکان وتیان باوکی کە میوەفرۆشە، لەو کاتەوە تووشی زەبرێکی دەروونی توند بووە.

 

لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو پزیشکی ژن ئەنجامدا کە لە نەخۆشخانە جیاوازەکانی کابول و سەر پول کاردەکەن، ئەوان دووپاتیان کردوە، کە زۆرجار فشار لەسەر پزیشکە ژنەکان دەکرێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان بکەن کە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن.

 

شایەتحاڵەکان دەستدرێژیەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان ئاشکرا دەکەن

ڕانا وەلی، پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی کابول وتی: بە شێوەیەکی تایبەتی شایەتحاڵی بەرپرسێکی تاڵیبان بووم، کە سەرپەرشتی کاری پزیشکەکانی دەکرد، یەکێک لە هاوکارە گەنجە ژنەکانی ناچارکرد هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، بە ئەمەش بووەتە هاوژینی چوارەمی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەریفە سیدقی، هاوکارەکەم ژنێکی گەنجی زیندوو و خۆپەرست بوو، بەڵام لەناکاو کشایەوە و بێدەنگ بوو، کاتێک پرسیارمان لە دایکی کرد کە لە هەمان نەخۆشخانە کاری پاککەرەوە دەکات، بە گریانەوە پێی وتین کە ئەو بەرپرسەی تاڵیبانە هەڕەشەی کوشتنی کوڕەکەی کردووە ئەگەر خێزانەکە بەو هاوسەرگیرییە ڕازی نەبوون، بۆیە هیچ بژاردەیەکیان نەبووە.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە دایکی شەریفە لە سەردەمی یەکەمی ڕژێمی تاڵیباندا هاوژینەکەی لەدەستداوە و دوو منداڵەکەی زۆر بە زەحمەت پەروەردە کردووە تا خوێندنیان تەواوکردووە، بەڵام دواجار ناچار بووە بەم هاوسەرگیرییە ڕازی بێت بۆ ئەوەی ژیانی کوڕەکەی ڕزگار بکات، رانا وەلی وتی: دەوترێت ئەم ئەندامەی تاڵیبان چوار ژنی دیکەی هەیە.

 

زەکیو ڕەحمانی، پزیشک کە پێشتر لە نەخۆشخانەیەکی سەر بە پارێزگای سەری پول کاری کردووە، وتی: بەهۆی هەڕەشەکانی تاڵیبانەوە ناچار بووم کارەکەم بە جێبهێڵم و لە پارێزگاکە بڕۆم، هەرچەندە دەستگیراندار بووم و بڕیاربوو چەند ڕۆژێکی تر بەرەو لەندەن بڕۆم بۆ ئەوەی لەگەڵ دەزگیرانەکەم بم، بەڵام فەرماندەیەکی تاڵیبان داواکارییەکی نارد بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگوڵ بکەم، خێزانەکەم پێیان وت من دەستگیراندارم، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە، وتی دەزگیرانەکەم لەوێ نییە و نابێت چاوەڕێی بکەم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای هەڕەشەی چەندین جار، ناچار بووم کار و ماڵەکەم بەجێبهێڵم و پەنا ببەم لە کابول، ئێستا من و دایک و باوکم و دوو برا بچووکەکەم بڕیارمانداوە ئەفغانستان بەجێبهێڵم، چونکە دەترسم تەنانەت لێرەش بدۆزنەوە.

 

لە ڕاستیدا ژنان لە ئەفغانستان نەک هەر بەدەست نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دامەزراندنەوە دەناڵێنن، بەڵکو ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەستگیرکردن دەبنەوە بەهۆی "پەردەپۆشکردنی نادروست"، قامچی لێدانی گشتی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، توندوتیژی و جۆرەها چەوساندنەوە، بە وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ژنانی ئەفغانی ئەمڕۆ لە ژێر سیستەمێکدا دەژین کە لەسەر بنەمای جیاکاری و توندوتیژیی پێکهاتەیی دامەزراوە، ڕووبەڕووی چەندین جۆری گۆشەگیری و سەریەککەوتوو دەبنەوە.