بانگەوازێک بۆ ڕۆژنامەنووسان: ببنە دەنگی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆر کراو
لە شاری سلێمانی، شاندی هاوبەشی ڕۆژنامەنوسانی کورد و بیانی، بانگەوازیان لە تەواوی دەزگا میدیایی و لایەنێکدا ، کە خاوەنداری لە ڕۆژنامەنوسان بکەن، جەختیان لە سزادانی بکوژانی "شەهید گولستان تارا و هێرۆ بەهادین"یان، کردەوە
سلێمانی
شاندێکی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، کە لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و بیانی پێکهاتبوون، ئەوانی، شئالیس ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرەیی، هەندرێن فەرەج محەمەد، ژاڵانە نەقشبەندی و دەڤریم ئاڵپ، لەسەر بانگەوازی ڕۆژنامەنووسانی ژنی کورد- ڕۆژن و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە ئەوروپاوە هاتنە باشووری کوردستان و لە ماوەی سێ ڕۆژدا سەردانی دەزگا و ڕێکخراوە میدیاییەکانیان کرد و ئامانجیان کارکردنە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی دۆسیەی بە ئامانجگرتنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان دەزگا میدیاییەکان.
لە سەرەتادا شاندی ڕۆژنامەنووسان سەردانی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییان کرد و جەخت لەسەر پێویستی پارێزراوی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان کرایەوە، لە هەر هێرش و پەلامار و بە ئامانجگرتنێک.
لە یەکەم ڕۆژی سەردانەکەیاندا، شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لەگەڵ کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، ژن تیڤی و بەشی سۆرانی ئاژانسی نوژنها، خانەوادەی هێرۆ بەهادین و مەزاری هێرۆ بەهادین و خانەوادەی رێبین بەکریان کرد، لە دووەم و سێیەم ڕۆژدا هەریەک لە ڕێکخراوی جاسەنە و سپی میدیا، شارپرێس و رۆنووس، سەندیکای رۆژنامەنووسان، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، کەناڵێ کەی ئێن ئێن و کەناڵی ئێن ئاڕتیان بەسەر کردەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکانیان دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، جەختی لەوە کردەوە، داوایان لە میدیاکارانی کورد و جیهان و مافەکانی مرۆڤ کردووە، بەرپرسیاری بۆسەر هەر هێرش و داگیرکاریەک بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بخەنە ئەستۆی خۆیان، هاوکات داواکاریان لە حکومەتە خۆجێی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان کردووە، سەلامەتی ژیانی ڕۆژنامەنووسان لە کارکردندا لە هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێت، بکوژان لە دادگاکاندا بە سزا بگەیەنن تا تیرۆرەکانی هاوشێوەی گوڵستان و تارا ڕوو نەداتەوە، پێویستە تەواوی ڕاگەیاندکاران و میدیکان لەهەر دامودەزگایەک و بۆهەر ئەجێندایەک کاربکەن لە بەدەست هێنانی مافەکانی ڕۆژنامەنوساندا یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن.
هەندرێن فەرەج محەمەد، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی شاندەکە، ئاماژەی بە سەردانەکانیان کرد و وتی: لە ۲۳ی ئابدا وەک هەموو هێرشەکانی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی کۆمپانیای چەتر، کە بۆ کاری میدیای لەسەر ڕێگای سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سێ لە ڕۆژنامەنووسی ئازادیان کردە ئامانج، تێیدا گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهید دەکرێن و ڕێبین بەکر، بە سەختی بریندار دەبێت، ئەم هێرشە بە هاوکاری و چاوساغی "هاوکاری سەربازیی و ئەمنی و دژەتیرۆر" ئەنجام دراوە، لە کاتێکدا ئەم هێرشانە بە ڕوون و ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتداران و حکۆمەتی عێراقیەوە چاوپۆشی لێ دەکرێت، هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە دژی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و تاوانەکانی شەڕخوازانەوە دژ بە کورد کرانە ئامانج و کوژران.
لە درێژەی کۆنگرەکەدا وتی: ئێمە شاندێکی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد و بیانی سەردانی شاری سلێمانیمان کرد و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراو و سەنتەر و سەندیکا داکۆکیکارەکان لە مافی ڕۆژنامەنووسان و پارێزگاری سلێمانی دیدار و چاوپێکەوتنمان ئەنجام دا، سەبارەت بە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) و هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان، بیروڕامان گۆڕییەوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی هەردوو شەهید و چارەسەری گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان، چەندین پێشنیار و چارەسەرمان لەلا گەڵاڵە بوو و جەختمان لە کاری پێکەوەیی و پتەوکردنی پردی پەیوەندی نێوان ڕۆژنامەنووسانی کورد لە کوردستان و دەرەوە کردەوە، شاندەکەمان سوپاسی تەواوی ئەو لایەن و دەزگا میدیاییانە دەکاتەوە کە دانیشتن و پێکەوە بوونمانیان بەرز نرخاند، هیوادارین بە بێ ئەجێندای سیاسیی تەواوی ڕۆژنامەنووسان هاوکارمان بن لەم داکۆکیکردن و بەرپرسارێتی ڕۆژنامەنووسان بگرینە ئەستۆمان.
شاندەکە بانگەوازیان لەوەکرد، "بانگەوازی ئێمە بۆ ڕای گشتیی ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان بە تەنیا بەجێنەهێڵدرێن و خاوەنداری لە مافی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری بکرێت، داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، کە بزانن هەموو ڕۆژنامەنووسێکی کوژراو زمان و دەنگی ئەوانە، دەبێت خاوەنداری لە ڕۆژنامەنووسان بکەن".
لە کۆتاییدا جەختیان لەوەش کردەوە، بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا خەباتێکی یاسایی لە دژی دەوڵەتە تاوانکارەکان ئەنجام بدرێت، داوا لە میدیا کوردی و جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین تا بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان بەجێبهێڵن، هاوکات بانگەواز لە حکومەتی عێراق و حکومەتی خۆجێی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، ڕۆژنامەنووسان لە هەر جێگایەکدا بن خاوەن هەر دیدگایەکی سیاسی بن وەک خێزانێک بیانبینن، کار بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان بکەن، بەردەوامبن لە گەیاندنی ڕاستی و فکری ئازادی بە تەواوی کۆمەڵگە ، ئێمەی ڕۆژنامەنووسان خێزانێکین "هێرۆ و گوڵستان" یەکێکبوون لە خێزانەکەی ئێمە، خێزانەکەمان دوو کەسی لێ شەهید کرا، نابێت ئێمە بهێڵین خوێنیان بفەوتێت.