هێرشی درۆن داهاتووی منداڵانی سوودان دەخاتە مەترسییەوە

لە ئەنجامی زۆربوونی هێرشەکانی درۆنەوە، نزیکەی ٢٧٠ منداڵ کوژراون و بریندار بوون. ئەم هێرشانە ئاسایش، پەروەردە و دەستگەیشتن بە ئاو لە دانیشتووان دەستێنن. لە هەمانکاتدا، ئاگاداری لەبارەی فراوانبوونی بازنەی ملمڵانێ و سەختیی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەدرێت

ناوەندی هەواڵ 

 

منداڵانی سوودان لە یەکێک لە گەورەترین و قورسترین قەیرانە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤدان. ئەو قەیرانەی لە ئەنجامی شەڕەکەوە کە لە نیسانی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، منداڵانی کردووەتە ناوەندی تراژیدیایەکە. ملیۆنان منداڵ، بەهۆی کاریگەرییە وێرانکەر و ڕاستەوخۆکانی شەڕەکەوە، لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا باری قورس هەڵدەگرن. ئەم بارودۆخە ژیانی ئێستایان خراپتر دەکات و داهاتوویان دەخاتە مەترسییەوە.

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف)، دوێنێ ڕایگەیاند کە هێرشەکانی درۆن بوونەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی نزیکەی ٢٧٠ منداڵ. ئەم ژمارەیە ٦٦ لە سەدی کۆی ئەو منداڵانە پێکدەهێنێت کە لە نێوان کانوونی دووەم و ئەیلوولی ئەمساڵدا لە سوودان کوژراون. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی درۆن سێ پێداویستیی بنەڕەتیی دانیشتووانی سوودان، واتە ئاسایش، پەروەردە و ئاو، دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئاگاداری دا کە ئەم چەکانە چیتر شەڕەکە ڕاستەوخۆ دەگەیەننە ئەو ناوچە و کۆمەڵگایانەی کە پێشتر وەک شوێنی سەلامەت بۆ دانیشتووان و خێزانەکانیان سەیر دەکران.

 

گەورەترین قەیرانی برسێتی و ئاوارەیی لە جیهاندا

شەڕەکەی کە لە نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە نێوان هێزەکانی پاڵپشتیی خێرا و سوپای سووداندا بەردەوامە، بە پێی خەمڵاندنی کارمەندانی بواری مرۆیی، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس. هەروەها ئەم شەڕە بووەتە هۆی گەورەترین قەیرانی برسێتی و ئاوارەیی لە جیهاندا.

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یونیسێف ئاماژەی بەوە کرد کە زیادبوونی بەکارهێنانی درۆن بۆ ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی، کاریگەرییەکانی شەپۆلی وشکەساڵییەکەش کە سوودانی گرتووەتەوە، خراپتر دەکات. ئەو ئاگاداری دا کە درۆن و وشکەساڵی، منداڵانی سوودان لە هەموو لایەکەوە دەخەنە ژێر فشارەوە. هەروەها وتی تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمدا، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات، لانیکەم ١٥ جار بوونەتە ئامانجی هێرشی درۆن.

 

منداڵان ڕووبەڕووی قورسترین و کوشندەترین جۆرەکانی خراپخۆراکی دەبنەوە

هەروەها بەرپرسی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا دەبێتە هۆی وەستانی پەمپەکانی ئاو و تێکچوونی پرۆسەی پاککردنەوەی ئاو. ئەمەش خێزانەکان ناچار دەکات پەنا بۆ سەرچاوەی تری ئاو ببەن کە گران و نائاسایشن. لە ئەنجامدا، ژیانی دانیشتووان دەکەوێتە مەترسیی نەخۆشییەکانی ڕێگەی ئاوەوە، وەک کۆلێرا.

 

چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی ٨٢٥ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ، تووشی قورسترین و کوشندەترین جۆرەکانی خراپخۆراکی ببن.