”هێرشکردنە سەر نوژنها هێرشێکە بۆ سەر ڕاستییەکان”

مریەم ئەحمەدی دانیشتووی پارێزگای سار ئی پول لە ئەفغانستان دەڵێت: هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئاژانسی هەواڵی نوژنها هێرشێکە بۆ سەر ڕاستی و مافی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، جەختی لەسەر گرنگی میدیای سەربەخۆ لە گەورەکردنی دەنگی ژنان کردەوە.

بەهاران لەهیب

 

سار ئی پول- ئازادی ڕادەربڕین مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و بەردی بناغەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و بەرپرسیارە، میدیای سەربەخۆ بە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و گەورەکردنی دەنگی زیانبەرکەوتووان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە هۆشیارکردنەوەی گشتی و لێپرسینەوە لە بەرپرسیارەکان، لەگەڵ سەرهەڵدانی سانسۆر و هەڕەشە و سنووردارکردنی کاری میدیایی، پێویستی بە میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆ لە هەموو کاتێک بەپەلەترە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا ئاژانسی هەواڵی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (نوژنها) هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەو گێڕانەوە و ڕاستیانەی داوە کە زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە هۆکاری جیاواز نەیانتوانیوە ڕەنگدانەوەیان هەبێت، ئەم ئاژانسە بە گرنگیدان بە پێگەی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و کاردانەوەی سیاسەتە سنووردارەکان، بووەتە دەنگێک بۆ ئەو ژنانەی کە زۆرجار لە دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمە گشتیەکان بێبەش دەکرێن، بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە، قسەکردن لەگەڵ زیانبەرکەوتووان و بیرکردنەوە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان بەشێکن لە ئەرکی ئاژانسەکە.

 

هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئاژانسی نوژنها تەنها هێرشکردنە سەر ماڵپەڕێک یان دەزگایەکی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکو پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆیشتنی زانیاری، ئەم جۆرە هێرشانە بە شێوەیەکی گشتی ئامانجیان بێدەنگکردنی دەنگە سەربەخۆکان و چاندنی ترسە لە ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڕاستییەکان، بەڵام ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ناتوانرێت بە هێرشی ئەلیکترۆنی و جۆرەها فشار بۆ هەمیشە ڕاستییەکان بشاردرێتەوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵەنگاریە زۆرانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی میدیا دەبێتەوە، پشتگیریکردنی میدیای سەربەخۆ و ئازادی ڕادەربڕین گرنگییەکی سەرەکیی هەیە، بەردەوامی کارکردنی ڕێکخراوە میدیاییەکان کە پابەندن بە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، نەک تەنها بۆ هۆشیارکردنەوەی گشتی بەڵکو بۆ پاراستنی یادەوەری مێژوویی و بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان گرنگە، هێرشی ئەلیکترۆنی ئەم دواییە بۆ سەر ئاژانسی نوژنها جارێکی دیکە نیشانی دا کە خەبات بۆ ئازادی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بەردەوامە و پێویستی بە هاودەنگی و پشتیوانی بەرفراوان هەیە.

 

مریەم ئەحمەدی، دانیشتووی پارێزگای سار ئی پول و خوێنەری ئاژانسی نوژنها، هاوسۆزی خۆی بۆ ئێمە نووسیوە: نزیکەی سێ ساڵە بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکانی نوژنها دەکەم، هۆکاری سەرەکی سەرنجدانم ئەوەیە کە ئەم ئاژانسە ڕاگەیاندنە باس لەو بابەتانە دەکات کە بەدەگمەن لەلایەن میدیاکانی دیکەوە ڕووماڵ دەکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژنان و زیانبەرکەوتووانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە هەیە.

 

کاتێک هەواڵەکەم خوێندەوە و زانیاریم لەسەر هێرشەکە زانی، زۆر دڵتەنگ بووم، هەستم دەکرد ئەم هێرشە تەنها یەک دەزگای ڕاگەیاندن نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڕاستییەکان بزانن، کاتێک دەزگایەکی ڕاگەیاندن دەکرێتە ئامانج بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان، مافی خەڵک بۆ دەستگەیشتن بە زانیاریش پێشێل دەکرێت، پێم وایە هەندێک تاک و گروپ نایانەوێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن، ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە ڕووماڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پرسی ژنان و بارودۆخی کۆمەڵگە دەکەن، ڕەنگە ناخۆش دەرکەون بۆ ئەو کەسانەی کە حەزیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاستیانە نییە، هەر بەم هۆیەشەوە هەوڵ دەدرێت ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانە بکرێت یان هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسەکانیان، ئەم ئاژانسە بە زۆرێک لە چیرۆکی ژن و منداڵانی کچی ئەفغانی و ئێرانی و کورد و دیکەی ئاشنا کردم، ئەو ڕاپۆرتانەی کە سەبارەت بە سنووردارکردن و توندوتیژی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، دیدگای من لە زۆر بابەتدا لە قاڵب دەدەن و هەست دەکەم دەنگی ئەو ژنانە دەبیستم کە بەزۆری دەرفەتیان پێ دەدرێت خۆیان دەرببڕن.

 

دەمەوێت بە ئەندامانی ئاژانسی هەواڵی نوژنهابڵێم کە کارەکانیان بەنرخن و زۆرێک لە خوێنەران هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنن، هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و فشارەکان نابێت ڕێگریان لێبکات لە بەردەوامبوون لە چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیان، کۆمەڵگە پێویستی بە میدیای سەربەخۆ هەیە کە بوێرانە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان بێت و دەنگێک بێت بۆ بێدەنگەکان.