هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش ئاوارەبوون

هێرشە بەردەوامەکانی سەر لوبنان بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٦ کەس و برینداربوونی سێ کەسی دیکە و ئاوارەبوونی سەدان کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرەسەندنی هێرشە سنووربەزێنەکان ترسی لە ململانێیەکی بەرفراوان دروستکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆخە گرژی و پێشبینییانەی کە لوبنان بە دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدا تووشی دەبێت.

 

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ ١٦ی ئاب لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، نزیکەی ١٠ مانگە زیاتر لە ١١٠ هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارە بوون و ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا بەردەوامە.

 

ئاماژەی بەوە کردووە کە ٪٣٥ی ئاوارەبووەکان منداڵن، هەروەها نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس هێشتا لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبناندان، هەروەها ٪٢٣ی دانیشتووانی وڵاتەکەی بەدەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن، دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ڕابردوودا ڕێژەکەیان ٪١٩بووە، ئەمەش جەختی لەسەر پێویستییەکە کردووەتەوە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ فریاگوزاری بۆ شارە زیانلێکەوتووەکان.

 

ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری سەر بە وەزارەتی تەندروستی لوبنان، گیان لەدەستدانی ٦ کەس و برینداربوونی سێ کەسی دیکەی ڕاگەیاند.

 

حزبوڵا بە پاڵپشتی ئێران لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی بەردەوامیان ئاڵوگۆڕ کردووە و سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان.