"هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە"

ژنانی شاری حەسەکە ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێ نییه چونکه مێژووەکەی پڕه له کۆمەڵکوژی گەل و ڕایانگەیاند، هێرشه که دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەم دەوڵەتی تورک هێرشی جینۆسایدی بۆ سەر زۆرێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ١٧ هاووڵاتی کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە، گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش برینداربوون، ژنانی حەسەکە کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هێرشەکان، ڕایانگەیاند، هێرشەکە دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە و تا کۆتایی بەرگری لە دەستکەوتەکانی خۆیان دەکەن.

 

"دەوڵەتی تورکیا بە دژایەتیکردنی پێکهاتەکان ناسراوە"

ئەسما مەلا، جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی گشتی گەنجانی پارتی نیشتمانی سووریا وتی: ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ژێرخانی ناوچەکە بکاتە ئامانج، ئەمە شتێکی نوێ نییە، مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە کۆمەڵکوژی و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا بە دژایەتیکردنی گەلی ڕاستەقینە ناسراوە.

 

"پێویستە هەموو لایەنەکان یەکبگرن دژی هێرشەکان"

ئەسما مەلا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامانج لە هێرشەکان بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیرییە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، حکومەتی تورکیا هەمیشە دەیەوێت ترس لە خەڵکدا بچێنێت و لە ڕێگەی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان کۆچیان پێبکات، هەروەها بەم هێرشانە هەوڵ دەدات قەیرانەکانی ناوەوەی خۆی دەربهێنێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بیانووی درۆ ناوچەکانمان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەو هێرشانە بهێنێتەوە، پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە دژی ئەم هێرشانە دەستی یەکبگرن و لەبەرامبەر هێرشەکاندا بوەستن و بچنە ناو هێزەکانی پارتی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" بە تایبەتی داوا لە گەنجان دەکەم کە بە شەڕی تایبەت فریو نەدرێن و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانە ئەنجام بدەن.

 

"ئەو دەیەوێت بە هێرش ژیانی هەرێمەکە لەناوببات"

شەیما خەڵەف، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی نیشتیمانی سووریا، ئیدانەی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر هەرێمەکە کردو وتی: ماوەی ١٣ ساڵە دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک ناوچەکانی ئێمەی کردۆتە ئامانج، بەڵام لەم دواییانەدا دەستی کردووە بە ئامانجگرتنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، تەنانەت فڕنی نانەکانیش لە هێرشەکانی ئەو بێبەری نین، دەوڵەتی تورکیا ئامانجی تێکدانی شێوازی ژیانی ناوچەکەیە. منداڵ و ژنان هەمیشە لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن، هەروەها ئامانجی تێکشکاندنی دەستکەوتەکانی شەڕشی ١٩ی تەمووزی ژنان، تێکشکاندنی بیرە ئازادەکانە، زۆر باش دەزانین دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چی دەکات و چ پلانێکیان لەبەردەم خۆیان داناوە.

 

"ئێمەی گەلی هەرێمەکە پێکەوەین"

شەیما خەڵەف بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی سەر ناوچەکە شەرمەزار کردو وتی: وڵاتانی نێودەوڵەتی تەنیا تەماشاکەری ئەو هێرشانەن، تەنانەت بۆچوونی خۆیان لەو بارەیەوە نادەن،  ئەم هێرشانە بە ڕەزامەندی ئەو دەوڵەتانە ڕوودەدەن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە ئامانجی دروستکردنی ناتەبایی لە ناوچەکەدا، ناوبەناو ئاژاوەگێڕی ئەنجام دەدات، پێویستە هەموو گەلی ناوچەکە ئاستی بەرخۆدان بەرز بکەنەوە و لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بوەستن، ئێمە وەک گەلی ناوچەکە لە تەنیشت یەکترەوە وەستاوین، ئامانجمان چارەسەرکردنی قەیرانی سووریایە و هەمیشە هەوڵدەدەین چارەسەری سیاسی بۆ بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک بدۆزینەوە.