"هێرشەکان بۆ سەر ژنان سیاسی و پلان بۆ داڕێژراون"

ڕۆژنامەنووس مەهتاپ ئۆراک باسی لە هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و ژنان کرد و ڕایگەیاند، دەسەڵات خۆی لەسەر ئینکاری و لەناوبردنی ژنان بونیاد دەنێت، بۆیە ژنان دەکەنە ئامانج و ە هێرشەکان بە شێوەیەکی سیاسی و پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێن.

حەسنا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ- هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە، ڕۆژی ٢٣ی ئاب ئۆتۆمبیلی ڕۆژنامەنووسان لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کرایە ئامانج و ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا، ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژنامەنووسان بکرێنە ئامانجی هێرشی لەشکرکێشی، ئەوانەی دەبنە دەنگ و زمانی گەلی ستەملێکراو و ڕاستی دەستدرێژکاران دەگەیەنن، هەمیشە دەکرێنە ئامانج.

 

ڕۆژنامەنووس مەهتاپ ئۆراک هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانی ژنی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، خەباتێکی بەهێز و هاوبەش لە دژی هێرشەکان پێویستە.

 

"دەسەڵات لەسەر بنەمای ئینکاری ژن دامەزراوە"

مەهتاپ ئۆراک ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەبیر هێنایەوە کە کرانە ئامانج و وتی: هەموو قارەمانەکان لە شێوەی ڕۆژنامەنووس گوڵستان و هێرۆ بەبیردەهێنینەوەو ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین کە ژنان دەکەنە ئامانج، سیستمی باوکسالاری و دەوڵەتپەرستی لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا دامەزراوە، بۆیە سەرەتا ژنان دەکەنە ئامانج، ئەم سیستمە کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە ڕەوا دەزانێت، ئێمە سەدەی ٢١ بە سەردەمی ئازادی ژن پێناسە دەکەین، چونکە ژنان بە ئایدۆلۆژیایەکی ئازاد و دیموکراتیک درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، لە خەبات بۆ ئازادیی کورد، خەباتی خۆمان لەسەر ئاستی شۆڕشگێڕانە بەڕێوە دەبەین.

 

"ئەو ژنانەی دەبنە دەنگی گەل دەکرێنە ئامانج"

 مەهتاپ ئۆراک تیشکی خستەسەر هۆکاری بەئامانجگرتنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ژنە ڕۆژنامەنووسان و وتی: هێرشکردنە سەر کورد و ژنان سیاسی و پلان بۆ داڕێژراون، کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان سیاسییە و کاتێک باس لە کورد دەکرێت، ئەم هێرشانە قورستر دەبن، چونکە کورد داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکات، سیستمی حکومەت و ڕاستی سیستمە دەسەڵاتدارەکان ئاشکرا دەکات، بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنوسان تەنها لەناو کورددا بوونی هەیە، چونکە دەنگی کۆمەڵگەکەیەتی، لە مێژووی نزیکدا، لە هێرشەکانی داعش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی شەنگال و کوردستان، ژنە ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان و دەنیز فورات بوونە ئامانجی ئەو هێرشانە، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووسان گوڵستان و هێرۆ لە باشووری کوردستان بوونە ئامانجی ئەو هێرشانە، ئەم هێرش و بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان بە هاوکاریی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکڕوویدا، وەک نەتەوە و گەلێک لە خەباتداین، بەشداری ژنان لە سیستمی دیموکراسیدا زیاتر و لە پێشەوەیە، بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان بکرێتە ئامانج، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ئێستا بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، هەروەها ئەمە گەورەترین هۆکارە بۆ هێرشی داگیرکەران بۆ سەر ژنان، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ژنە ڕۆژنامەنووسەکان زیاتر بە پێنووس و کامێراکانیان باس لە ڕاستییەکان دەکەن و ئازارەکانی کۆمەڵگە پێناسە دەکەن، هەر بۆیەش دەکرێنە ئامانج.

 

"لە دژی کردارەکانی سەر ژنان تێکۆشان پێویستە"

لە کۆتایی قسەکانیدا مەهتاپ ئۆراک داوای ڕێزگرتن لە کاری پاکڕەوانەکان و گرنگی پەیڕەوکردنی ڕێبازەکەیانی کرد و وتی: لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن و لە دژی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی لە ئێران دەستبەسەرکردنی ڕۆژانەی ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان و دواجاریش بەئامانجکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ژنە، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، دەبێت تێکۆشان چڕتر بکرێتەوە، وەڵامی ئێمە بۆ ئەم هێرشانە درێژەدان بە هێڵی شەڕڤانان و هەڵگرتنی پێنووسەکانیانە، لە شوێنی هەر پاکڕەوانێک دەیان کەس جێگیر بکرێن، پێویستە درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن لە لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا.