"هەنگاوی ئازادی ئۆجالان پاراستنی بوون و شوناس و مێژووە"
لیان شیندا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کژار باسی لە هەنگاوی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد کرد و وتی: هەنگاو بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان پاراستنی بوون و شوناس و مێژووە.
ڕۆنیدا حاجی
ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ئەوروپا لەلایەن ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان و فەیلەسوفانەوە دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
لیان شیندا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کژار ھەنگاوەکەی بۆ دەزگاکەمان ھەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە ئەم ھەنگاوە ھەنگاوی بوون و نەبوونە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک لەم ھەنگاوەدا بوونی خۆیان بپارێزن و ئاگاداری بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بن.
"خاوەنداری کردن لە هەنگاوەکە خاوەندارێتی کردنە لە چارەنووسی گەل"
لیان شیندا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کژار ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد بە پرۆسەیەکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و وتی: بە پڕۆسەیەکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕین، ئەم پرۆسەیە چارەنووسی گەلە، بەتایبەتی بۆ گەلی کورد و کوردستان، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا ئەو هەنگاوەی کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردبوو، لە قۆناغی دووەمی خۆیدا بەردەوامە، هەموو خەڵک لە هەموو جیهانەوە هەر لە نووسەرەوە تا فەیلەسوف، ئازادیخوازان و کەسانێک کە لە دژی سیستمی کۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری دەوەستن پەیوەستن بەم هەنگاوەوە، هەوڵ دەدەن بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بپارێزن و وەک سیستمی داهاتوو و ژیانی خۆیان بەکاری بهێنن.
"ڕێبەر ئاپۆ پێناسەی ئازادییە بۆ ژنان"
لە درێژەی قسەکانیدا، لیان شیندا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان باجێکی گەورە دەدات و خەبات دەکات بۆ ئەوەی گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بوون و ناسنامە و مێژووی خۆیاندا بژین و وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پشتیوانی بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەیە، بەڵام بەس نییە چونکە ڕێبەر ئاپۆ بوونێکە بە تایبەتی بۆ ژنان، پێناسەی ئازادی و سەربەخۆییە، ئەگەر لەم جیاوازییەدا بین بۆ ئەوەی بوونی خۆمان لەگەڵ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ ببینین، دەتوانین بڵێین تا گەلی کورد ئازادی خۆیان بەدەست نەهێنن، گەلانی دیکە ناتوانن سیستمی یەکسانی و دیموکراسی و ئاشتی بونیاد بنێن، ئەمەش پەیوەندی بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆوە هەیە، بۆ ئەوەش نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو پێویستە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگاداری ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بن و وەک ئازادیی خۆیان سەیری بکەن.
"سەدەی ئازادی ژن پەیوەستە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ"
لیان شیندا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو گەلانی جیهان و بەتایبەت ژنانی جیهان بووەتە هەناسەیەک و هیوایەک و قۆناغێک بۆ ئەو سەدەیەی کە ببێتە سەدەی ئازادی ژنان، لە هەمان کاتدا، سەدەی ئازادی بۆ گەلی ستەملێکراو بتوانن ئازادی خۆیان بژین بە شێوەیەکی سەربەخۆ و یەکسان، هەرکەسێک بە دەنگ و زمان و ڕەنگی خۆیەوە بژی، دەبێت مردن و ژیان پێکەوە کۆبکەینەوە.
"پێویستە گەل یەکگرتووبێت و دەنگیان بکەنە یەک"
لیان شیندا ئاماژەی بەوەشکرد، لە پڕۆسەی هەستیاردا پێویستی بە یەکگرتوویی گەلی کورد هەیەو وتی: سیستمی دەسەڵاتداری لە جیهاندا چیتر جێبەجێ ناکرێت، ژیان بێ هەناسەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بە هەناسەیەکی ئازاد ژیان بژین، دەبێت ئاگاداری ڕێبەر ئاپۆ بین، لە منداڵەوە تا بەساڵاچووان، با دەستی یەک بگرین و هەنگاو بۆ سەرکەوتن بنێین، پێویستە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بکەنە هەوێنی ژیانی خۆیان و پێکەوە ژیانێکی هاوبەش و یەکسان بژین و خاوەندارێتی لە هەنگاوی ئێستا بکەن، بابەتەکە تەنها گەلی کورد نییە، ئەم هەنگاوە هەنگاوی بوون و نەبوونە، لەم هەنگاوەدا پێویستە هەموو کەسێک بە کولتوور، ڕەوشت و ناسنامە و مێژوو بوونی خۆی بپارێزێت.
"دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاریی پەدەکەو ئێران باشووری کوردستانی گەمارۆداوە"
لیان شیندا سەرنجی بۆ پلانەکانی جینۆساید دژی گەلی کورد ڕاکێشا، کە بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی ئەنجام دەدرێن و وتی: ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕین، ١٥ ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەیران دروست بووە، ئەم قەیرانە وەک دەفرێک دەکوڵێت و خەڵک دەسووتێنێت، بەتایبەتی گەلی کورد، ئەمڕۆ هاوکاری نێوان بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی تورک بە هاوکاری ناتۆ و هێزە هەژموونەکان هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر گەلی کورد بەتایبەت لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت، دەتوانین ئەوە ڕوون بکەینەوە کە بابەتەکە گەلی کوردە، ئازادی، بوون، نیشتمان و مێژووی گەلی کوردە، بۆیە پێویستە گەلی باشوورمان ئەم هێرشە بەم شێوەیە ببینن کە ئەمە هێرشێک بێت بۆ سەر زمان، کولتوور، مێژوو و ناسنامەی گەلی کورد و بێدەنگ نەبن.
"چارەسەر یەکڕیزییە"
گەلی باشوور خەباتێکی گەورەی هەیە و لە مێژوودا باجی قورسی داوە، ئەم بێدەنگییە دوای ئەوەندە خەبات و بەرخۆدان چییە؟ چۆن دەتوانن ئەو بەهایانە کە بە دەست و خوێن و زەحمەتی منداڵەکانتان بەدەستتان هێناوە ڕادەستی ماڵی بارزانی بکەن و بێدەنگ بن؟ ئەگەر نەتوانین شەڕ بکەین و نەتوانین ئەو شەرەفەمان هەبێت، بوون و ژیانمان چییە؟ بانگەوازی ئێمە بۆ گەلی باشوور و هەموو گەلی کوردە کە نەهێڵن ماڵی بارزانی ئەو زەحمەت و بەهایانە بخەنە بەردەست دەوڵەتی تورکیا کە بە خەبات و خوێنی منداڵەکانتیان بەدەست هاتوون، چارەسەر یەکڕیزییە، بۆ ئەوەی خۆمان لە ئەقڵییەتی عوسمانیی و جینۆساید بپارێزین، کە سەدان ساڵە کۆمەڵکوژی بەسەر کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدات، دەبێت بە یەکگرتوویی خۆمان و ئاستی خەباتمان بەرز بکەینەوە.
"بانگەوازی یەکگرتوویی گەلی کورد دەکەین"
لیان شیندا داوای لە کوردەکان کرد کە ئاگاداری ئایندەی منداڵەکانیان بن و یەکگرتوو بن و وتی: وڵات وڵاتی ئێمەیە، پێویستە ئێمەی کورد ئاگاداری ئایندەی منداڵەکانمان بین، گەلی کورد لە هەر کوێ هەناسە بدات، دەبێت یەکگرتوو بێت و دژی داگیرکەران بوەستێت، ئەگەر ئەمڕۆ بیانەوێت باشوور داگیر بکەن، لە داهاتوودا دەبێتە ڕۆژئاواو، ڕۆژهەڵات و باکوور، بۆ ئەوەش پێویستە پاڵپشتی هەنگاوی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەین و سەرکەوتن مسۆگەر بکەین، خاوەن ئیرادەیەکی گەورەین، ٥٠ ساڵە خەبات و بەرخۆدان دەکەین، کاتی ئەوە هاتووە خاوەندارێتی بکەین.