"هەمیشە دەنگی هیواخوازی ژنانی باشوور ڕادەگەیەنین"
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە کەناڵی ڕۆناهی تیڤی کار دەکەن سەبارەت بە بڕیاری داخستنی چەند دامودەزگا لە باشووری کوردستان ڕایانگەیاند، هەرگیز لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکان و ڕاپۆرتکردنی دەنگ و قسەی ئومێدبەخشی ژنان لە باشوورەوە ناوەستن.
نوجان ئاراس
حەسەکە- لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک، ناوەندی هونەری نوێگەر و ڕێکخراوی مەرزیە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە کارەکانیان ڕاگیرا و داخرا، ئەمە لە کاتێکدایە ناڕەزایەتییەکان دژ بە داخستنی دامودەزگاکانی ژنان بەردەوامە.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە کەناڵی ڕۆناهی تیڤی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن، فوشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ سەر دەستکەوتەکانی ژنان شەرمەزار کردو ڕایانگەیاند، لە هەر بارودۆخێکدا دەنگی ژنان بەرزدەکەنەوە.
''ئەم هێرشانە دژی ڕەنگی تێکۆشان و دەستکەوتەکانی ژنانن"
لەیلا قاسم، ڕۆژنامەنووس جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵوێستی ڕوونتر لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێتەبەر و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: ئەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشێکی گەورەیە بۆ سەر ڕەنگ و ڕاستی و دەستکەوتەکانی ژنان، کە لە ڕێگەی تێکۆشانەوە بەدەست هاتوون، ئەو دەزگایانەی ژنان، کە ڕەنگ و ڕاستی ژن بە باشی تێدا ڕەنگ دەدەنەوە، دەنگی کۆمەڵگە بە باشتری شێواز بەرزدەکەنەوە، بە خەباتەکانیان هۆشیاری و ئاگاداری دروست دەکەن بەردەوام دەکرێنە ئامانج، لە باشووری کوردستان ژنان ڕووبەڕووی ستەم و کوشتن دەبنەوە و ئەو دامەزراوانەی کە ڕۆژنامەنووسانی ژن تێیدا کاردەکەن بە ئەنقەست دەکرێنە ئامانج و ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەمە، بە دەستی حکومەتی هەڕێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
هێزە دەسەڵاتدارەکان هەوڵ دەدەن ڕێگری لە دەستکەوتەکان بکەن و کۆمەڵگە بکەنە کۆیلە، پێویستە خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەت ژنانی باشووری کوردستان هەڵوێستێکی ئاگادارانەتر بگرنەبەر و لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە گڵاوانەی کە تاوان و هێرش ئەنجام دەدەن، هەنگاو بنێن. بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانەدا، بێ بەرپرسیارییە لە بەرامبەر مێژوو و یەکسانە لەگەڵ ڕەواکردنی ئەم هێرشانە. بەرەنگاربوونەوە و شکاندنی بێدەنگی ئەرکێکە بۆ مرۆڤایەتی. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری هەڵوێستی دژایەتیکردنی کورد بێت و کار بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیی نیشتمانی بکات".
''جوانترین نموونەی یەکێتی نەتەوەیی لە شۆڕشی ڕۆژاڤادا بینرا"
لەیلا قاسم ئاماژەی بەوەدا کە بەئامانجگرتنی دامودەزگاکانی ژنان زیانی بە هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی گەیاندووە، ڕۆژەڤی سەرەکی دامودەزگاکانی ژنان یەکگرتوویی نیشتمانییە، وتی: لە ڕاستیدا ئەم هێرشە ڕەنگدانەوەی دژایەتی یەکڕیزی نیشتمانییە لە کەسایەتی ژندا، بۆچی ڕۆحی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد دەکەینە تەوەری سەرەکی کاری ژنان؟ چونکە ڕێبەر ئاپۆ وتی :''ڕۆحی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد بە پێسەنگایەتی ژنان دروست دەبێت"، ئێمە ئەمەمان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بینی، ژنان لە هەموو شوێنێک، بە ماندووبوون و ئیرادە و بیر و ڕەنگەکانیان بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاوایان دەکرد و بە جەستە و ڕۆحی خۆیان شۆڕشەکەیان ئەنجامدا. هۆشیاریی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد، ئەرک و بەرپرسیارێتی بونیادنانی کوردستانێکی ئازاد بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوە دەچێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتەکانی دەرەوە بەڕیوەنەچێت، بەڵکو دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ببێتە بەشێک لەم شۆڕشە.
''ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان"
لەیلا قاسم بەبیریهێنایەوە کە بڕیاری سەرکوتکردن و دەستگیرکردن لە کاتێکدا بووە کە هێرشی گەورە بۆ سەر دەستکەوتەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرا و وتی: ئەم هێرشانە دژی سەروەت و سامانی کولتووری خەڵکی باشووری کوردستانە، دژی تێڕوانین و ڕێبازی ژنانە لەم سامانەدا، لە سەردەمێکدا کە هێرشەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدەن، ئەم هەڵوێستە جێگەی قبوڵکردن نییە، لەم پرۆسەیەدا کە ئێمە لە یەکڕیزی نەتەوەیی نزیکین و دەستکەوتی زۆرمان بەدەست هێناوە؛ دەبێت دەستبەرداری ئەم هەوڵ و بڕیارە بن، ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبینە دەنگی ڕاستی لە بەرامبەر ئەو هێرش و تاوانانەی کە دەوڵەتی تورکیا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، پێویستە گەلی باشووری کوردستان و ژنان یەکبگرن و هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشان بدەن.
''شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە هیوایەک بۆ ژنانی باشووری کوردستان''
نورهان حسێن ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا کە بە ئەنقەست دامەزراوەکانی ژنان کراونەتە ئامانج و وتی: وەک چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا ئیلهامبەخش بوو بۆ هەموو جیهان، بە هەمان شێوەش ئیلهامبەخش بوو بۆ گەلی باشووری کوردستان و ژنان، بۆ ڕێگریکردن لە بیستنی هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ئێستا پەیڕەو نەکرێن فشارەکان زیاتر دەبن، حکومەتێک کە لە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەترسێت، بە ئەنقەست هێرش دەکات و سیاسەتی ستەمکاری پەیڕەو دەکات.
"سیاسەتێک کە زیان بە پێگەی ژن دەگەینێت جێبەجێ دەکرێت''
نورهان حسێن ڕاشیگەیاند، فشار و هێرشکردنه سەر دامودەزگاکانی ژنان شتێکی نوێ نییەو وتی: له باشووری کوردستان ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، و ڕۆژنامەنووسان، هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا له لایەن دەوڵەتی تورکیاوه کراونەتە ئامانج. ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگینیش بە هەمان شێوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرانە ئامانج. حکومەتی عێراق و باشووری کوردستان هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی ژنان و بێدەنگکردنی ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیان دەدەن. ژنان لە باشووری کوردستان بەو خەباتەی کە بەڕێوەی دەبەن، هەوڵ دەدەن دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە.
نورهان حسێن لە کۆتاییدا وتی: ئێمە هەرگیز لە ڕاپۆرتکردنی گەڕان بەدوای ڕاستی و قسەی ئومێدبەخشی ژنان ناوەستین و بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان دژ بە فشار و هێرش بۆ سەر ژنان.