هەڵمەتی ناساندنی جینۆساید لە شەنگال بەردەوامە

ئەمشێ کۆرکۆرکی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شەنگال، سەبارەت بە هەڵمەتی واژۆکردن بۆ ناساندنی جینۆساید ڕایگەیاند، لەگەڵ هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانیان بەشداریان کردووە و داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە پاڵپشتی هەڵمەتەکە بکەن.

 جیلان ڕۆژ

 

شەنگال – خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ۱۳ی تشرینی دووەمی ۲۰۲٤، کە دەیەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگال بوو، هەڵمەتێکی واژۆکردنی دەستپێکرد، بۆ ئەوەی داوا بکات جینۆساید دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن عێراق و سەرجەم دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە بناسرێت، هەڵمەتەکە تا ڕۆژی ۱ی نیسان بەردەوام دەبێت،  ئامانج لێی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆیە و هەموو دامودەزگا و دەستەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە پێشەنگایەتی ئەنجمەنەکانی گەل بەشداری لەو هەڵمەتەدا دەکەن،  ئێزدییەکان و بەتایبەت ژنانی ئێزدی کە لە کاتی شەڕدا زۆرترین بەرکەوتووی دڕندەیی چەتەکانی داعش بوون، بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پاڵپشتی ئەو هەڵمەتە دەکەن.

 

ئەمشێ کۆرکۆرکی ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شەنگال، باسی لە هەڵمەتی واژۆکردن کرد و  پێشکەوتنی هەڵمەتەکەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد، هاوکات ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ سەرجەم دامودەزگا و ڕێکخراوەکانیان واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی دژی پێکهاتەی ئێزدی و هۆکاری دەستپێکردنی هەڵمەتەکەشی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە: داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو فەرمانە دەکەین، بۆ ئەوەی دادپەروەری بێت  خزمەت بۆ داهاتووی گەلی ئێزدی بکرێت.

 

 "ژنان زۆرترین ئارەزووی خۆیان نیشان دەدەن"

 ئەمشێ کۆرکۆرکی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شەنگال، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان ئەوانەن زۆرترین ئارەزووی خۆیان نیشان دەدەن و پشتگیری لە هەڵمەتەکە دەکەن و وتی: ژنان ئەوانەن کە زۆرترین ئارەزوو و پشتیوانی لەم هەڵمەتەدا نیشان دەدەن، چونکە ئەوانەن کە زۆرترین بەرکەوتەیان لەگەڵ فەرمانەکە هەیە، و زورترین هێرش کرایە سەر ژنان، ھێشتا ھەزاران ژنی ئێزدی لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە، بۆیە پێویستە ئەم ھەڵمەتە زۆرترین ژن پاڵپشتی بکات.

 

 "کارێکی پیرۆزە"

 ئەمشێ کۆرکۆرکی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی کۆکردنەوەی واژۆدا، سەرەتا بۆ کۆمەڵگە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی هەڵمەتێکی لەو شێوەیەیان دەستپێکردووە و وتیشی: ئێمە دەچینە دەرەوە بۆ ناو کۆمەڵگە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ، سەرەتا زۆر کەس لە هۆکاری وردی دەستپێکردنی وەها هەڵمەتێک تێناگەن، نایانەوێت واژۆ بکەن، بەڵام وایان لێدەکەین تێبگەن، هۆکاری کۆکردنەوەی واژۆیان پێدەڵێین، کاتێکیش کۆمەڵگە لە هۆکارەکەی تێدەگات، بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی لەو شێوەیە، زۆر دڵخۆشن و دەڵێن ئەمە کارێکی گەورەیە، پیرۆزە.

 

" زۆرباش دەزانین بۆچی عێراق دان بە جینۆسایددا نانێت"

 ئەمشێ کۆرکۆرکی سەرنجی بۆ شکستی دەوڵەتی عێراق لە دانپێدانانی جینۆساید ڕاکێشا و وتی: عێراق تا ئێستا دانی بەو جینۆسایدەدا نەناوە کە دژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامدراوە و بەرپرسیارێتی لە پێکهاتەی ئێزدی هەڵنەگرتووە، ئێمە زۆرباش دەزانین عێراق پاڵپشتی دەوڵەتی تورک و بنەماڵەی بارزانی دەکات، هەر بۆیە دان بە جینۆسایددا نانێت، لە لایەکی ترەوە ئێمە زۆر باش دەزانین کە کۆتایی نزیکە، هەروەها  دەزانین کە جینۆساید دژی پێکهاتەی ئێزدی لە کۆتاییدا دانی پێدا دەنرێت و هێزەکانی بەرپرس و هاوکارانی ڕژێم دەدرێنە دادگا، هەر ئەمەش هۆکارێکە ئێستا لە پشت پەردەوەن و نادیارن، بۆیە وەک پێکهاتەی ئێزدی دەبێت هێزی خۆمان یەکبخەین و خاوەندارێتی هەڵمەتەکە بکەین.

 

 بانگەواز بۆ چالاکی

 ئەمشێ کۆرکۆرکی لە کۆتاییدا ئەم بانگەوازەی کرد: داوا لە هەموو پێکهاتەکان بە تایبەت پێکهاتەی ئێزدی دەکەین، پشتیوانی لە هەڵمەتی ناساندنی جینۆساید دژی پێکهاتەی ئێزدی بکەن، بۆ ئەوەی هەڵمەتەکە بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.