حەلەبییەکان ڕوو لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەن

دوای ئەوەی چەتەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بەرەو ناوەندی شاری حەلەب پێشڕەوییان کرد، خەڵکێکی زۆر چوونە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، ئەنجومەنی گشتی هەردوو گەڕەک خەریکی ئامادەکردنی ژێرزەمینەکانی ئەو گەڕەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوارە لەوێ نیشتەجێ بن.

حەلەب

 

شەڕ و ململانێکانی نێوان ڕژێمی سووریا و تاقمی نیمچە سەربازیی حەیات تەحریر شام  "هەتەشە" لە حەلەب و ئیدلب بەردەوامە. شەڕ و پێکدادانەکان لە ٢٦ی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکرد و زۆربەیان لە بیابانەکانی حەلەب دەستیان پێکرد، هەتەشە هەندێک شارۆچکەی داگیرکرد و چووە ناو هەندێک شوێنی ڕێگای M5، هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و سووریا بۆ سەر هەتەشە بەردەوامن.

 

ئەو چەتانەی لە ٢٦ی تشرینی دووەمەوە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی شام شەڕیان کردووە، ئێوارەی ٢٧ی تشرینی دووەم دەستیان بە پێشڕەوی کرد و چوونە ناو ناوەندی شاری حەلەب، شایانی بیرهێنانەوە بوو کە هێزەکانی ڕژێم وەڵامی ئەو گرووپانەیان نەدایەوە کە بەرەو ناوەندی شار دەجووڵان. کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی نزیک لە حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سوپای سووریا فەرمانی بە هێزەکانی خۆی لە حەلەب کردووە کە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ەوە دەست بە چۆڵکردنی ناوچەکە بکەن.

 

هەروەها ئەو خەڵکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی شام لە حەلەب دەژین، ڕوو لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی خۆبەڕێوەبەری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن. دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب بە پێی بەهاکانی خۆپاراستن و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ خۆیان ڕێکخستووە و لە ساڵی ٢٠١٦دا خۆیان لەسەر ڕێڕەوی بەرخۆدانی  ئامادە کردووە.

 

ئەنجومەنی گشتی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب سەرقاڵی ئامادەکردنی سەرجەم ژێرزەمینەکانی ئەو گەڕەکەن بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی کە بێ شوێن ماونەتەوە بتوانن لەوێ نیشتەجێ بن.

 

لەئەنجامی تۆپبارانی چەتەکان لەدژی دەوروبەری زانکۆی حەلەب، چوار خوێندکار گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و دانیشتوانی ناوچەکە لە حەلەبەوە لە ڕێگەی دەروازەی ئەبو کەحیفی شاری مەنبجەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.

 

یەکێتی شۆفێرانی کانتۆنی ڕەققە ٦٠ پاسی نارد بۆ حەلەب بۆ پێشوازیکردن لە دانیشتووانی ناوچەکە، ئەو هاووڵاتیانەی لە حەلەبەوە لە ڕێگەی دەروازەی بوئاسیەوە گەیشتوونەتە شاری ڕەققە ڕایانگەیاندووە، دۆخی حەلەب خراپە.