"حکومەتی کاتی پێویستە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە کۆچبەران جێبەجێ بکات"
کۆچبەرانی عەفرین بەردەوامن لە بەرخۆدانیان تا دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و خاکی خۆیان، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچبەرییدا، داوا دەکەن حکومەتی کاتی سووریا پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ قەسەدە جێبەجێبکات.

ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- عەفرین و خەڵکەکەی چیرۆکێکی بەردەوامی ئاوارەیی و خەبات ئەزموون دەکەن، کۆچبەران لە هەوڵەکانیاندا، بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵ و زەویانەی کە ناچار بوون بەجێیان بهێڵن، ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، بەڵام سەرەڕای چەندین ساڵ داگیرکاری و چاوەڕوانی، بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی گەڕانەوەی پاریزراو هێشتا جێبەجێنەکراون.
سورەیا مستەفا، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" و خەڵکی عەفرین، ڕایگەیاند، هەزاران کۆچبەر چاوەڕێی جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی کاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە، بەردەوامی خۆڕاگری خۆیان دووپاتدەکاتەوە تا ئەو ئامانجە بەدی دێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبینەوە لە گەڕانەوەمان بۆ شارەکەمان و ئەو ماڵانەی کە شایەتحاڵی منداڵیمان بوون، هەروەها بۆ ئەو زەوییانەی کە بە ماندووبوونی خۆمان ئاومان پێدان و بە دەستی خۆمان چاندمان، دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی قارەمانانە لە دژی تورکیای دااگیرکەر و چەتەکانی، ناچار بووین بەرەو شەهبا ڕابکەین، لەوێ بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام بووین لە خۆڕاگری و بەرخۆدانمان بە ئیرادەی نەگۆڕ بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
وتیشی: وەک گەلێک بەڵێنمان بە خۆمان و بە جیهان دا کە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان تا دەگەڕێینەوە سەر زەویەکەمان و ئازادیمان بەدەست بهێنین، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی کاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە"دا ئەنجامدرا بە ڕەنگ لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، هەروەها بڕگەکانی، کە گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی ئەو کەسانە دیاریکردووە کە بە زۆر ئاوارەبوون لە عەفرین، سەێرکانی، و گیرە سپی، تا ئێستا نەکراون، وە تا ئەمڕۆش هەزاران ئاوارە چاوەڕێی ئەوەن کە ئەم بەڵێنانە وەربگێڕدرێن بۆ هەنگاوی پراکتیکی لەسەر زەوی.
سەرەڕای ئازارەکانی کۆچبەریی بەردەوامی بەرخۆدان یدووپاتکردەوە، وتی: هەمیشە بە هیواوە ئیرادەمان بەهێز دەکەین تا خەونی گەڕانەوە بۆ عەفرین، زەوی زەیتون و ئاشتی، بەدی دێت، داوا دەکەین حکومەتی کاتی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکات، چونکە ئاوارەکان مافی خۆیانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە ئازادی و سەلامەتی بژین.
سورەیا مستەفا، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە"، داواکارییەکانی دووپاتکردەوە کە سووریای نوێ سیستەمێکی دیموکراتیک، فرەی، لامەرکەزی بێت کە مافەکانی هەمووان بەبێ گوێدانە پێشینەی نەتەوەی یان ئایینییان دەستەبەر بکات، هەروەها دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەمووان مسۆگەر بکات.