"پێویستە ژنانی گەنج متمانەیان بەخۆیان هەبێت"

مەرەح عەزیزی تەمەن ١٦ ساڵ کە وێنە دەکێشێت و یاری تۆپی پێ دەکات، لە ڕێگەی هەوڵەکانییەوە بەربەستەکانی کۆمەڵگە دەشکێنێت، هەروەها داوا لە هەموو ژنانی گەنج دەکات باوەڕیان بەخۆیان هەبێت و پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگەی بۆ ژنان کردەوە کە پەرە بە تواناکانیان بدەن، لە شاری قامیشلۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زۆرێک لە ژنانی گەنج دەیانەوێت لێهاتوویی خۆیان لە بواری هونەر، وەرزش، مۆسیقا و چەندین بابەتی دیکە نیشان بدەن و پەرە بە خۆیان بدەن.

 

مەرەح عەزیز، تەمەنی ١٦ ساڵە و خەڵکی شاری قامیشلۆیە، خولیای هەم بۆ وێنەکێشان و هەم بۆ تۆپی پێ هەیە، دەڵێت: وێنە دەکێشم و یاری تۆپی پێ دەکەم، سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانەی کە بۆم دروست بوو، بەردەوام بووم و دەستبەرداری خەونەکانم نەبووم، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، نەمدەویست کاتم بەفیڕۆ بدەم و زیاتر هەوڵی خۆمم دا بۆ فێربوون، خوشکەکەم گەورەتریم پشتیوانی من بوو.

 

"دەمەوێت ببمە شارەزا لە بواری نیگارکێشیدا"

 

مەرەح عەزیز سەبارەت بە شێوازی فێربوونی نیگارکێشان دەڵێت: کاتێک دەستم بە نیگارکێشان کرد، هیچ ڕەخنەیەکم لێ نەگیرا، هەر بۆیە پێداگریم کرد، لە ڕێگەی دیجیتاڵەوە فێری وێنەکێشان ببم، حەزم لە دووبارەبوونەوە نەبوو، هەمیشە حەزم دەکرد خۆم لە داهێنانی نوێدا بدۆزمەوە، هەر بۆیەش فۆتۆگرافیم خوێند بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانم بدەم و ببمە شارەزا لەو کارەدا.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد بۆ وێنەکێشان پشت بە قەڵەمەکەی دەستی دەبەستێت و دەشڵێت: بەشداریم لە چەندین پێشانگادا کردووە کە لە ناوچەکەدا کراونەتەوە بەو ئامانجەی وێنەکانم نیشانی کەسانی دیکە بدەم، ئەمەش وایلێکردم شوێنێکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە و بەردەوام سەردانیکەران بتوانن وێنەکانم ببینن.

 

شارەزایی لە وێنەکێشان و وەرزشی تۆپی پێ هەیە

 

مەرەح جگە لە نیگارکێشان یاری تۆپی پێ دەکات، هەروەها خۆشەویستی خۆی بۆ تۆپی پێ بەم شێوەیە دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەوەندەی پەیوەندیم پێوە هەیە، هاوسەنگی لە نێوان هونەری نیگارکێشان و یاری تۆپی پێدا دروست دەکەم، هەندێک کات هەست دەکەم دوو کەسایەتی جیاوازم هەیە، چونکە هەردووکیان دوورن لەیەکتر بەڵام من توانیومە لە خۆمدا بەرجەستیان بکەم و هەوڵی بەرەوپێشچوونی زیاتر دەدەم.

 

مەرەح عەزیز دوو ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە تیپی تۆپی پێی پەیمانەوە کرد و وتی: لەلایەن هاوڕێکانم لە تیپەکەدا پاڵپشتییەکی زۆرم لێکرا، گوێم لەو قسانەی نەگرت کە بە ژنانی کۆمەڵگر دەوترێت، دەمزانی سەرکەوتوو دەبم داوا لە هەموو ئەو ژنە گەنجانە دەکەم کە بەهرە و توانایەکیان هەیە باوەڕ بە خۆیان بکەن و خۆیان بەرەوپێش ببەن.