چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنانی فەلەستینی کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەی مەعمەدانی سەرکۆنە دەکەن

ژنانی چالاکوانانی فەلەستینی کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەی مەعمەدانییان شەرمەزار کرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی و خوازیاری دەستێوەردانی خێرا و پاراستنی بەپەلە بۆ خەڵکی کەرتی غەززە بوون.

نەغەم کەراجە

 

غەززە- چالاکوانانی ژن و مافی مرۆڤ دووپاتیان کردەوە کە بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی و بۆردومانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی تاوانێکی جەنگە دژی مرۆڤایەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان، پێویستی بە لێپرسینەوە و سزادانی دەستبەجێی ئیسرائیل هەیە، جەختیشیان لەسەر پێویستی پێکهاتە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ وەستاندنی دوژمنایەتییەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی کەرتی غەززە.

 

خەدیجە سەلامە، چالاکوانی ژنان ڕایگەیاند، “ئەو هێرشەی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانیی ئەهلی دەستیپێکرد، کارەساتێکی گەورەی مرۆییە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس لەناو نەخۆش و ئاوارەکاندا کە زۆربەیان ژنن منداڵان، ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژکردنی منداڵان هەوڵدان بۆ ئاوارەکردنی ژنان لە وڵاتەکەیان و بەکارهێنانی هەموو چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی هەوڵی لەناوبردنی داهاتوو دەدات بە بەردەوامی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارەساتە گەورەیە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بڕگە و پەیمانەکانی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆییە، ڕەنگدانەوەی سەرپێچییەکی گەورەیە لە سەرەتاییترین بەها مرۆییەکان، بۆچی هیچ ڕێگرییەکی دەستبەجێ بۆ وەستاندنی سیاسەتی سزای بەکۆمەڵ کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر دانیشتوانی کەرتی غەززە ئەنجامدراوە، ناکرێت؟

 

"پێویستە ئیسرائیل ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە"

رەنا حەداد، چالاکوان و پارێزەری مافی مرۆڤ، دووپاتی کردەوە، “ئیسرائیل لە شەڕی خۆیدا بۆ کەرتی غەززە بەهاکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە، هەروەها ڕێزی لە پرەنسیپی جیاکاریی نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و شەڕکەرەکان نەگرت، بەو پێیەی خەڵکی مەدەنیی کردە ئامانج، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، بە ئەنقەست زیانیان بە ماڵ و موڵکەکانیان گەیاندووە و ئەوەی دوێنێ لە کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانیدا بینیمان دیمەنە گەورە و ترسناکەکان بوو، نەک لەسەر ئاستی فەلەستین بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش.

 

ڕوونیشیکردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بە ڕوونی پێچەوانەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانن، بۆیە پێویستە تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە دیاریکراوەکان سزا بدرێن، وتیشی: پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و سەپاندنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ململانێکاندا، قڕکردن، پێشێلکاری و دوژمنایەتی بەڵگەیەکی بەسە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕادەستی دادگای تاوانەکان بکات.