توندوتیژی و کوشتنی ژنانە لە بەرزبوونەوەدایە

وەزیری خێزان، ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان، ئەمەل بلحاج موسا، ڕایگەیاند، دیاردەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لەسەر دەستی هاوسەرەکانیان زیادی کردووە، توندوتیژییەکانیش زیاتر لە خێزانەکاندا بە ڕێژەی ٪٦٠ زیادیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی خێزان و ژنان لە تونس، خراپتربوونی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان پشتڕاستکردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد ٦٩ کوشتن دژی ژنان لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە.

 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە وەزارەتی خێزان و ژنانی تونس لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەنجامیداوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دیاردەی کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان بەشێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە.

 

لەو ماوەیەدا ٦٩ ژن کوژراون، ئەمەل بلحاج ڕوونیکردەوە کە یاساکانی تونس زۆر ڕوونە سەبارەت بە تاوانەکانی کوشتن، ئاماژەی بە یاسای پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد، بەڵام ئەم یاسایانە نەبوونەتە هۆکاری پاراستنی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت ژمارەی سەنتەری داڵدەدان بۆ ژنانی توندوتیژی لێکراو و منداڵەکانیان لە ١٣ سەنتەرەوە بۆ ٢٤ سەنتەر پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ زیادبکات، بە شێوەیەک هەر ناوچەیەو سەنتەری تایبەت بە خۆی تیادابێت.

 

جێگای سەرنجە لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەدا، کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی بە ناونیشانی "بێدەنگی دەوڵەت ژن کوشتنە" ئەنجامدا.