تەرمی سێ منداڵی کۆچبەر لە دەریای ئیجە دۆزرایەوە

بەلەمێکی گوێزەرەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی ساکیزەی یۆنان نوقم بوو، بەهۆیەوە سێ منداڵی کچ گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی پاسەوانی کەناراوەکان، دوای نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران، تەرمی  سێ منداڵی کچ لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای دورگەی ساکیزە لە دەریای ئیجە دۆزرایەوە، بە پێی زانیارییەکان ئەو منداڵانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان ٥ و ٧ و ١٠ ساڵ بووە، تا ئێستاش گەڕان بەدوای کەسانی دیکەی بێسەروشوێندا بەردەوامە، پاسەوانی کەناراوەکان تا ئێستا ١٩ کەسیان ڕزگار کردووە کە ٨ کەسیان منداڵن، یەکێک لەو کەسانەی ڕزگارکراون دایکی ئەو سێ کچەیە کە گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی یونان ئێرت، ٢٧ کەس لەناو کەشتییەکەدا بوون و زۆربەیان پەنابەری ئەفغانی بوون، بەڵام بەپێی وتەی پاسەوانی کەناراوەکان، تا ئێستا ژمارەی کۆچبەرانی ئەو بەلەمەی کە کەناراوەکانی تورکیایان بەجێهێشتووە نادیارە.

 

دوورگەکانی دەریای ئیجە وەک خاڵی گواستنەوە بۆ ئەو کۆچبەرانە دادەنرێت کە دەیانەوێت بگەنە یەکێتی ئەوروپا، بەپێی ئامارەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەران، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا ١١ هەزار و ٣٠٠ کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکانی یۆنان.

 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ کەشتییەک کە لە لیبیاوە بەڕێکەوتبوو لە باشووری ئەم وڵاتە لە کەناراوەکانی پێلۆپۆنێس نوقم بوو، لە ئەنجامدا ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بێسەروشوێن بوون، لەم ڕووداوەدا لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتی بەرپرسانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دەکرێت.