شەڕی غەززە ٧٣٠ هەزار کەسی بێ خزمەتگوزاری تەندروستی هێشتوەتەوە

ماوەی حەوت مانگە خەڵکی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی مرۆیی بوونەتەوە، بەتایبەتی دوای وێرانبوونی کەرتی تەندروستی، کە زیاتر لە ٧٣٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە و باکورەکەی بێ خزمەتگوزاری تەندروستی ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ٣٣ هەزار و ٩٧٠ کوژراو بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش ٧٦ هەزار و ٧٧٠ کەسە.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل بە مەبەست سیستەمی تەندروستییان لە کەرتی غەززە و باکورەکەی لەناوبردووە و ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ٧٣٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە و باکورەکەی بێ خزمەتگوزاری تەندروستین.

 

وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، وێرانکردنی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفە گورزێکی کوشندە بوو لە سیستەمی تەندروستی لە غەززە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ نەخۆشخانەی مەیدانی بەتایبەتی نەشتەرگەری، کە توانای دابینکردنی بۆ ٢٠٠ نەخۆش هەبێت، بەتایبەت بۆ نەشتەرگەری و ژوورەکانی چاودێری چڕ.

 

لە ئاستی مەیدانیدا، تۆپخانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززەیان تۆپباران کرد و ژمارەیەک کەسیشیان بریندار کرد، هەروەها ماڵەکانیان لە تەل حەوا و کەمپی کەنار دەریا لە شاری غەززە بۆردومان کرد.

 

تیمەکانی بەرگری شارستانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەمپی نوسیراتی باکووری کەرتی غەززە تەرمی دەیان کەسیان دەرهێنایەوە، هاوکات ژمارەیەکی دیکە لە زیان لێکەوتووان لەژێر ماڵە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.

 

تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتن تەرمی ١١ کەسیان لە ناوچە جیاجیاکانی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە دەرهێنا، هەروەها دوای هێزەکانی ئیسرائیل تەرمی ٨ کوژراوی خێزانێکیان دۆزیەوە کە ٥ منداڵ و دوو ژنیان تێدایە هەروەها ماڵێکی دیکە لەسەر زەوی کشتوکاڵی لە گەڕەکی سەلام لە باشووری شاری ڕەفەح بۆردومان کرا.