لە سەرەتای ساڵەوە سەدان حاڵەتی کۆلێرا لە تەعز تۆمارکراوە

تەعز بە یەکێک لەو شارانەی یەمەن دادەنرێت کە زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرای تیادا تۆمارکردووە، تەنانەت لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا ١١٢ حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن نەخۆشی کۆلێرا بە شێوەیەکی خێرا تیایدا بڵاوبووەتەوە، بەو پێیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی گومانلێکراوانی تووشبوون بۆ زیاتر لە ٦٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی حاڵەتەکان نەخۆشی کۆلێرا دەرچووە.

 

بەگوێرەی میدیاکانی تەندروستی لە تەعز، ژمارەی گومانلێکراوانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لەو شارە گەیشتووەتە ٦٠٩ کەس، کە ٪٣٧یان دوای پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستکراونەتەوە کە ئەو نەخۆشیەیان هەیە، بەمەش ژمارەی تووشبووان  بۆ ٢٢٤ کەس بەرزبووەتەوە، لەو ماوەیەدا حەوت حاڵەتی گیانلەدەستدانی پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکە تۆمارکراوە.

 

ڕۆژی 24ی نیسان، ڕاپۆرتێک پشتڕاستیکردەوە کە ژمارەی گومانلێکراوانی تووشبوون بە کۆلێرا لە تەعز گەیشتووەتە ٤٩٧ کەس.

 

بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە یەمەن بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە خراپی پاکوخاوێنی گشتی، کەمی ئاوی خواردنەوە، سەختی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی، بڵاوبوونەوەی پاشماوە و تاڵاوەکانی ئاو و تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی بە گشتی.