جیهان چاوەڕێی پەیامی مێژووی ڕێبەر ئۆجالانە و لە ڕێگەی شاشەی گەورەوە بڵاودەکرێتەوە
شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم دەچنەوە دیداری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و کاتژمێر ٥:٠٠ بە کاتی باشووری کوردستان، پەیامی مێژووی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر شاشەی گەورە لە چەندین شوێنی جیهاندا پەخش دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان، سری سورەیا ئۆندەر، تولای حاتیمۆغولاری، تونجەر باقرخان، ئەحمەد تورک، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگوور ئەرۆل پێکدێن، لە ئێستادا دیداری سێیەم لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدەن، ئێوارەی ئەمڕۆش پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ دەخەنەڕوو.
پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٥:٠٠ لە هۆتێل Elite World لە شاری ئەستەنبوڵ بۆ ڕای گشتی دەخرێتەڕوو، هەروەها لە وان و گۆڕەپانی شێخ سەعیدی پیران لە ئامەد شاشەی گەورە دادەنرێن و پەیامە مێژوویەکە پێشکەش دەکرێت.
لە دەیان شاری گەورەی جیهانیشەوە ئامادەکاری دەکرێت پەیامەکە لە ڕێگەی شاشەی گەورەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو بکرێتەوە.
هەروەها لە باشووری کوردستانیش بە دەستپێشخەریی نوێنەرایەتی دەم پارتی و هەدەپە لە باشووری کوردستان، لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، شاشەیەکی گەورە دادەنرێت و پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەخرێتەڕوو، هاوکات کۆمیتەی ئامادەکار، بانگهێشتنامەی بۆ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و چەندین کەسایەتی سیاسیی لە باشووری کوردستان ناردووە.
لە مەخمور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە گەلێک ناوچەی وەک کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک، ڕەققە، تەبقا و حەلەب ئامادەکاری کراوە بە جەماوەری بۆ پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجالان کۆببنەوە.