ئەندامی یەکێتی ژنانی فەلەستین: هێرشەکانی ئیسرائیل پلانی سەدەیە

سیلین موحتەسەب، بەرگریکاری مافی مرۆڤی یەکێتی ژنانی فەلەستین، وتی: کار لەسەر ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی هێرشەکانی غەززە و زیادکردنی پشتیوانییەکان لە گەلی فەلەستین دەکەین، چونکە هێرشەکانی ئیسرائیل پلانی سەدەیە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئەم مانگەدا دژی ئیسرائیل لە ژێر ناوی 'لافاوی ئەقسا'، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و شەوی ڕابردوو نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی لە غەززە بۆردومان کرا، لەو هێرشەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەناو نەخۆشخانەکە گیانیان لەدەستدا، کە دەوترێت چوار هەزار کەسی تیادا بووە.

 

سیلین موحتەسەب، ڕاوێژکاری یاسایی و بەرگریکاری مافی مرۆڤی یەکێتی ژنانی فەلەستین لە میسر، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هەڵدەسەنگێنێت و وتی: ڕۆژانە نامە بۆ هەموو وڵاتان دەنێرین بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی. باوکم لە ناوچەکانی باکووری ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل دەژی و هیچ هێرشێکی مووشەکی نییە، بەڵام هێرشی قورس بۆ سەر کەرتی غەززە هەیە، هێرشەکانی سەر غەززە پلانی سەدەیە، ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی قودس ببەنە ئوردن و ئەوانەی لە کەرتی غەززەن بۆ سەنعای میسری کۆچ پێبکەن، ئەمە نزیکە ڕابگەیەنرێت و چیتر نهێنی نییە، بەڵام ڕاستی دیوێکی تەواو جیاوازی هەیە، گەلی فەلەستین دەستبەرداری خاکی خۆی نابێت و دەڵێن بە کەرامەتی خۆیانەوە دەمرن.

 

"ژن قورسی شەڕ لە ئەستۆ دەگرن"

سیلین موحتەسەب، دەیەوێت لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکرێت کە بنەماکانی مافە گشتگیرەکان پێشێل دەکەن، کار لەسەریان بکرێت و بۆردومانەکانی سەر کەرتی غەززە بوەستێنرێت، وتی: ژنان و منداڵان لە گروپە سەرەکییەکانن کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، زۆرجار ژنان قورسایی شەڕەکە دەکەوێتە سەرشانیان، لە هەلومەرجی شەڕدا ئازاری ژنان دوو هێندە دەبێت، ئەوان لە ترسێکی زۆردان بۆ منداڵ و خێزانەکانیان، ژنان لە کەرتی غەززە ساڵانێکە ئازار دەچێژن، سەرەڕای سەختییەکان، هێز و ئەزموونێکی زۆریان هەیە.

 

"بۆ یەکەمجارە ناتوانم سبەی ببینم"

سیلین موحتەسەب ڕایگەیاند کە ئەوانیش وەک یەکێتی ژنانی فەلەستین لە میسر هەوڵ دەدەن وردەکارییەکانی ململانێکان ڕوون بکەنەوە و زانیاری چاوپۆشی لێکراو لەسەر پلاتفۆرمی میدیای دیجیتاڵی بڵاو بکەنەوە و هاوکاری بۆ بریندارەکان کۆبکەنەوە، وتیشی: دەمانەوێت پشتگیری پزیشکی بۆ غەززە بکەین، بۆ یەکەمجارە ناتوانم سبەی ببینم، بە شێوەیەکی ئاسایی چاوەڕێمان دەکرد بزانین ئەنجامەکەی چی دەبێت، بەڵام ئێستا ناتوانم گەورەیی و پانتایی ڕووداوەکە ببینم، ئەمە وەک نیشانەی شەڕێکی گەورە وایە.