پێکهاتەکانی حەسەکە بانگی تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری دەکەن

ژنانی پێکهاتەی کوردو عەرەب لە حەسەکە ئاماژە بەوەدەکەن ئازادی خۆیان لە بیرو فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەستهێناوەو بانگی تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری دەکەن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-هێرشە قورسەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد و خەڵکی ناوچەکە، گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی سەختتر کرد، دوای دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزەران لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ لەو بینینەدا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وتبووی "دەتوانم گرژییەکانی ئێستا چارەسەر بکەم و لە ماوەی هەفتەیەکدا جەنگ بوەستێنم و دەتوانین هەنگاوی گەورە بنێین بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە"، لەو کاتەوە گۆشەگیری توند بووە، ژنانی پێکهاتەی کوردو عەرەب داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

 

"دەبێت دەرگای ئیمرالی بکرێتەوە"

مەهاباد محەمەد ئاماژەی بەوەکرد گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد نایاساییەو وتی: گۆشەگیریی سەر ڕێبەرەکەمان شەرمەزار دەکەین، بەپێی یاسا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکانی کۆببێتەوە، بەڵام ئەم یاسایە بۆ خێزانەکەی و بۆ پارێزەرەکانیشی جێبەجێ ناکرێت، ئەو دەژی یان نا، نازانین، ئەم دۆخە ئێستا گۆشەگیری تێپەڕاندووە، لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نموونەیەکی دیکەی هاوشێوە نییە، گۆشەگیری لە سەر زیندانییەکان بەڕێوەدەچێت، دەوڵەتی تورک بە پێچەوانەی یاساوە هەڵسوکەوت دەکات پێویستە پارێزەران و خێزانەکان و شاندەکان لەگەڵ ڕێبەر کۆببنەوە، ئەمە یاساییترین مافی خۆیەتی، دەبێت دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە.

 

"گۆشەگیری بەرژەوەندییەکانی دەولەت جێبەجێ دەکات"

نادین ڕەمۆ تیشکی خستە سەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە گۆشەگیری لە بەرژەوەندی دەوڵەتاندایە و وتی: دەوڵەتە هەژموونییەکان دژی ئەو ڕێبەرەی کە داوای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەکات پیلانێکیان ئەنجامدا بۆ ڕێگەگرتن لە شیکردنەوەکانی، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا، بۆیە گۆشەگیری لەسەر ئەنجامدرا بۆ ئەوەی قەیرانی ئێستای دەوڵەتە هەژمونییەکان کە لە بەرژەوەندی خۆیانە چارەسەر نەکرێت، دەتوانین بڵێین هێرش و به ئامانجگرتنی پێشەنگانی شۆڕش لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە یەکێکە لە پلانە پیسەکان و بەردەوامبوونەوە لە پلانی گۆشەگیری، چونکە دەوڵەت باش دەزانێت ئەوانەی خۆیان لەم فەلسەفەیەدا قووڵ کردووەتەوە، ژنن و ئەوانەی ئەم فەلسەفەیە بڵاو دەکەنەوە ژنن، بۆیە لە ژنان دەترسن.

 

"ژنانی عەرەب بە فەلسەفەی ئۆجالان هەناسەیان دا"

نادین ڕەمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بە ناسینی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ژنانی عەرەب هەنگاوی باشیان ناوە و بەربەستەکانی کۆیلایەتی و دواکەوتووییان شکاندووە، وتیشێ: فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ یەک پێکهاتە نییە، بەڵکو فەلسەفەی ڕزگارییە، بۆیە دەبینین کە چۆن هەموو پێکهاتەکانیان قووڵتر دەکەنەوە و بە یەکگرتوویی گەلان کار دەکەن، پێویستە بڵێین کە ژنانی عەرەبی دوای شۆڕش هەناسەیان داوە و لە ناسینی فەلسەفەی ئۆجالاندا لە دواکەوتوویی و کۆیلایەتی ڕزگاریان بووە، بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیدا. وەک ژنانی عەرەبی، خۆمان بینیمان، ئەمە هەنگاوێکی پیرۆز و سەرکەوتووە کە ئەمڕۆ لە دژی عەقڵییەتی پیاوسالاری تێدەکۆشین و داوای ئازادی هەموو ژنان دەکەین.

 

نادین ڕەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی : بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەتەوە و ئەوەی ئەم بارەی لەسەر شانی بەرزکردەوە ژنانن، بۆیە ئەمڕۆ دەبینین ژنان چۆن یەکگرتوویی خۆیان لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دامەزراندووە، ئەمە وەڵامێکە بۆ دەوڵەتە پیلانگێڕەکان.