سەدیقە وەسمەقی؛ ناتوانین و نابێ ئارام و بێدەنگ بین

سەدیقە وەسمەقی، لێکۆڵەری ئایینی و مامۆستای زانکۆ، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەبێ حیجابی ناچاری بڵاوکردەوە و دەڵێت: ناتوانین و نابێ بە بێدەنگی دابنیشین و هەموو ڕۆژێک سەیری ئەوە بکەین کە ئارمیتایەک، مەهسایەک یان منداڵێکی تری ئازیزمان دەکرێتە قوربانی لەسەر نەبوونی حی

ناوەندی هەواڵ

 

سەدیقە وەسمەقی، لێکۆڵەری ئایینی و مامۆستای زانکۆی تاران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە بێ حیجابی ناچاری بڵاوکردەوە و بە ئاماژەدان بە کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و کۆمای ئارمیتا گراوند، وتی: ناتوانین و نابێ بە بێدەنگی دابنیشین و هەموو ڕۆژێک شایەتحاڵی ئەوە بین کە ئارمیتایەک، مەهسایەک یان منداڵێکی تری ئازیزمان بەهۆی نەبوونی حیجابەوە دەبێتە قوربانی.

 

ئەم ئیسلامیناسە لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هۆکارێکی یەکلاکەرەوە و باوەڕپێکراو بۆ داپۆشینی قژ لە ئیسلامدا نییە و وتی: هەر جۆرە هەراسانکردنێک بۆ ژنان و سزادانی ژنان و ناچارکردنی ژنان بۆ پۆشینی حیجاب دژی دادپەروەری و مرۆڤایەتی و ئەخلاق و تەنانەت دژی ئیسلامە، خەڵکی ئایینی کە بە ویژدان، ئەخلاق، مرۆڤایەتی و دادپەروەرییەوە بەستراون، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، پێویستە ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەم ڕەفتارانە و ئەدای شێتانەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە هەراسانکردنی ژنان و نابێ بێباک بن.

 

سەدیقە وەسمەقی لە درێژەدا ئاماژەی بە بەشداری هەموو ئەو کەسانە کرد کە دەستیان لە داڕشتنی یاسا و پلاندانان لە دژی ژنان و سەرکوتکردن و هەراسانکردنیان لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و وتی: باشترین شت ئەوەیە کە ئەم یاسا خراپ و تێچوو زۆر و گەندەڵەی حیجابی ناچاری بە فەرمی هەڵبوەشێتەوە، ئەگینا مافی ژنانە بە لابردنی حیجابی ناچاری خۆیان لە شێوەی ئۆپۆزیسیۆنی مەدەنیدا ئەم یاسایە بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵبوەشێننەوە و ئازادی جلوبەرگی ژنان جێگیر بکەن.