هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ژیانی ٢٠٠ گوندی لە سنووری عاموودا شێواندووە
بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی نەمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، لە درێژەی هێرشەکاندا بۆسەر عاموودا و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەدان ماڵ و قوتابخانە لە گوندەکە بێبەش بوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کە سەرەکییترینیان ئاو و کارەبایە.
لەوبارەوە ئاژانسى هاوارنیوز هەواڵێکى بڵاوکردەوە، ڕوونیکردەوە، هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆخێکی دروست کردووە، کە بەهۆیەوە دانیشتووانی سەدان گوند لە عاموودا بەبێ ئاو و کارەبا دەژین، بۆیە شارەوانی ناوچەکە وەک چارەسەرێکی سەرەتایی، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاو بەسەر گوندەکان و خوێندنگاکاندا دابەش بکەن.
بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، ٢٠٠ گوند و ٤٦ خوێندنگە لە سنووری عاموودا لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون، جگە لەوە لە کانتۆنی جەزیرەش هەزار و ٢٢ خوێندنگە بێ بەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.