هاوڕێیانی هەڤرین خەلەف بەڵێن دەدەن شوێنپێی بکەون

بارین مامۆ، ئەندامی پارتی سووریای ئایندە ڕایگەیاند، بکوژەکەی هەڤرین خەلەف تا ئەمڕۆ سزا نەدراوە، بەڵکو لە بەڕێوەبەریی کاتیدا پلەی بەرزکراوەتەوە، لەسەر شوێنپێی هەرڤرینین و هەرگیز ناگەڕێینەوە.

نەغم چاچان

 

قامیشلۆ – هێشتا با لە شەقامەکانی دێرک ناوی دەچرپێنێت: هەڤرین خەلەف، وەک ئەندازیارێک ویستویەتی دیوارە ڕووخاوەکانی سووریا بونیاد بنێتەوە، بەڵام بە بەرد نا، بەڵکو بە وشە و گفتوگۆ و هیوا... کاتێک لە شارۆچکەیەکی بچووک لە ساڵی ١٩٨٤ لەدایک بوو، شەڕ هێشتا وشەیەکی دوور بوو، بەڵام کاتێک گەورە بوو، بینی مرۆڤەکان بەهۆی ناسنامە و زمان و بیروباوەڕەکانیانەوە جیا دەکرێنەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم نامۆبوونە، ڕێگای سیاسەتی هەڵبژارد - هەنگاونان بۆ ئەو شوێنانەی کە دەنگی پیاوان بە ئارامی و بەرخۆدانی ژنان دەنگی دەدایەوە، وتی: ئاشتی تەنها بێدەنگی تفەنگ نییە، بیستنی دڵەکانیشە.

 

ئەندازیاری داهاتووی سووریایەکی دیموکراتیک

کاتێک هەڤرین لە ئەندازیارییەوە بۆ سیاسەت هەنگاوی نا، هەرگیز لە بونیاندنان نەوەستا، خەریکی دروستکردنی پرد بوو: کوردی، عەرەبی و ئاشوری - بۆ سووریایەک کە کەس لە یەکێکی تر باڵاتر نەبێت، هەمووان بە یەکسانی هەناسە بدەن، هەڤرین لە ساڵی ٢٠١٨ پارتی سووریای ئایندەی دامەزراند، باوەڕی بە داهاتوو هەبوو، چونکە ڕەتیکردەوە لە خوێنی ڕابردوودا بخنکێت، هەمیشە بێدەنگترین و ئیرادەترین کەس بوو لەسەر مێزەکان، گوێی  دەگرت، هەوڵیدا تێبگات، بە سەرسەختییەوە وتی: ئاشتی.

 

"ئێمە لەسەر شوێنپێی هەڤرین خەلەف ناگەڕێینەوە دواوە"

خوێنمژەکان هەوڵیان دا دەنگی بێدەنگ بکەن بەڵام بێدەنگ نەبوو، چونکە قسەکانی هەڤرین تەنها لەسەر لێوەکانی نەمابوو، بەڵکو ئێستا ڕستەی تەواونەکراوی ئاشتی لەسەر لێوی هەزاران گەنج، هەزاران ژن تەواو دەبوو، هەڤرین بوو لە وێرانەدا خەونی بە داهاتوویەکەوە دەبینی، ئەندازیارێک بوو، شۆڕشگێڕێک بوو، گەشتیارێکی ئاشتی بوو کە پێی وابوو وڵاتێک تەنانەت لە وێرانەدا دەتوانێت گەشە بکات، ئەمڕۆ ناوی ئەو نەک لەسەر خاکی خوێناوی ڕێگای خێرا M4 زیندووە، بەڵکو لەسەر خەونی سووریایەکی نوێ دەژی، ئاسمان بە قسەی هاوڕێکانی دەنگ دەداتەوە: ئێمە لە شوێنپێی هەڤرین خەلەف ناگەڕینەوە دواوە.

 

پابەندبوون بە گفتوگۆ و هیوا تەنانەت لە داروپەردوودا

هەڤرین خەلەف لە شاری دێریک لەدایک بووە، دوای تەواوکردنی بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی حەلەب گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی و چووەتە ناو سیاسەتەوە، وە بە خێرایی ڕۆڵی چالاکانەی لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەنجومەنی ناوخۆی و کۆمیسیۆنەکانی وزەدا گرتە ئەستۆ، لەو شارانەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون، هەرڤین خەلەف نەک تەنها بیناکان بەڵکو پەیوەندییە مرۆییەکانیشی ئاوەدانکردەوە، کاری بۆ ژیانێکی هاوبەش و یەکسانی بۆ هەمووان دەکرد، ئەوانەی دەیانناسی، ویتیان: وەک ئەندازیارێک ئاشتی دروستکردووە، تەنانەت لەناو داروپەردووشدا خۆی پابەند دەکرد بە وشە و گفتوگۆ و هیوا.

 

سیاسەت بە زمانی ئاشتی

لە ساڵی ٢٠١٨دا هەڤرین بوو بە سکرتێری گشتی دامەزرێنەری پارتی سووریای ئایندە، کە پارتێک بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکان دامەزراوە، هەڤرین داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد لە هەر دەرفەتێکدا بەشداری وتووێژ بکەن، زۆرجار ئەو دەستەواژەیەی دووبارە دەکردەوە کە دەیوت: ئاشتی تەنها بێدەنگکردنی چەک نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە مرۆڤەکان، ئامانجی سەرەکی پارتەکەی بریتی بوو لە بونیادنانی داهاتوویەک بۆ سووریا لەسەر بنەمای ئیرادەی بەکۆمەڵی هاوڵاتیان ئەو داکۆکی لە نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان لە سیاسەتدا دەکرد و هەوڵی دەدا جیاکاری و ترس بە باوەڕ بگۆڕێت.

 

لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا تیرۆر کراوە

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، هەڤرین خەلەف لە ڕێگەی خێرای M4 لە نێوان حەسەکە و تل تەمر هاتوچۆی دەکرد، ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە ڕاگیرا، هەڤرین ئەشکەنجە درا و کوژرا، تەنها تەمەنی ٣٤ ساڵ بوو کاتێک کوژرا، کوشتنەکە ناڕەزای لە کۆمەڵگەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ساڵە تاوانباران بێ سزا ماونەتەوە، هەروەها ئەندامانی پارت و چالاکوانی مافی مرۆڤ وتیان: ئەم بێ سزایە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا دادپەروەری لە سووریادا بەدی نەهاتووە.

 

بڕیارێکی ئاشتی تەواو نەکراو

کۆچی دوایی هەڤرین خەلەف زیانێکی قووڵ بوو بۆ ژنانی ناوچەکە، هەروەها بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە پێناو ئاشتیدا تێکۆشان دەکەن، بەڵام ناوەکەی ئەمڕۆش وەک هێمایەک دەمێنێتەوە: هێمای بوێری و ئاشتی و یەکسانی، کە زۆرێک لە ژنان لەو شوێنەی کە وازی لێهێنابوو بەردەوامن، چونکە چیرۆکی هەڤرین خەلەف تەنها چیرۆکێکی ژیان نییە، بەڵکو چیرۆکێکی هیواشە، ئەو ڕستە تەواونەکراوەی ئاشتی لەگەڵ هەر نەوەیەکی نوێدا سەرلەنوێ تەواو دەبێت، هەڤرین خەلەف کە دڵی هەزاران کەسی گرتووە، بووەتە هێمای ژنانی پێشەنگ.

 

"هەڤرین دوای گفتوگۆی زۆر وای لێکردم بچمە ناو پارتەوە"

بارین مامۆ، لە سەرەتای قسەکانیدا بەبیری هێنایەوە کە هەڤرین خەلەف بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن سیخوڕەکانەوە کوژراوە، وتی: هەڤرین خەلەف لە دڵی ئێمەدایە، لەیاد ناکرێ، هەڤرین خەلەف و هاوڕێکانی پارتی سووریای ئایندەیان دامەزراند و دەستیان بە کارەکانیان کرد، هەڤرین خەلەف لە ڕەققەوە دەستیپێکرد بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنایی لە سەرتاسەری سووریا، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان من و هەڤرین، پەیوەندیمان بە پارتی سووریای ئایندەوە کرد، کە یەکێکە لە بنەماکانمان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە سەرانسەری سووریادا.

 

"حاتم ئەبو شەقرا بکوژی هەڤرین هێشتا سزا نەدراوە"

بارین مامۆ ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجی پارتی داهاتووی سووریا یەکخستنی ڕیزەکانی سووریایە، وتی: گەلی سووریا دەبێت یەکەم و دوا قسەی هەبێت لە سیاسەت و حوکمڕانیدا، چونکە گەلی سووریا بەرنامەیەکی بۆ سووریا هەیە و سیستەمێکی ناوخۆی لەسەر بنەمای سەروەری سووریا هەیە، دوای شەهیدکردنی هەڤرین خەلەف، کارەکانی پارتەکە بەردەوام بوو و ئێمە لە هەنگاوەکانی سووریا ناگەڕینەوە دواوە هەڤرین خەلەف هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی داهاتووی سووریاوە تا ئەمڕۆش بۆ ئێمە نمونەیەک بوو، حاتم ئەبو شەقرا کە هەڤرین خەلەفی کوشت، هێشتا سزا نەدراوە و تەنانەت پلەی بەرزکراوەتەوە لە بەڕێوەبەرێتی کاتی، هەر کەسێک بە شێوەیەکی دڕندانە هاوڵاتی بکوژێت، توندڕەوە و نابێت لە هیچ بەڕێوەبەرییەکدا جێگەی هەبێت.

 

"باندەکان دەیانەوێت توندوتیژی لە سووریا بەگشتی زیاد بکات"

بارین مامۆ ئاماژەی بەوەدا، کە هەڤرین خەلەف ئاشتی دەویست و وتی: هەڤرین خەلەف لە گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکانیدا باسی ئاشتی و گفتوگۆی سووریای دەکرد، کە ئەم چەتانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێندراون، دەیانەوێت ئاشتی تێکبدەن و نایانەوێت قەیرانی سووریا کۆتایی پێبێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی ئاشتی دەکەین لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە دەستیان خوێنی گەلی سووریا و خوێنی شەهید هەڤرین خەلەف سوور بووە.

 

"بکوژانی گەلی سووریا بەشداری لە بەڕێوەبەرێتی کاتیدا دەکەن"

بارین مامۆ ڕایگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتی کاتی، گەلی سووریا هیوای خواستبوو بۆ ڕۆژانی نوێ بە ئارامی بژین، بەڵام بەداخەوە دۆخی سووریا خراپتر بووە وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتی کاتی لە سووریا، بینیمان هاوڵاتیانێکی زۆر دەستیان هەبووە لە ڕشتنی خوێنی گەلی سووریا  بەشداری لە بەڕێوەبەرێتی کاتیدا دەکەن، هەروەها پلەیان بەرزکراوەتەوە بۆ سەرکردایەتیکردن، ڕووخانی ڕژێمی بەعس هیوای دروستکرد، چونکە هەمووان دەیانویست لە بەڕێوەبەرێتی نوێدا مافی هەموو هاوڵاتیانی سووریا دەستەبەر بکرێت، بەڵام زۆرێک لەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە ئیدارەی کاتیەوە کردووە، هێشتا کۆمەڵکوژی دڕندانە دژی گەلی سووریا ئەنجام دەدەن، ئیدارەی کاتی دەبێت سزای ئەو کەسانە بدات کە دەستیان لە کوشتنی گەلی سووریادا هەبووە و گەلی سووریاش دەبێت بڕیاری سزادانی ئەو کەسانە دەربکات.