هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز دەستبەسەرکران و قەیوم داندرا

دوای ئەوەی هاوسەرۆکی شارەوانییەکان دەستبەسەرکران، دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە گەمارۆی شارەوانی ئاکدەنیزی دا و ڕایانگەیاند، قەیوم لە شارەوانییەکە داندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٠ی کانوونی دووەم، پۆلیسی دەولەتی تورک لە چوارچێوەی قڕکردنی سیاسیی و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل، سەرەتا هەڵیکوتایەسەر ماڵی هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئاکدەنیزی سەربە مێرسین و دەستبەسەریانی کرد پاشان گەمارۆی شارەوانییەکەی دا.

 

پۆلیس هەڵیکوتایەسەر هەریەکە لە هۆشیار ساریلدز و نووریە ئارسلان، هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز لە پشکی دەم پارتی، هەروەها هەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکە، ئۆزگور چاگلار، حیکمەت باقرخان و نەسلیهان ئۆروچ، هێشتا هۆکاری هەڵکوتانەسەر ئەو ماڵانەوە و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە نەزاندراوە.

 

دوای هەڵکوتانەکە، پۆلیس گەمارۆی باڵەخانەی شارەوانیی ئاکدەنیزی دا.

 

لە بارەی هەڵکوتان و گەمارۆکەی پۆلیسەوە، عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، کە نەیانهێشت بچێتە ناو شارەوانییەکەوە ڕایگەیاند، پۆلیسەکان نەیانهێشت بچینە ناو شارەوانییەکەوە و وتیان کە قەیووم بڕیاری قەدەغەی داوە، قەیووم لە شارەوانیی ئاکدەنیز دانراوە.