هاوپەیمانیی نادا دەربارەی فەرمانی دەستگیرکردنی بەهار عەلی ڕاگەیاندراوێکی بلاوکردەوە
هاوپەیمانیی نادا پشتیوانی خۆی بۆ بەهار کۆشاد عەلی قادر، چالاکوانی بواری ژنان و سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان ڕاگەیاند، ، لەسەر بنەمای ئەو ڕێکارە یاساییانەی لە دژی گیراونەتەبەر.
ناوەندی هەواڵ
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەهار عەلی، چالاکوانی بواری ژنان و سەرۆکی هاوپەیمانی نادا دەرچوو، ئەو فەرمانەش لەسەر سکاڵای مەلا مەزهەر خۆراسانی بووە، لە سکاڵاکەدا هاتووە ناوبراو بێ ڕێزی بە ئاینی ئیسلام کردوە.
هاوپەیمانیی نادا سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنی بەهار کۆشاد عەلی قادر، چالاکوانی بواری ژنان و سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەهار عەلی چەندین ساڵی تەمەنی خۆی تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری، کارکردن لە پێناو چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ، ڕاگرتنی بەهار نیگەرانییەکی قووڵ سەبارەت بە پاراستنی ئازادیی بیروڕا و دەربڕین دروست دەکات، پەیامێکی نائومێدکەر دەنێرێت بۆ سەرجەم داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، توێژەران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و هەر کەسێک، کە مافی خۆی لە بیرکردنەوە، دەربڕین و خستنەڕووی ڕای خۆی بەکاردەهێنێت.
ئاماژە بەوەکراوە، هەڵوێستی ئێمە لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە ڕایەکی دیاریکراو یان پەسەندکردنی هەموو ئەو بابەتانە نییە، کە لە قسەکانی بەهار عەلیدا هاتوون، بەڵکو پشت بە بنەمایەکی نەگۆڕ دەبەستێت کە بریتییە لەوەی: ئازادیی بیرکردنەوە، بیروڕا و دەربڕین مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە، ڕێگەپێنەدراوە سنووردار بکرێت یان بە تاوان سەیر بکرێت بەهۆی جیاوازی لە ڕاوبۆچوون یان لێکدانەوەکاندا.
هاوکات ڕوونیشکراوەتەوە، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و لە پێش هەمووشیانەوە جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی هەر مرۆڤێکیان بۆ باوەڕهێنان بە بیروڕاکان بێ دەستێوەردان و ئازادیی دەربڕین دەستەبەر کردووە.
هاوپەیمانی نادا وتیشی: ئێمە داوای مامەڵەیەکی جیاواز بۆ بەهار عەلی ناکەین، بەڵکو تەنیا داوای ڕێزگرتن لەو مافانە دەکەین، کە یاسا نیشتمانییەکان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆیان دەستەبەر کردووە، لەگەڵ گەرەنتییکردنی مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، پاراستنی کەرامەتی و نەگۆڕینی جیاوازیی فیکری بۆ دۆسیەیەکی تاوانکاری.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کوردستانەی ئەوان بڕوایان پێیەتی، کوردستانی ئازادییەکان، فرەیی، سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤە، نەک کوردستانی ترس یان سنووردارکردنی فیکر، ئەو کۆمەڵگانەی متمانەیان بە خۆیان هەیە، لە ڕاوبۆچوون ناترسن و بە ڕاوەدوونان وەڵامی وشە نادەنەوە، بەڵکو بە گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە یاسا وەڵام دەدەنەوە.
هاوکات هاوپەیمانی نادا داوا لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئازادیی بیروڕا بپارێزن، گەرەنتی ئەوە بکەن کە دەقە یاساییەکان بۆ سنووردارکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەکارنەهێنرێن، ڕێگە نەدەن ئەم دۆسیەیە ببێتە نەریتێک کە لە داهاتوودا لە دژی ئەکادیمیستان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ بەکاربهێنرێتەوە.
لێرەدا ئەو پرسیارەی کە شایستەی وەڵامدانەوەیە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا دەمانەوێت کوردستان نیشتمانێک بێت کە باوەش بۆ فرەیی بکاتەوە و ئازادیی فیکر و دەربڕین بپارێزێت، یاخود کۆمەڵگەیەک بێت کە مرۆڤ تێیدا بترسێت لەوەی ڕای خۆی دەرببڕێت یان پرسیارێک بوروژێنێت؟
لە کۆتایدا دەڵێن: پاراستنی ئازادییە گشتییەکان بەرگریکردن نییە لە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو بەرگریکردنە لە داهاتووی کۆمەڵگە، لە دەوڵەتی یاسا، لەو بەها دیموکراتیانەی کە هەموومان هیوای بۆ دەخوازین.