هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: ئەم هێرش و قوربانیانە ئیرادەمان نالەرزێنێت
لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر باشووری کوردستان، هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێکی سی خاڵی بلاوکردەوەو دەڵێت: ئەم هێرش و قوربانیانە ئیرادەمان نالەرزێنێت و باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕووخانی ئەم ڕژێمە پۆڵاینتر دەکات.
ناوەندی هەواڵ
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
بۆ ڕای گشتی، وڵاتان، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!
ڕژێمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی، سەربازی و ستراتیژییە ئایدۆلۆژییەکانی، جارێکی دیکە پەرەی بە هێرشە موشهکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان داوە، ئەم هێرشانە نیشانەی دەستەوەستانی و لاوازیی ڕژێمە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ٣ خاڵدا بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی ئێستا ڕادەگەیەنێت:
١. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێداگری دەکاتەوە ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە، شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ جیهان نییە؛ بگرە ئەوە ڕژێمی دیکتاتۆرو سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامیه کە تەواوی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە، ئەو شەڕەی ئێستا هەڵگیرساوە، ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان و پاڵپشتیی تێرۆریزمە؛ سیاسەتێک کە دواجار هەم ئێرانی تووشی داڕمانی ئابووری کردو هەم کۆماری ئیسلامیشی بەرەو لێواری ڕووخان بردووە.
٢. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەم قۆناغەی شەڕەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی خاکی عێراقی بەزاندووە و هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج. لەم نێوەدا، زیاتر لە ١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم جینایەتانەدا، تا ئێستا ٢١ کەس شەهید بوون؛ کە ١٠ کەسیان تێکۆشەران و پەنابەرانی ئەندامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانن. ئێمە وێڕای مەحکومکردنەوەی ئەم تاوانانە، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنین و بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەکان، کامپە سیاسییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بە پێشێلکردنی "کۆنڤانسیۆنی ژێنف" و تاوانێکی جەنگی دەزانین. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە وڵاتان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات لە هەمبەر ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان هەبێت.
٣. داوا لە سەرجەم هاونیشتمانییەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەکەین، بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، لەسەر شەقام و لە بەردەم باڵوێزخانەکان و ناوەندەکانی بڕیاردا دەنگی خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەکەمان بن. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێشوازی لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، حزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆگران و لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری بۆ پاڵپشتی لە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەقاودانی تاوانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕایدەگەیەنین ئەم هێرش و قوربانیانە، نەک هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵکو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕووخانی ئەم ڕژێمەو ڕزگاریی کوردستان پۆڵایینتر دەکات.
نەمری بۆ شەهیدان و سەرکەوتن بۆ ڕێگای ئازادی