هاوپەیمانی نادا بەردەوامی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف شەرمەزارکرد
هاوپەیمانی نادا کوشتنی کیژان بورهان لەلایەن باوکییەوە لە سلێمانی مەحکوم کرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون و لێپرسینەوەی یاسایی لە تاوانبار کرد، هەروەها ڕەتیکردنەوەی هەر پاساوێک بە ناوی کەرامەت و داب و نەریتی خێڵەکی کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی سزا.
ناوەندی هەواڵ
ژنان لە کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی هەڵکشانی ترسناکی کوشتن و توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەرمەزارکردنی بەربڵاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، داوای کاراکردنی یاساکانی ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە پاراستنی سیاسی و خێڵەکی بۆ تاوانباران دەکەن لە پێناو پاراستنی زیانبەرکەوتووان و بەدیهێنانی دادپەروەری خێرا.
هاوپەیمانی نادا ٢٥ی تشرینی یەکەم ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە کوشتنی کیژان بورهان و توندوتیژی بەردەوامی دژی ژنان لە کوردستان بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرلەبەیانی ٢٠ی تشرینی یەکەم بڵاوبوونەتەوە، کیژان بورهان، تەمەن ٣٠ ساڵ لە شاری سلێمانی سێ گولـەی لەلایەن باوکیەوە لێدراوە و برینەکەی سەخت بووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، باوکی زیانبەرکەوتووەکە خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە و لەکاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
ڕوونیکردەوە، کە سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بە ناکۆکی پێشووی نێوان باوکەکە و کچەکەی دەکەن، بەبێ گوێدانە پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم تاوانە، هیچ ململانێیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی ناتوانێت پاساو بۆ بردنی ژیانی مرۆڤایەتی بهێنێتەوە، وتی: وەک ئەندامانی هاوپەیمانی نادا، ئەم تاوانە شەرمەزاردەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە کوشتنی ژنان بە هەر ناوێک یان بیانوویەک بێت، پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و مافی ژیان پێکدەهێنێت و ناتوانرێت لە ڕووی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و یاساییەوە پاساوی پێ بدرێت.

ئاماژە بەوە کراوە، لە سەردەمێکدا کە جیهان باس لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دیموکراتیک و ئازادی و ئاشتی دەکات، ناتوانین بانگەشەی ژیان لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و دادپەروەرانەدا بکەین لە کاتێکدا ژنان بەردەوام لە هەڕەشە و توندوتیژی و کوشتندا دەژین بەهۆی هەڵبژاردەی کەسییەوە، هیچ دیموکراتیکیەکی ڕاستەقینە بەبێ ئازادی ژن و یەکسانییەکی تەواو بەبێ سەربەخۆیی ئەوان و هیچ ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی بەردەوام بەبێ پاراستنی مافی ژیان و کەرامەتی ژنان بوونی نییە.
کەرامەتی ڕاستەقینە لە کوێدایە؟
ڕوونیکردەوە، ئەگەر کۆمەڵگە هێشتا کەرامەت و ناوبانگی خێزانی تەنها بە ژن و جەستەیانەوە ببەستێتەوە، ئەوا پێویستە پرسیارێکی بنەڕەتی بکەین، ئەگەر کەرامەت دۆمەینی تایبەتی ژنانە، کەرامەتی پیاو لە کوێدایە؟ ئایا کەرامەت بە کوشتنی ژن دەپارێزرێت؟ یان کەرامەتی ڕاستەقینە لە ڕاستگۆیی و دەستپاکی و دڵسۆزی و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە ژیان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەخۆ و کۆمەڵگە بەرجەستە بووە؟ کەرامەت بەو واتایە نییە کە کەسێک خۆی وەک دادوەر و جەلاد دیاری بکات، و سزای لەسێدارەدان بەسەر منداڵە کچەکەی، خوشکەکەی، هاوژینەکەیدا دەربکات تەنها لەبەر ئەوەی شێوازی ژیانی هەڵبژاردووە کە لەگەڵ خواست و باوەڕەکانیدا ناگونجێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، هیچ پیاوێک یان هەر ئەندامێکی خێزانەکەی مافی ئەوەی نییە بە بیانووی دیار ژیانی ژنێک یان منداڵێکی کچ کۆتای پێبهێنێت، هیچ کەس لە سەرووی یاساوە نییە، کەسیش مافی ئەوەی نییە دەسەڵاتی دادوەری یان دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی کەسانی دیکە بەخۆی بدات، ئەوەی بە ناوی کەرامەتەوە ئەنجام دەدرێت، بەرگریکردن نییە لە بەهاکان، بەڵکو پێشێلکردنی مافی ژیان و پێشێلکردنی یاسا و خراپ بەکارهێنانی ئەو بنەما ڕەوشتی و مرۆڤایەتیانەیە کە کۆمەڵگە لەسەری بونیاد بنرێت.
بانگەوازێک بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و ڕوون
هاوپەیمانی نادا، لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، داوای لە دەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە لە پێش هەموویانەوە داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سەربەخۆ و بێلایەنانە و ڕوون لەم تاوانە ئەنجام بدەن و بارودۆخی خۆی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و کەرامەتی مرۆیی زیانبەرکەوتووەکە و خێزانەکەی کراوەتەوە، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی خێزانی، خێڵەکی، سیاسی، کۆمەڵایەتی کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی دادپەروەری هەبێت یان سەروەری یاسا تێکبدات، هەروەها تاوانبار لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر تاوانەکە بسەلمێنرێت، لە ڕێگەی بڕیارێکی دادوەری دادپەروەرانە بەپێی یاسا، هیچ پاساوێکی پەیوەست بە کەرامەت یان داب و نەریت بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتی تاوانکاری بەکارنەهێنرێت.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داواکراوە ڕێوشوێنی جددی حکومی و دامەزراوەیی بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی بگیرێتەبەر، کە ئەمەش بریتییە لە چالاککردنی میکانیزمەکانی پاراستن، وەرگرتنی سکاڵا، دابینکردنی پەناگە و پاڵپشتی یاسایی و دەروونی، هەروەها بەهێزکردنی ڕۆڵی بەرپرسیارانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پەروەردەیی، ڕاگەیاندن و دامەزراوە ئاینییەکان لە گۆڕینی ئەو بیرۆکە و پراکتیکانەی کە پاساو بۆ توندوتیژی دژی ژنان بە ناوی کەرامەت و نەریتەوە دەهێننەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ژنکوژی تەنها لە سزادانی تاوانباراندا سنووردار نییە، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵە لە هۆشیاریی کۆمەڵگە و دامەزراندنی کولتووری یەکسانی و چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و کۆمەڵایەتیکردن و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاساکان، هەروەها ڤەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ کیژان بورهان سەرکەوتنێکە بۆ دادپەروەری بۆ هەموو ژنێک کە ژیان و ئازادی و کەرامەتی لە مەترسیداییە.