هاوپەیمانی ١٨٨: پەسەندکردنی هەموواری یاسای باری کەسیی بڕیارێکی نامرۆڤانەیە
دژی پەسەندکردنی هەموواری یاسای باری کەسیی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هاوپەیمانی ١٨٨ی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامداو وتیان: بڕیارێکی نامرۆڤانەیە و سەودا و مامەڵەی بە ژیانی تەواوی کۆمەڵگەی عێراقەوە کرد، بەتایبەتی منداڵان و ژنان.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢١ی کانوونی دووەم، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق پرۆژەی پێشنیازکراوی هەمووارکردنەوەی یاسایی باری کەسیی عێراق ژمارە ١٨٨ـی ١٩٥٩ لە دوای سێ جار خوێندنەوە پەسەند کرا، پەسەند کردنەکەش لە بەرامبەر پەسەند کردنی پرۆژەیاسایی لێبووردنی گشتیی و پرۆژەیاسای گەڕانەوەی مۆڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەوانە کورد و تورکمانەکان بوو، ئەوەش لە لایەن ژنانی چالاکوانان و کۆمەڵگەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە ڕێککەوتنی سیاسیی ناوی دەبن.
ئەمڕۆ، لە بەردەم نووسینگەی پەڕلەمانی عێراق لە سلێمانی، دژی پەسەندکردنی هەموواری یاسای باری کەسیی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هاوپەیمانی ١٨٨ـی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامداو ڕازاو گوڵی، ئەندامی هاوپەیمانی ١٨٨ بەیاننامەی هاوپەیمانێتییەکەی خوێندەوە و کە تێیدا هاتبوو، “دوێنێ عێراق بە ڕێککەوتنی حزب و کوتلە جیاوازەکان، سەودا و مامەڵەی بە ژیانی تەواوی کۆمەڵگەی عێراقەوە کرد، بەتایبەتی منداڵان، نێوجەوانان، ژنان و خێزان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەناوخۆی عێراق و کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەریی ئەنجامدرا و یاداشت بۆ پەڕلەمانی عێڕاق نێردراوە و ناڕەزایەتی زۆر بەهێزی ڕێکخراو، بەڕوونی لێکەوتە و کاریگەریتە نەرێنییەکانت خراونەتەڕوو، لە هەمانکاتدا مەترسی دەرچوونی یاساکە لە ناو یاساناسان، دادوەران و پارێزەران خرایەڕوو کە یاسایەکی لەم چەشنە چەندێک کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەبات، ژیانی سەلامەتی منداڵان و نێوجەوانان، ژنان و خێزان دەخاتە مەترسییەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەداخەوە تەوژمی کۆنەخوازی و پیاوسالاری بەخێرایی پرۆژەکەیان پێشخست و دەنگیان بە یاسایەک دا کە تەنانەت بۆ سەدەکانی ناوەڕاستیش گونجاو نییە، کە ئەمەش دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و شەرمەزاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەوەشخرایەڕوو، لە ڕێگەی ئەم هەمووارەوە دەست خراوەتە سەر دوو بڕگە، کە یەکێکیان ماددەی دووە و تێیدا باس لە گەڕانەوە بۆ مەزهەبی شیعی و سونی دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرتبوونی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای مەزهەب.
هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی پێنج لە ماددەی ١٠ـدا کە تیایدا ڕێگری لە هاوسەرگیرییەک دەکات کە لە دەرەوەی دادگا بکرێت، ئەم یاسایەش ماوەی ١٥ ساڵە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکات، بەڵام یاسای باری کەسیی حکومەت ناچاردەکات کە هەموو هاوسەرگیرییەک لە دەرەوەی دادگا پەسەند بکات و هیچ دەسەڵاتێک بۆ دادوەر و دادگا ناهێڵێتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک هاوپەیمانی ١٨٨ـی شاری سلێمانی سەرکۆنەی ئەم بڕیارە دەکەین و بە یەکێک لە نامرۆڤانەترین یاساکانی ئەم سەردەمە دایدەنێین، لەلایەکی دیکەوە ئەم یاسایە پێچەوانەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی منداڵ و مافی مرۆڤە، ئەم کارەش پێشێلکردنی سەروەری یاسایە، لە هەمان کاتدا یەکەمین جارە لە پەرلەمانی عێراق سێ پرۆژە بەیەکجار دەنگی لەسەربدرێت، کە ئەم کارەش پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە.