هاندانی گروپە کۆنەپەرەستەکان دژی ژنان لە بۆنە کولتوورییەکان لە سەروبەندی نەورۆزدا

لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز و گەشەسەندنی ڕێوڕەسمە کولتوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چڕبوونەوەی هێرشەکانی گرووپە کۆنەپەرستەکان دژی ئازادی جلوبەرگی ژنان کەشێکی نیگەرانکەر و دوو جەمسەری لە کۆمەڵگەدا دروستکردووە.

مەهتاب شەریفی

 

ورمێ- لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمی کولتووری، هەڵپەڕکێی فۆلکلۆر، خوێندنەوەی هۆنراوەر و مۆسیقای نەریتی گەشە دەکەن، ئەم ڕێوڕەسمانە کە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمە کۆنەکانی ناوچەکەدا هەیە، هەمیشە دەرفەتێک بوون بۆ دەربڕینی شوناسی کولتووری و ئاهەنگگێڕان بە هاودەنگی کۆمەڵایەتی، لەم ساڵانەی دواییدا بوونی ژنان بە جلوبەرگی خواستی خۆیان و بێ حیجابی ئیجباری لەم بۆنانەدا وەک نیشانەیەکی ڕوونی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن و نۆرمە سەپێندراوەکانی کۆماری ئیسلامی سەیر دەکرا.

 

چاوپێکەوتن و پرسیارمان لەگەڵ ژیلا.س کە "ناوێکی خوازراوە" چالاکوانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە ڕێکخەرانی مەراسیمەکانی نەورۆز لە ساڵانی ڕابردوودا کرد.

 

-سەرەتا پێمان خۆشە پاشخانی مێژوویی و گرنگی ڕێوڕەسمە کولتوورییە کوردییەکان ڕوون بکەنەوە، بۆچی ئەم ڕووداوانە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە گرنگن؟

گەلی کورد ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی کولتووری سەدان ساڵ لەمەوبەر، تەنانەت پێش ئیسلامیشی بە میراس گرتووە، زۆرێک لەو ڕێوڕەسمانانەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبینین، ڕەگ و ڕیشەی لە نەریت و بیروباوەڕی دێریندا هەیە، لەوانە ڕێوڕەسمی زەردەشتی کە لە مێژە پەیوەست بوون بە سروشت و خولگەی وەرزەکانەوە، نموونەی وەک پیرشالیار، بیلاندانە، و ئەوەی لە هەندێک بواردا بە "کورده به شاخ" ناسراوە، تەنها چەند دانەیەک لەم گەنجینەی سەد ساڵەیە. گرنگی ئەم ڕێوڕەسمانانە لە کۆبوونەوەیەکی سادە تێدەپەڕێت، چونکە لەناو ئەواندا شوناسی بەکۆمەڵ و پەیوەندی بە سروشت و نەریتی قووڵی کوردییەوە دەردەکەون. کاتێک ڕێوڕەسمەکانی ئەم سەردەمە بەڕێوەدەچن، لە ڕاستیدا بەردەوامیی یادەوەری مێژوویی و کولتووری نەتەوەیەک دیاری دەکەن."

 

-ڕۆڵی ژنان لەم ڕێوڕەسمە کولتوورییانە چییە و بۆچی دەڵێن لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر بەرچاو کەوتووە؟

"ە ڕابردووەوە ژنان بەشێکی گرنگی ئەم ئاهەنگانە بوون؛ بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بوونیان فۆرمێکی نوێی وەرگرتووە، جگە لە بەشداریکردن لە چالاکییە هونەریەکان، وەک هەڵپەڕکێ، ژەنینی مۆسیقا، یان نمایشکردن، پرسی پەردەپۆشکردنی خواست و نەهێشتنی حیجابی زۆرەملێ ئێستا تامێکی ناڕەزایەتی بەم ئامادەبوونە بەخشیوە، لە ڕاستیدا ئێمە شاهیدی خواستێکی ئازادی و جۆرێک لە ئارەزووی عەلمانییەت لە کۆمەڵگەی کوردیداین، کە ژنان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی جلوبەرگەکانیانەوە یان بەبێ حیجابی زۆرەملێ گوزارشتیان لێدەکەن، هەڵپەڕکێ و مۆسیقا و هۆنراوە  لێرەدا تەنیا هونەر نین؛ "ئەوان زیاتر هاوارێکی ناڕەزایەتین کە هەم هێزی ژنان و هەم خواستی کۆمەڵگە بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی نۆرمەکانی سەپێندراو نیشان دەدەن.

 

-ئەو ژینگە کولتوورییە دینامیکییەی کە باسی دەکەیت، وادیارە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندڕەوەکانیش بووەتەوە، ئەم گروپە کۆنەپەرستانە چۆن کاردەکەن و چ شێوازێک بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە؟

بەداخەوە گرووپە ئایینییە توندڕەوەکان، وەک سەلەفیەکان و ئیخوانەکان کە لەلایەن حکومەتە ناوچەییەکان و تەنانەت پێکهاتە فەرمییەکانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بە توندی دژایەتی ئەم ئازادییە دەکەن، مینبەر و پەڕەکانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان پڕن لە وتار و پەیام کە باس لە شەرەف و کەرامەت و زەوق و حەیا و حورمەت دەکەن، بەم چەمکانە ئامانجیان هەستیارکردنی پیاوان لە بنەماڵەدا بۆ ئەوەی دژایەتی ئامادەبوونی ئازادانەی ژنان لەو ئاهەنگانەدا بکەن. "زەلیلکردن، هەڕەشەکردن، سووکایەتیکردن و نەفرەتکردن ئامرازێکن کە بەکاریدەهێنن بۆ دروستکردنی کەشێکی ترس و دووفاقی، بەمەش ژنان ڕادەگرن".

 

-ئەگەر ئەم ڕق و فشارە بەردەوام بێت، پێتوایە چ دەرئەنجامێکی بۆ ژنان و بۆ کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی دەبێت؟

واقیعەکە ئەوەیە کە بەردەوامی ئەم پڕوپاگەندەیە و بڵاوبوونەوەی کەشێکی ژەهراوی دەتوانێت ئازادی ژن چ لەسەر ئاستی خێزان و چ لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا سنووردار بکات، کاتێک ژنان دەبینن کە ئامادەبوونیان لەو مەراسیمانەدا سووکایەتی و هەڕەشەی لەگەڵدایە، ئەگەری هەیە هەندێکیان بکشێنەوە یان ڕووبەڕووی فشاری خێزانی ببنەوە، ئەم ڕەوتە لەلایەک بەشداری ژنان لە دیمەنە کولتوورییەکاندا لاواز دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە مەترسی جەمسەرگیری ژینگەی کۆمەڵایەتی نێوان چینە ئاینییە توندڕەوەکان و کۆمەڵگەی عەلمانی زیاتر دەکات"

 

-چی دەکرێت بەرامبەر ئەم هەڕەشانە؟ چ ستراتیژێک پێشنیار دەکەیت بۆ پاراستنی ئازادی ژنان لە جلوبەرگ و ئەنجامدانی بۆنە کولتوورییەکان؟

بە بۆچوونی من هۆشیارکردنەوەی خەڵک گرنگترین کارە کە پێویستە بیکەین؛ چ لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چ لەسەر ئاستی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بە ئاشکراکردنی ڕەفتاری توندوتیژی یان جیاکاریی گروپە توندڕەوەکانی ئایینی و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەو گروپانە، دەتوانین فشاری کۆمەڵایەتی دژی توندڕەوەکان دروست بکەین، هەروەها هەوڵدان بۆ پاراستنی هاودەنگی لە بەڕێوەبردنی ئەم مەراسیمانەدا زۆر گرنگە، کاتێک کۆمەڵگە دەبینێت زۆرێک لە ژن و پیاوان پێکەوە وەستاون بۆ بەرگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین و شوناسی کولتووری، ئەوا ملکەچی کەشوهەوای تۆقاندن نابێت، لەم نێوەندەدا پشتیوانی دەتوانێت دۆخەکە بە قازانجی ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی کولتوور بگۆڕێت.

 

-لە سەروبەندی نەورۆزدا شاهیدی لوتکەی ئەم مەراسیمە کولتوورییانەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە، ئایندە چۆن دەبینیت و پێتوایە تا چ ڕادەیەک ژنان دەتوانن بەسەر ئەو سنووردارکردنانەدا زاڵ بن؟

لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز، ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە ژنان بە جلوبەرگی خۆیانەوە دەچنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز دەڵێن "نا" بۆ حیجاب و ئاسمیلەکردنی ناچاری"، ئەم دیاردەیە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێیە قووڵەیە کە لەسەر ماف و شوناسی کولتووری ژن هەیە، پێموایە درێژەدان بەم بەرەنگارییە نەک هەر ڕێوڕەسمە کۆنەکان دەپارێزێت، بەڵکو هیوایەک بۆ ژینگەی کۆمەڵایەتی کراوەتر دەهێنێت، ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی بە وریاییەوە بمێنێتەوە و دژ بە پڕوپاگەندەی ڕقاوی گروپە کۆنەپەرستەکان مامەڵە بکات، داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ ژنانی کورد و نەوەی نوێ دەبیندرێت، لە شوێنێک کە ناسنامەی کورد و عەلمانی زیاتر پتەوتر دەبێت، کە ژنان ئازادی جلوبەرگ و بوونیان بۆ دابین دەکرێت.