ژمارەیەک هاوڵاتی بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا

شەپۆلێکی گەرما ژمارەیەک وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و مەکسیکیش یەکێکە لەو وڵاتانەى ئەو شەپۆلە ڕوویتێکردووە، بەهۆیەوە ٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەى چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەهێزی گەرما ژمارەیەک وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و لە مەکسیکیش ئەو شەپۆلە گەرمایە زیانی بە چەندین هاوڵاتی گەیاندووە.

 

لەوبارەیەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی مەکسیک  ڕایگەیاند، شه‌پۆلێکی گەرمای بەهێز ڕووی لە وڵاتەکە کردووە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆی شەپۆلی گەرماوە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەى ١٠٠٠ کەسی دیکە دۆخی تەندروستییان تێکچووە و ڕەوانەى نەخۆشخانە کراون.

 

لەلایەکی دیکە فەرمانگەی ژینگە و فریاگوزاری مەکسیک بڵاویکردەوە، لە بەشێکی دیکەى وڵاتەکەیان بەهۆی بارانبارین و تەرزەوە لافاو درووست بووە و زیانی زۆر ماددی لێکەوتووەتەوە.