ئەنجومەنی گەلی عەفرین و شەهبا: بڕیارمان داوە ناوچەی گەمارۆدراو چۆڵ بکەین
ئەنجومەنی گەلی عەفرین و شەهبا بڕیاری چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەی دا کە لەلایەن چەتەکانەوە دەورە دراوە، ئەنجومەنەکە وتی: دەرچوونمان لە شەهبا بەو واتایە نییە کە وازمان لە بەرخۆدان هێناوە، خەبات بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی گەلی عەفرین و شەهبا لە بارەی بارودۆخ و چۆڵکردنی ناوچەکەیان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی تل رەفعەت و شەهبا، لەم ڕۆژانەدا هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین بۆ پاراستنمان، بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان نیشان دا، بۆ ئەوەی گەلەکەمان تووشی کۆمەڵکوژی نەبێت، بۆ ئەوەی کەسانی بێتاوان نەکوژرێن، بڕیارمان دا لەو ناوچەی کە لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە گەمارۆ دراوە، دەربچین.
بە دڵنیاییەوە جەخت دەکەینەوە کە دەرچوونمان لە هەرێمی شەهبا بەو واتایە نییە کە وازمان لە بەرخۆدانی خۆمان بۆ ڕزگارکردنی عەفرین هێناوە؛ بەڵکو لە ساڵانی دواییدا هەموو مەرجە سەختەکانمان لە کامپەکاندا قبووڵ کردووە و لە ئێستاوە تێکۆشانی ئێمە بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت، ئێمە هەموو هەوڵەکان دەدەین بۆ ڕزگارکردنی خاک و نیشتیمانمان لە داگیرکەران.
سوپاسی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین دەکەین کە تا کۆتایی پاراستیانین بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی و کەرامەت بژین، فیداکارییان کرد.