"تا چارەسەرکردنی وڵاتەکەمان درێژە بە خەباتی مەدەنیمان دەدەین"

ژنانی سوەیدا لە گۆڕەپانی کەرامەت بەردەوامن لە ناڕەزایەتی و داوای مافەکانیان دەکەن، سەرەڕای پەراوێزخستن جەخت لەسەر بەردەوامیی خەباتی مەدەنییان دەکەنەوە.

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- خەڵکی شاری سوەیدا لە سووریا دوێنێ لە گۆڕەپانی کەرامەت کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەربڕی، هاواری ئازادی و کەرامەتیان بەرز کردەوە و بە دروشمەکانیش داوای ئاشکراکردنی بارودۆخی بێسەروشوێنکراوەکانی زۆرەملێ و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان دەکرد.

 

نەبیە شوفی، ژنێکی بەساڵاچوو خەڵکی شارۆچکەی سەلخەد، کە سەرەڕای نەخۆشی و بە تەمەنییەکەی بەشداری ناڕەزایەتییەکەی کرد، وتی: برسێتی و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری هۆکاری سەرەکین بۆ هاتنە سەرشەقاممان، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا داواکارییەکانما زیادی کردووە، داوا لە هەموو سوورییەکان دەکەم بێنە گۆڕەپانەکان و داوای مافە دزراوەکانیان بکەن.

 

رەحاب کەمالەدین وتی: ڕژێمی سووریا زیانی بە ڕۆڵی ژنان گەیاند لە کۆمەڵگەدا، لە یاسا ناڕەواکانەوە دەستی پێکرد، ژنان بوێری ئەوەیان نەبوو بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و ژنان پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانن، چونکە ژنان زیاتر ئاگاداری مافەکانیان بوون و زیاتر بوێرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانە حکومییەکان کە پێشتر بەخۆڕایی چارەسەریان دەکرد، ئێستاش وەک نەخۆشخانە ئەهلیەکان پارە وەردەگرن، گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە، ڕژێم سووریای لەناوبردووە، ئێمەش بەردەوامین تا وڵاتەکەمان چاک دەبێتەوە.

 

دیمە ئەبو ئیسماعیل وتی: ئێمە درێژە بە بزووتنەوەکەمان دەدەین تا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان بەدی دێت، سەرەڕای هەوڵی ڕژێم بۆ پەراوێزخستنمان، ژنان خۆیان و توانای پێشەنگایەتییان لە ڕێگەی بوونی خۆیان لە گۆڕەپانەکەدا سەلماندووە.