بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق وەستانەوە

بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕەخنە لە هەموواری یاسای باری کەسێتی عێراق دەگرن و پێیان وایە زیندووکردنەوەی داب و نەرتی کۆن و گەشەدانە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادی حزبی شیوعی کوردستان لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتانی کوردستان دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق خوێندرایەوە.

 

بەیاننامەکە لەلایەن دایکی پەرچەم، ئەندامی حزبی شیوعی کوردستانەوە خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو، "ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە یاسایەکی بۆ لە گۆڕنانی یاسای باری کەسێتی لە عێراق ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ ئامادەکردووە، ئەمەش بە هەوڵدانی تاقمی نوێی سیاسی لە عێراق بە ئاڕاستەی نوێکردنەوەی ئەم یاسایە ئامادە کراوە، بوونی یاسایەکی باری کەسێتی یەکگرتوو لە دەوڵەتی عێراقدا کە مەڵبەندی سەرەکی ژنانی ناوچەکەیە شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنە، کە بە ئاڕاستەی نەهێشتنی یاسای باری کەسێتی دەکرێت و سەرجەم ئەم هەنگاوانەش بە هەمووارکردنە مەدەنییەکان دەکرێت.

 

ژنانی ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە هەمووارەکەی مافی ژنان پارێزراو نییە و ئاڕاستەیە بۆ گەڕاندنەوەی دابونەرتی کۆن و مەزهەب و ئەقڵیەتی پیاوسالارییە، لە ئێستاشدا کار بۆ سەپاندنی ئەقڵیەتی ڕابردوو دەکەن، ئەو یاسایە لە میانەی پێویستی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هاتووەتە کایەوە، لە ڕێنماییەکانی ئەو یاسایەدا هاتووە، فرەبوونی سەرچاوەکانی دادگا و جیاوازی حکومڕان سەبارەت بەم بوارە نا ئارامی و لە ژیانی خێزاندا دروست دەکات، مەترسی گەورە لەسەر تاک و کۆمەڵگە دروست دەکات.

 

لە کۆتاییدا دەڵێن: ئێمە لە ڕێکخراوەکانی ژنان پشتگیری لە مانەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دەکەین، بە پێی ئەم هەمووارکردنە، نەک تەنها لە ژیانی هاوسەرگیریدا، بەڵکو لە پاش ژیانی هاوسەرگیری و لە دوای جیابوونەوە کێشەی میرات و منداڵ دروست دەبێت، جگە لەمەش هانی پیاوان دەدات بە شێوەیەکی ساختە گۆڕانکاری لە مەزهەبی خۆیدا ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی لە بوونی کێشە و جیابوونەوە کەمترین مافی ژنان دابین بکرێت.