ناسەقامگیری لە هایتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی توندوتیژی سێکسی دژی ژنان

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیکردەوە کە ناسەقامگیری لە هایتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی سێکسی دژی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بارودۆخی ژیان و نائەمنی ترسناک نیشان دەدات کە ڕووبەڕووی ٣٠٠ هەزار ژنی ئاوارە بووەتەوە لە هایتی، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسی و بەرزبوونەوەی توندوتیژی باندەکان.

 

بەو پێیەی لە هایتی ٥٨٠ هەزار ئاوارەی ژن هەیە کە دەکاتە لە٪٥٤، هەڵسەنگاندنێکی نوێی خێرای جێندەری کە لەلایەن ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدراوە، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کامپە کاتییەکان پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکانیان نییە و ژنان بە تایبەتی ڕووبەڕووی توندوتیژی و مەترسی سێکسی بوونەتەوە چونکە لەو کامپانەدا بنەمای جێندەری بوونی نییە.

 

ڕاپرسییەکە کە لە شەش شوێنی پڕ دانیشتوو و هەمەچەشن بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ لە پایتەخت ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە زۆربەی کامپەکان پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ژووری نوستن، دەستشۆر، ڕووناکی و قوفڵیان نییە.

 

هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە زۆربەی کامپەکاندا وەک تاکتیکێکی بە مەبەست بۆ کۆنترۆڵکردنی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییە کەمەکانی ژنان ئەنجام دەدرێت و تەنها لەسەدا ٢ی ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە ڕایانگەیاندووە کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بەڕێوەبردنی شوێنەکانی نیشتەجێبووندا هەیە.

 

سیما باحوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە حکومەتی تازە دەستنیشانکراو کرد کە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و وتی: ئاستی نائەمنی و دڕندەیی، لەوانەش توندوتیژی سێکسی، کە ژنان بەهۆی باندەکان لە هایتی ڕووبەڕووی دەبنەوە لەوپەڕیدایە، بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەوەی حاڵەتەکان زیاد نەبن پێویستە پێداویستییەکانی ژنان دابین بکرێت.

 

لە کاتێکدا توێژینەوەکە دەریخستووە کە زیاتر لە ٨٨٪ی ئەو ژنانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان لە کامپەکاندا نەبووە، هەروەها نزیکەی ١٦٪ی ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە وتوویانە کە هەست بە ترس، هەراسانکردن، یان زەبر و زەنگ لەلایەن باندە چەکدارە توندوتیژەکانەوە دەکەن و نزیکەی ٪٧٠ ڕایانگەیاندووە، بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، تەنها ٪١٠ی ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ڕایانگەیاندووە کە دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ناو  کامپەکاندا گەیشتووە.