ژن نیوز: لە مانگی ئایاردا ٣٤ ژن کوژراون

بەپێی داتاکانی ژن نیوز؛ لە مانگی ئایاردا ٣٤ ژن و ٨ منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ١٨ ژن و ٢ منداڵیش بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی هەموو ڕۆژێک ژنێک دەکوژرێت یان وەک 'مردنی گوماناوی' تۆمار دەکرێت. پیاوانیش بە سیاسەتی بێ سزا دەپارێزرێن، ژنان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ژن نیوز  لە هەواڵەکانی میدیاکانەوە کۆیکردووەتەوە، لە مانگی ئایاردا ٣٤ ژن و ٨ منداڵ کوژراون، ١٨ ژن و ٢ منداڵیش بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

بکوژان کەسە نزیکەکانی ژنانن

لە کوشتنی ژناندا تاوانباران ئەو پیاوانە بوون کە لە ژنەکانەوە نزیکترینن، ١١ ژن لەلایەن ئەو پیاوەی هاوسەرگیریان لەگەڵ کردوون کوژراون، ٣ ژن لەگەڵ ئەو پیاوەی لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوون، ٢ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی کە جیابوونەتەوە، ٦ ژن لەلایەن ناسیاوەکانیانەوە، ژنێک لەلایەن باوکیەوە. ٣ ژن لەلایەن منداڵەکانیانەوە، ژنێک بە دەستی زاواکەی و ژنێکیش لەلایەن براکەیەوە کوژراوە، تۆمەتباری کوشتنی ژنێک تا ئێستا دەستنیشان نەکراوە و دوو ژنی دیکەش دیار نییە لەلایەن کێوە کوژراون.