دانیشتنی دادگای وریشە مورادی بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەر هەڵوەشایەوە

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دانیشتنی دادگای وریشە مورادی بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەرەوە هەڵوەشایەوە و بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، دانیشتنی دادگای وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، کە بڕیاربوو دوێنێ، ٩ی نیسان لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب لە تاران، بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەر "عەموزاد" هەڵوەشێنراوەتەوە و دواخراوە بۆ کاتێکی تر.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەڵاواتی" سەبارەت بە دانانی دانیشتنی دادگا لە ٩ی نیسان ئاگادارییەکی بۆ پارێزەرانی وریشە مورادی ناردبوو. بەڵام دوێنێ، دوای ئەوەی وریشە مورادی لە بەندی ژنانی زیندانی ئەڤینەوە گواسترایەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی و بە ئامادەبوونی پارێزەران، دادوەر سەڵاواتی ڕایگەیاند کە بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەر عەموزادی دادوەری دووهەمی ئەم لقە، دانیشتنی دادگا بۆ کاتێکی تر دوادەخرێت.

 

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر دوو جار لە لقی ٥ی دادگای گشتی و شۆڕشگێڕی تاران ئامادە بووبوو، دوای دەرکردنی تۆمەتەکەی، دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵاواتی کرا.

 

وریشە مورادی سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٢٣ کاتێک چووەتە ناو شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە و دوای دوو هەفتە لێپرسینەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گوازرایەوە.