پەیامی ژنان لە نەورۆز شەنگالەوە: ئێمە سەرمان نەوی ناکەین

ژنانی شەنگال کە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شەنگال کرد، ڕایانگەیاند، لە هیچ کاتێکدا سەرمان نەوی ناکەین

شەنگال

 

فێستیڤاڵی نەورۆز لە دۆڵی کرسێی شەنگال بە پەیامی بەرخۆدان و داگیرساندنی ئاگری نەورۆز دەستی پێکرد، ژنان بە جلوبەرگی نەریتی خۆیان دیمەنەکان نەورۆزیان ڕەنگ کرد، لە گۆڕەپانی نەورۆز پەیامەکانی بەهێزکردنی خەبات دژی داگیرکاری و گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دران.

 

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزدا کردبوو، بۆچوونی خۆیان باسکرد.

 

"سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە، ئێمە جەژنی نەورۆز دەگێڕین"

وەلات جانۆ، ئەندامی ئەنجومەنی بۆریک وتی: جەژنی نەورۆز لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین، دڵخۆشین بە ئاهەنگی ئەمڕۆ و ڕۆژێکی پڕ خێر و بەرەکەتمان هەیە، نەورۆز ڕۆژی سەرهەڵدان و خۆڕاگرییە، دوژمن چەندە هێرش بکاتە سەرمان و هەوڵی لەناوبردنی بدات، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە و جەژنی نەورۆزمان دەگێڕین، سەدان شەهیدیش بدەین دەستبەرداری نەورۆز نابین و جەژنی نەورۆز و هەموو ڕۆژە گرنگەکانی ساڵ یاد دەکەینەوە، هیوادارم ئەم نەورۆزە نەورۆزی سەرکەوتن و ئازادی بێت.

 

"هیوادارین ساڵی داهاتوو لەگەڵ دیلگرتووەکانمان ئاهەنگی نەورۆز بگێڕین"

نور شەنگالی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ وتی: نەورۆز ڕۆژێکی جوانی کۆبوونەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتییە، جوانییەکەی لەوەدایە کە لە بەهار دایە، ئێمە وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی پێش فەرمانەکە جەژنی نەورۆزمان نەدەکرد، بەڵام ئێستا ساڵانە ئاهەنگ دەگێڕین و هەموو ئێزدییەکان دێنە دەرەوە و پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن.، جەژنی نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ئێزدییەکان و کچەکانمان کە دیلن، پیرۆز بێت، هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا کچە دیلەکانمان ببینین و پێکەوە ئاهەنگ بگێڕین.